بەنداوەكانی توركیا قەیرانی كەم ئاوی لەعێراق دروستدەکات

جیهان 05/08/2020

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، عەونی زیاب، رایگەیاند لە ئایندەیەکی نزیکدا گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیا لەبارەی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات دەستپێدەکەن.
عەونی زیاب ئاشكرایكرد، رێژەی ئاو لە هەردوو رووباری دیجلە و فورات لە چەند ساڵی رابردوودا رووی لە کەمی کردووە.
زیاب ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد هۆکاری کەمبوونەوەی رێژەی ئاو لەهەردوو رووبارەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ کەمی بارینی باران و گۆڕانی گەشوهەوا.
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتیشی: "سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، مەهدی رەشید حەمدانی راسپاردووە بەمەبەستی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ تورکیا لەبارەی پشکی ئاو لەهەردوو رووباری دیجلە و فورات".
عەونی زیاب جەختی لەوە کردەوە کە عێراق پێویستی زۆری بە ئاو هەیە، و نەگەیەشتن بە رێکەوتن زیانێکی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
زیاب ئاماژەی بەوەشکرد کە هەردوولا لەبارەی ئەم پرسەوە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە گفتوگۆکانیان دەستپێدەکەن.
ئاوی هەروو رووباری دیجلە و فورات لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیاوە هەڵدەقوڵێت و له‌ خاکی سووریاوە دێنە ناو خاکی عێراق و لەناوچەی قوڕنە باشووری عێراق بەیەکدەگەن و دەڕژێنە شەتولعەرەبه‌وه‌.
دیجلە و فورات بە سەرچاوەیەکی سەرەکی سەرچاوەی ئاو لە عێراق دادەنرێت، بەڵام ئاستی ئاوی هەردوو رووبارەکە بەهۆی کەمبوونەوەی بارینی باران و گۆڕانی کەشوهەوا کە جیهان پێیدا تێپەڕدەبێت، رووی لە کەمبوونەوە کردووە.
هاوکات عێراق سوود لە ئاوی رووباری دیجلە و فورات بۆ وزەی کارەبا و کشتوکاڵ وەردەگرێت.
لە بەرامبەردا ئەنقەرە نەرمی نواندووە لەبارەی داواکاری بەغدا لەبارەی ئاوی هەروو رووبارەکە، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین جار گلدانەوەی ئاو و پڕکردنی بەنداوی "ئڵسو"ی لەسەر رووباری دیجلە دواخستووە.