دەستەی دەروازەی سنووریەكان داوایەك لەحكومەتی هەرێم دەكات

عێراق 30/07/2020

چاودێر
دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق، بڕیاریدا پێشنیارێك ئاڕاستەی بەرپرسانی باڵای عێراق بكات، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ناچار بكرێت، دەروازە سنوورییەكانی پەیوەست بكات بە حكومەتی عێراقەوە.   
 دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەراگەیەندراوێكدا، ئاشكرایكردووە، لەكۆبوونەوەیەكیاندا گفتوگۆییان سەبارەت بە چەند تەوەرێك كردووە، لەوانە پرسی پشكنینی شتومەك و گەشتیاران بۆ ڕێگریكردن لەقاچاخاچێتیكردن، بەتایبەتی قاچاخچێتی بەماددە هۆشبەرەكان و لەو بارەیەوە پێشنیاری بەكارهێنانی سەگی پۆلیسی جۆری (كەی 9) كراوە.   
هاوكات جەخت لەوەشكراوەتەوە: ئەندامانی دەستەكە لەسەر هەڵبژاردنی دەروازە كارا و عەمەلییەكان ڕێككەوتوون لەبواری هاتنە ناوەوە و چوونە دەرەوەی گەشتیاران و  پێشكەشكردنی لێكۆڵینەوەیەك لەئایندەدا لەبارەی بازگەكانی پشكنین لە دەروازە سنورییەكان.  
دەستەی ناوبراو، جەختیشیكردۆتەوە: پێشنیارێك ئاڕاستەی بەرپرسانی باڵا كراوە بۆ پابەندكردنی حكومەتی هەرێم، بەبڕیاری ژمارە 13ی ساڵی 2019 بۆ بەستنەوەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بە دەروازە سنوورییەكانی عێراقەوە و رێكخستنەوەی ڕێوشوێنە گومرگییەكان.