چیرۆكی پشت چەند وێنەیەكی مێژوویی تۆپی پێ (3)

وەرزش 26/04/2020

ئامادەكردن: د. كۆیار شێركۆ

هاندەرێكی توڕەی بەرازیل پاش شكستە مێژووییەكەیان بەرامبەر ئەڵمانیا 
مۆندیالی 2014

لە مێژووی تۆپی پێدا، كەمن ئەو یارییانەی هاوشێوەی یارییەكەی نێوان بەرازیل و ئەڵمانیا لە مۆندیالی 2014 توشی سەرسوڕمانت دەكەن. كە لە خاكی بەرازیلدا، بە ئەنجامی 7-1 لە بەرژەوەندی ئەڵمانیا كۆتایی هات. بۆ خەڵكی بەرازیل، ئەمە یەكێك بوو لە قورسترین یارییەكان لە مێژووی هەڵبژاردەكەیاندا، هاوشێوەی ئەو یارییەی لە یاری پێش كۆتایی مۆندیاڵی 1950 بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای بە ئەنجامی 2-1 توشی شكست هاتن، لەسەر یاریگای خۆیان. 

كاتێك ناوبژیوان فیكەی كۆتایی لێدا، لۆرێنس گریفسی فۆتۆگرافەر بە دوای وێنەیەكدا دەگەڕا كە بە تەواوی سەختی ئەم شكستە نیشان بدات. كاتێك لە تەنیشتی یەكێك لە هێڵەكانی یاریگاوە وەستابوو، چاوی چووە سەر هاندەرێك، كە خۆی نوشتاندبووەوە و دەیویست سەرنجی لۆرێنس ڕابكێشێت. 

گریفس دەڵێت: "باش لە یادمە، لەو كاتەدا زۆر بێزاربووم پێی، چونكە یەكێك بوو لەو كەسانەی كە نمایش بۆ كامێراكان دەكات، بەڵام نەمدەتوانی خۆمی لێ دووربخەمەوە. لە كۆتایی یارییەكەدا، ژمارەی ئەو هاندەرانەی توڕە و بێزار بوون زۆر بوو، هەمووان دەگریان و شتی لەو جۆرە. بەڵام ئەم هاندەرە منی بینی و دەیویست سەرنجم ڕابكێشێت. منیش سەیرم كردەوە و دەستم كرد بە وێنەگرتنی. ئەویش ئاڵاكەی خستە دەمییەوە و دەستی كرد بە دڕاندن و خواردنی. من لە كۆتایی یارییەكەدا بۆ وێنەیەك دەگەڕام كە ئازاری نەتەوەیەكی تێدا ببینرێت، ئەویش هاوكاری كردم." 

وێنەی ئەو هاندەرە، كە ئاڵا زەرد و سەوزەكە دەجوێت، بە خێرایی بڵاو بووەوە و بووە ڕەمزی یەكێك لە سەختترین ساتەكانی مێژووی بەرازیل. گریفس بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "بێگومان لەو كاتەدا هەستێكت هەیە. من دەمێكە ئەم كارە دەكەم و ساتە باشەكان دەناسمەوە، دەتوانم پاش وێنەگرتنیش، لە كامێراكەمەوە وێنەكان بنێرم. بەو جۆرە چەند وێنەیەك دەگرین، ئەوانەی باش نین لامان، دەیسڕێنەوە. باشەكانیش دەنێرین بۆ ئیدیتەری ڕۆژنامەكان و بەمجۆرە بە خێرایی و لە چەند چركەیەكدا بە جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. ئەو خێراییەی لە تویتەر وێنەكەی تێدا بڵاو بووەوە جێی سەرسوڕمان بوو. بەڕاستی شێتانە بوو."