پێشبینی ھەڵکشانی خۆپیشاندانەکانی عێراق دەکرێت

عێراق 09/12/2019


 :

نوسینی: بورهان فەرەج، پەلەمانتاری پێشوی عێراق

 

پێشبینیش دەکرێت رۆژانی ئایندە پرۆژەیاسایی ھەڵبژارنەکانی پەرلەمانیش تاوتۆێ بکرێت .
ھاوکات خۆپیشاندانەکانیش لە عێراق ،بەردەوامە و خۆپیشاندەران بۆ ڕۆژی سێشەممە ھەڕەشەی خۆپیشاندانی ملیۆنان دەکەن .مکوڕن ،لەسەر داواکاریەکانیان ،کە خوێ لەھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و داواکاری ھەڵبژاردنی پێش وەخت لەعێراقدا دەبینێتەوە . سەرباری نەھێشتنی گەندەڵی ودەستەبەرکردنی فەزایەکی نوێی سیاسیی و ئابووری لە وڵاتدا.
دەبێت جوگرافیایی خۆپیشاندانەکان کە ناوچەی شیعە نشینە بەھەند وەبگیرێت و حسابی لەسەر بکرێت رێک ئەو ناوچەیە کە راپەرینی شیعەکانە لەساڵی ١٩٩١ دا.

لەلایەکیتریشەوە سەید سیستانیش لەگوتاری ھەینی خۆیدا، وەک مەرجەعی باڵای شیعەکان بەردەوامە لەپشتگیری خۆی بۆ داواکاری خۆپیشاندەران و داوا دەکات بەبێ دەستێوەردانی دەرکی حکومەت لەماوەی دەستووری خۆیدا پێکبھێنرێت.

سەرۆکی حکومەتیش دەستی لەکار کێشایەوە و کوتلەی گەورەی نێو ئەنجومەنی نوێنەران، کە کوتلەی سائیرونە سەربە رەوتی سەدر، داوای بوردنی کردوو و کاندی نابێت بۆ سەرۆک وەزیران، ماوەی یاسایی پانزە رۆژ بۆ کاندید کردنی کەسایەتیەک بۆ ئەو پۆستە بەپێی دەستوور.

ئایا کوتلە سیاسیەکان دەتوانن پێکبێن، لەسەر کاندیدێک بەپێی داواکاری خۆپیشاندەران ،کەئەوان پێوەر و ستاندارێکیان داناوە بۆ ئەو کەسایەتیە؟
لێرەدا چەندین پرسیاری گرنگ دێتە کایەوە وەک:

ئایا خۆپیشاندەران داواکاریەکانیان تەنھا گۆرینی سەرۆکی حکومەت بووە، لەنێو ھەرسێ سەرۆکایەتیەکاندا ؟

ئایا کوتلەسیاسیەکان ئەتوانن حکومەتێک ھەڵبژێرن بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی وەک ئەوەی مرجەعیەت داوا دەکات؟

ئایا ئێران قایل ئەبێت بەتەواوی دەستی لەعێراق وەدەرنێنن؟

ئایا ئەمریکاو ھاوپەیمانە عەرەبیەکانی قایل ئەبن بەبێ ئەوان حکومەت پێک بێت؟

ئایا شەڕی ئەھلی لەعێراق درووست نابێت ؟

ئایا رۆڵی کورد چی دەبێت لەم ھاوکێشانەدا؟

‎ئەوەی پەیوەندی بە متمانەی نێوان ھەرێم و بەغداوە ھەیە پێویستە بەغدا لەدوای ئەو ڕێککەوتنەی نێوانیان بەبیانو نەبێت بۆکەمکردنەوەی بەشە بودجەی ھەرێم و ھەرێمی کوردستانیش بەشە نەوتی خۆی لەڕێگەی «سۆمۆ»وە ھەناردەبکات ،بۆئەوەی چیتر ھەوڵێر بیانووی حکومەتی فیداڵ ببڕێت ،ھیچی بەدەستەوە نەبێت بۆ ھەڕەشەکردنی لەبڕینی بودجەی ھەرێم.
‎بەتایبەت ئەمڕۆ لەھەمووکات زیاتر شەڕو ناکۆکیەکان بەزەقی لەبواری ئابووریدایە بەتایبەت لەم ھەلو مەرجەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا،کەبارودۆخەکە ئەکوڵێت تەشەنەکردنی ئەو کێشەو و ناکۆکیەکانی ناوچەکە بەگشتی لە خزمەتی ئێمەدا نیە،

‎بەتایبەت ھەنوکە وڵاتانی چواردەوری ئێمە پڕلەکێشەو گیروگرفتە لەگەڵ ئەمریکاو زلھێزەکانی دونیادا،بەئەنجام ئەو کێشانەی لە وڵاتانی « تورکیا،ئێران،عێراق،سوریا» ھەیە،بەشێکی پەیوەندی بەکوردەوە ھەیە بەڵام ئەوان ئێستا سەرقاڵن بەدەردی کێشەی سیاسی و ئابووری ....خۆیانەوە، ئەگەر کورد بەکارامەی جوڵەکانی خۆی بکات بە قازانجی دەشکێتەوە، بەڵام پێم وایە ،درووستکرنی کێشە لەم ساتە وەختەدا ،لەقازانجی ئێمەدا نیە .وا باشە بەپراکتیکی بەربەستبین و ڕێگربین لەتەشەنەکردنی ئەو ناکۆکیانەی کە روی لەئێمەیە لەھەرێمی کوردستاندا.

‎لەلایەکیترەوە ھەرێمی کوردستان بۆ رێگرتن لەو گلەیی و گازندانەی خۆپیشاندانی عێراق وا باشترە بەدەم داوکاریەکانی بەغداوە بچێت و بەشێک بێت لەچارەسەر نەک بەشێک بێت لە درووستکردنی کێشە.
چونکە بەشێک لەداوکاری خۆپیشاندەران دژ بە دەسکەوتەکانی خەلکی کوردستانە.

:بۆیە
‎پێدەچێت رێککەوتنی نێوان بەغداو ھەرێم لەسەر دۆسیەیی نەوت و گاز دەرفەتێک بڕەخسێنێت بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەی پەیوەندیەکانی نێوان ھەردوولا و دەکرێت ئەم ھەنگاوە بکرێتە دەرفەتێک بۆ پێکھاتن و ئاسایی کردنەوەی پەیەوەندی نێوان حیزبە سیاسیەکانی عێراو و کوردستانیش و ئەم ھەنگاوە وا بکات چیتر مەودای موزایەدەی سیاسی تەسک بکرێتەوە و ھەموو لایەنەکان بێنەسەر ئەسڵی مەسەلەکان و دۆزینەوەی ئاسۆی چارەسەری سیاسیی ،ئابووری ،و دەستووری،سایکۆلۆژی،متمانە ،......

‎بەمەبەستی پتەوکردن و ژیاندنەوەی فەزای پرەنسیپە گشتیەکانی حوکمڕانی لەعێراق و دەستکردنەوە بە جێبەجێکردنی تەوافقی راستەقینە و بەشداری و بەشداربوون لەحومڕانی عێراقدا.
‎لەم سۆنگەیەوە و بەم شێوازە کورد دەتوانێت ھەوڵی جدی بدات بۆ بەشداریکردنێکی راستەقینە لە دامودەسگاکانی دەوڵەتی عێراقدا وەک بەشداربویەکی درووست و راستەقینە بەشداری حوکمڕانی لەعێراقدا بکات،سەرەڕای ئەوەی لەم ھەلومەرجەی ئێستادا کە ناوچەکە بەگشتی و خۆر ھەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و ئێران و تورکیا و سوریاش راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەژێر ھەژموون و کاریگەری و لێکەوتەکانی زلھێزەکانی دونیادایە
.
‎بەڵام ئێمەی کورد وردتر ھاوکێشە نێو دەوڵەتی ئەقلیمیەکان بخوێنینەوە باشترە . چونکە لەباری دەستووریەوە ئێستا عادل عەبدولمەهدی و حکومەتەکەی کاربەڕێکەرن،دەبێت لە ماوەی پانزە رۆژدا سەرۆک کۆمار کاندیدێک رابسپێرێ لەماوەی ٣٠ رۆژدا کابینەکەی پێکبهێنێ.

ئەوهەنگاوانە لەرووی یاسایەوە ئاساییە بەڵام لەبارودۆخی ئێستای عێراقدا زۆر ئاڵۆزو پڕ لەکێشەیە،پێشبینی دەکرێت رۆژانی ئایندە داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش بکەن . ئەوکات پرسی یاسای هەڵبژاردنی نوێ دێتە کایەوە ئەوکات لەبەرئەوەی تەنها سەرۆکی کۆمار لە گۆڕەپانەکە دەمێنێتەوە فۆکس دەکەوێتە سەر سەرۆک کۆمار و رۆڵی کورد لە عێراق و بەشداری نەرێنی کورد لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا لەساڵی ٢٠٠٣ تائێستا.

بۆیە پێناچێت ئەم قەیرانە لێرەدا بوەستێت و زیاتر تەشەنەدەکات، لەوانەیە بارودۆخی عێراق راستەوخۆ دەستێوەردانی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی بوێت.نابێت ئەم روداوەی عێراق بەدابڕاو لەھەلومەرجی ئەقلیمی و نێو دەوڵەتی تەماشابکەین بەڵکو پێموایە بەشێکە لەکێشەی ناوچەکەو دەستێوەردانی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی لە لایەک و ئێران و ھاوپەیمانەکانی لەبەرانبەردا.