ئەو کەسانە ئاشكرا کران کە ناتوانن بۆ هەڵبژاردن خۆیان کاندید بکەن

عێراق 17/11/2019

چاودێر

 

وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەموارە پێشنیازکراوەکانی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراقی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، کە بە پێی هەموارەکە خاوەنی دەیان بەرپرسی باڵای ئێستا ناتوانن خۆیان کاندید بکەن.  
 
سەعد حەدیسی، وتەبێژی نووسینگەی عەبدولمەهدی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراقی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، کە بە پێی پڕۆژەیاساکە، کۆمەڵێک گۆڕانکاری دەکرێن کە بەشێکیان لەم خاڵانەدا ڕوون کراونەتەوە:

- ئەو کەسەی خۆی دەپاڵێوێت، لە کاتی خۆپاڵاوتنەکەدا دەبێت ٢٥ ساڵی تەمەنی تەواو کردبێت.

- ئەو کەسانەی ئەم پۆستانەیان هەیە، بۆیان نییە لە هەڵبژاردنەکاندا خۆیان بپاڵێون:
١- سەرۆککۆمار و جێگرەکانی
٢- سەرۆکوەزیران و جێگرەکانی
٣- وەزیرەکان و وەکیلی وەزارەتەکان
٤- سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان و جێگرەکانیان
٥- سەرۆکی دامەزراوە نەبەستراوەکان بە وەزارەتەکان و جێگرەکانیان.
٦-  راوێژکارەکان
٧- پارێزگارەکان و جێگرەکانیان.
٨- سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان
٩- خاوەن پلە تایبەتەکان
١٠- بەڕێوەبەرە گشتییەکان

- لە دەسەڵاتی دادوەریشدا ئەم کەسانە ناتوانن خۆیان بپاڵێون:
١- دادوەرەکان
٢- ئەندامانی داواکاری گشتی

- هیچ کەسێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان ناتوانن خۆیان بپاڵێون.

- ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران و ئەوانەی پۆستی باڵایان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و فەرمانبەرانی کۆمسیۆن ناتوانن خۆیان کاندید بکەن.

- ئەو کەسانەی بە لیستی تاکلایەنە دەچنە نێو هەڵبژاردنەکان، لە دانانی بڕە پارەی تەئمیناتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دەبەخشرێن. 

- ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٢٥١ پەرلەمانتار پێک دێن کە ٥ پەرلەمانتاری کۆتای مەسیحی، ١ سابیئە، ١ ئێزدی، ١ کوردی فەیلی و ١ی شەبەک دەبێت.

- ئاوارەکان دەتوانن لەو شوێنانەی لێی نیشتەجێن دەنگ بدەن، بەڵام دەنگەکەیان بۆ بازنە ئەسڵییەکەی هەڵبژاردن دەچێت، واتە ئەو پارێزگایەی کە لێیەوە بووە.

- پرۆسەی پەنجەمۆر بۆ دەنگدانی گشتی و تایبەت ئەنجام دەدرێت. 

- لە دوای دەنگدانی تایبەت، کارتی دەنگدان لە دەنگدەر وەردەگیرێتەوە، دواتریش لە ڕێگەی یەکە سەربازییەکانیان کارتەکانیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە.

- هیچ پەرلەمانتار، حزب و کوتلەیەکی تۆمارکراو لە چوارچێوەی لیستە کراوە براوەکانی هەڵبژاردن، بۆیان نییە بچنە نێو هیچ هاوپەیمانی و حزب و لیستێکی دیکەوە، تاوەکوو حکوومەت پێک دەهێندرێت.

- رێگە نادرێت هیچ پاڵێوراوێکی براوە لە هەڵبژاردندا بۆ پۆستێک بە پلەی وەزیر لەو خولەی هەڵبژاردن کە تێیدا براوە بووە، کاندید بکرێت.

- عێراق لەسەر ئاستی پارێزگاکاندا بۆ ١٨ بنکەی هەڵبژاردن دابەش کراوە.