هیگواین: لە یوڤی دەمێنێتەوەو ناچێتە ریڤەر پلێت

وەرزش 26/09/2019

هێرشبەری هەڵبژاردەی ئەرژەنتین و یانەی یوڤانتۆسی ئیتالی گۆنزالۆ هیگواین خوازیارە تا كۆتایی بۆندەكەی لە تۆرینۆ بمێنێتەوەو تەئكید لەوە دەكاتەوە كە رێز لەو بۆندە دەگرێت كە لەگەڵ یانە یۆڤیدا واژوی كردوەو هەمو ئەو دەنگۆیانەشی رەد كردەوە كە باس لەوە دەكەن بە خواستن رودەكاتە یانەی رێڤەر پلێتی ئەرژەنتینی.
هیگواین راشیگەیاند: ئامادەیە تا كۆتایی بۆندەكەی لە 2021 لە یانەی خانمە پیرەكە بمێنێتەوەو هەمو توانایەكی خۆی بخاتە كار بۆ ئەوەی متمانەی راهێنەری یانەكە ماوریسیۆ ساری بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی لە پێكهاتەی سەرەكی یانەكەدا یاری پێبكات، چونكە لە پێشتردا كە بە خواستن لە یانەی چێڵسی بوە هەمان ساری راهێنەر بوەو متمانەی تەواوی بە تواناكانی هیگواین هەبوەو لە پێكهاتەی سەرەكیدا یاری پێكردوە.
لە لێدوانێكیشدا بۆ تۆڕی هەواڵی كالتشیو میركاتۆی ئیتاڵی گۆنزالۆ هیگواین رایگەیاند: نازانم تا كۆتایی ژیانی وەرزشیم لێرە دەمێنەوە یان نا، بەڵام من تا دوا ساتی كۆتایی بۆندەكەم لە یوڤی دەبم و هەستێكی خۆشم هەیە لەگەڵ دەستەی هونەری و فەرمانبەرانی یانەكە، بۆیە گەڕانەوەی من بۆ یوڤی كارێكی ئاسانە.
هەروەها سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ ریزی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی و یانەی رێڤەر پلێتی ئەرژەنتینی وتی: گەڕانەوە من بۆ ئەرژەنتین یان رێڤەر پلێت، من هیچ كات دەرگا بەڕوی هەڵبژاردەكەم و ئەو یانەیەدا داناخەم، بەڵام من تەنها بیر لە ئێستا دەكەمەوە كە لە ئیتاڵیام، لەگەڵ ئەوەشدا چاودێری هەڵبژاردەكەم دەكەم و دڵخۆشم بەوەی بیان بینم.