بایرن، ئەلكسەندەر نوبڵی بۆ شوێنگرەوەی نوێر دیاری كرد

وەرزش 11/09/2019

رۆژنامە وەرزشیەكانی ئەڵمانیا باس لەوە دەكەن یانەی بایرن مونشنی ئەڵمانی شوێنگرەوەی مانویل نوێری گۆڵپارێزی یەكەمی یانەكەی دیاریكردوەو بەنیازە هاوینی داهاتو ئەلكسەندەر نوبڵی تەمەن 22 ساڵی گۆڵپارێزی لاوی یانەی شالكە بباتە ریزەكانیەوە.
رۆژنامەكان باس لەوە دەكەن ئیدارەی یانە ئەڵمانیەكە بەكۆی دەنگ هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەلكسەندەر نوبڵی گۆڵپارێزی  شالكە ببێتە شوێنگرەوەی مانویل نوێری گۆڵپارێَزی یەكەمی یانە باڤاریەكە.
ماوەیەكی زۆرە بەهۆی پێكانە یەك لەدوای یەكەكان و جێگیر نەبونی ئاستی، نوێر ناتوانێت ئەو ئاستە بەرزەی ساڵانی رابردو پێشكەشی كردوە بەردەوام بێت تەنانەت لە پێكهاتەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیاش وەك پێویست نیە. بۆیە یانەی بایرن ناچاربوە بیر لە جێگرەوەیەكی باش بكات.
لەلایەن خۆیەوە یانەی شالكەی ئەڵمانیا هەوڵی زۆر دەدات ئەو گۆڵپارێزە لاوە ریزی یانەكەی جێ‌ نەهێڵێت و تەنانەت لەگەڵ ئەو تەمەنە كەمەكەیدا وەك پشتگیریەك بۆ مانەوەی، لەم وەرزەدا كراوەتە كاپتنی یانەكە، چونكە ئەو گۆڵپارێزە تەمەن 22 ساڵە وەرزی داهاتو گرێبەستەكەی لەگەڵ شالكە تەواو دەبێتو دەتوانێت سەربەستانە یانەی شالكە جێ‌ بهێڵێت.
جێی وەبیر هێنانەوەیە، مانویل نوێر ساڵی 2011 لە یانەی شالكەوە رویكردۆتە یانەی بایرن مونشنی ئەڵمانی و 300 یاری لەگەڵ ئەو یانەیە ئەنجامداوەو لە هەشت ساڵَی رابردودا (حەوت نازناوی خولی بۆندسلیگا پێنج جامی ئەڵمانیاو یەك نازناوی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای لە ساڵی 2013 بەدەستهێناوە).