ئیریكسن، پەیوەندی بە ریاڵمەدریدەوە دەكات

وەرزش 18/08/2019

راپۆرتە رۆژنامەوانیە ئینگلیزییەكان باس لە جموجوڵەكانی یانەی شاهانەی ئیسپانی دەكەن بەمەبەستی گواستنەوەی كریستیان ئیریكسنی دانیماركی و یاریزانی یانەی تۆتنهام.
رۆژنامەی (زا سەن)ی بریتانی رایگەیاند، ئیدارەی یانە ئیسپانیەكە بەنیازە لە دواساتی داخستنی بازاڕی گواستنەوەكاندا دەستەوارەیەكی 60 ملیۆن پاوەنی بخاتە بەردەم ئیدارەی یانە ئینگلیزیەكە.
(زا سەن) لە راپۆرتەكەیدا دەڵێت، هۆكاری پێشكەشكردنی ئەو دەستەوارەیە لە دواساتەكانی میركاتۆدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر فشار بخاتە سەر ئیدارەو لیفی خاوەنی یانەكەو دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببن، چونكە هاوینی داهاتو دوا وەرزە بۆ ئەو یاریزانەو  پێشتریش ئیریكسن بە ئیدارەی تۆتنهامی رایگەیاندوە گرێبەستەكەی درێژ ناكاتەوە.
هەروەها (زا سەن) وتیشی، لیفی سەرمایەدارو خاوەنی یانەكە لە دواساتدا رازی دەبێت بە داخوازی یانە ئیسپانیەكە، چونكە لیفی ئامادە نیە هاوینی داهاتوو یاریزانەكەی بەشێوەیەكی خۆڕایی لەدەستبدات.
ئیریكسن یەكێكیە لەو یاریزانانەی هاوینی ئەمساڵ ناوی لە لیستی ئەو یاریزانانەدا هاتوە كە لەلایەن یانەی ریاڵمەدریدی ئیسپانی داواكراوەو یانەكە زۆر سورە لەسەر گواستنەوەی. پێشتریش ماوریسیۆ پۆچەتینۆی  راهێنەری یانە تۆتنهام ئاماژەی بە رۆیشتی ئەو یاریزانەداوە لەدوا ساتەكانی میركاتۆی ئەم هاوینە.