سكالونی، باسی میسی و یاریەكەی بەرازیل دەكات

وەرزش 29/06/2019


دوای گەیشتنیان بە قۆناغی پێش كۆتایی جامی كوبا ئەمریكا لە یاریگای ماراكانا لە ریودی جانیرۆی بەرازیل، لە هەڵبژاردەی فنزویلا بە ئەنجامی دو گۆڵی خاوێن، لیونیل سكالونی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرژەنتین ستایشی یاریزانان و بەتایبەت كاپتی هەڵبژاردەكەی لیونیل میسی كرد بۆ ئەو ئاستە بەرزەی پێشكەشی كرد.
سكالونی وتیشی، بۆ من میسی پاڵپشتی سەرەكیە، لە ناو یاریگادا بێت یان دەرەوە، چونكە ئامادەبونی ئەو گۆڕانكاری بەسەر بیرو فكری یاریزانەكاند دێت، كە ئەمە هیچ گومانێك هەڵناگرێت.
سەبارەت بە یاری داهاتویان لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل، سكالونی رایگەیاند، خوازیار نەبوین بەر سامبا بكەوین، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین شێوازیی یاریكردنمان بەسەر بەرامبەرەكەماندا بسەپێنین، وتیشی، یاریزانەكان وەك یارییەكی ئاسایی نیوەی پێش كۆتایی لێی دەڕوانن نەك بەرامبەر دوژمنێكی مێژویی، و خاوەن ماڵیش ئێمە توشی دڵە راوكێ‌ ناكات، چونكە لە ئێستادا بونی ڤار بۆتە چاوی داوەرەكان لە یاریگاداو ئەنجامی یاریەكان لە جاران پاكترە.
هەروەها وتیشی، لە ماوەكانی رابردودا هەڵبژاردەی بەرازیل هیچ گۆڕانكاری ئەو تۆی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام سەرسامی خۆی بەرامبەر بە یاریزانی هەڵبژاردەی بەرازیل ئیفرتون دەربڕی و پێیوایە لە ئامادەنەبونی نیمار ئەو یاریزانە بەشێوەیەكی زۆر باش دەركەوتوە.