ژنانی عیراقی 58% یان توندوتیژیان بەرامبەر دەكرێت

عێراق 23/06/2019



بابان – ئاژانسەكان:

بەپێی راپرسییەك كە ژنە راگەیەندكارە عیراقییەكان ئەنجامیان داوە، لە هەرسێ پارێزگای موسڵ و دیالەو ئەنبار، دەربارەی كردەی توندوتیژی دژ بە ژنان، 500 فۆڕمی هەڕەمەكی لەو راپرسییە پڕكراوەتەوەو لە ئەنجامەكەیدا هاتووە كە 58% ی ژنان دوچاری توندو تیژی بوونەتەوە لەلایەن گروپە چەكدارییەكانەوەو 46% ی ئەو راپرسییە باس لەوە دەكات كە توندەوتیژی كۆمەڵایەتیان بەرامبەر كرداوەو 24%ی ئەنجامەكانی ئەو راپرسییەش ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كە توندوتیژی جەستەییان بەرامبەر بەكار هاتووە.
ئەنجامەكانی ئەو راپرسییە لە كۆنگرەیەكدا دوێنێ 22ی حوزەیران ئاشكرا و داواش دەكەن حكومەتی عیراقی رێوشوێنی یاسایی و شارستانیانەی نوێ بگرێتە بەر و یاساكانی بەكارهێنانی توندو تیژی بە هەموو جۆرەكانییەوە توندتر بكات.
هاوكات كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق داوا دەكات حكومەتی عیراق و لایەنی پەیوەندیدار زوو بەزوو وەڵامی راپۆرتەكانی كۆمسیۆنەكەیان بداتەوە كە لەسەر توندوتیژی دژ بە ژنانی عیراقی بەرزدەكرێنەوە.
هەر لەو راپرسییەدا هاتووە كە 81% ی ئەو ژنانەی لە راپرسییەكەدا بەشداریان كردووە، بەهۆی ململانێی چەكداری و گروپە توندڕەوەكان دووچاری كۆچكردن بوونەتەوەو 75% ی ئەو ژنانە دوای سەقامگیری ئەمنی گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، هەر لەراپرسییەكەدا هاتووە 16%ی ئەو ژنانە نەخوێندەوان و 29% ی ئەو ژنانە تەنها بڕوانامەی سەرەتاییان هەیە و 25% یشیان بێوەژنن.

سەرچاوە: سایتی (شەفەق نیوز) و سایتی (صوت العراق)