بۆسكێتس قۆناغی پاش بەرشەلۆنەی ئاشكراكرد

وەرزش 25/04/2019

"تیكی تاكا" بەسەرچووە 

چاودێر: سێرجیۆ بۆسكێتسی ئیسپانی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە لەم چاوپێكەوتنە كورتەیدا ئاماژە بەوەدەكات كە بەنیاز نییە لە یانە كەتەلۆنییەكە واز لە یاریكردن بێنێت و وەك ئاماژەیەكیش بۆ ئەوەی پەیوەندیی بە یانەیەكی ئەمەریكییەوە دەكات، دەڵێت "سەرسامم بە خولی ئەمەریكا".
*پێتوایە هێشتا یەكێك لە یاریزانە گرنگەكانی بەرشەلۆنە؟
بۆسكێتس: بەدڵنیاییەوە، ئەگەرچی لێسەندن ناكەم و گۆڵ تۆمارناكەم، بەڵام بەشێكی گرنگم لە جەستەی بەرشەلۆنە.
*پێتوایە بەگۆڕینی راهێنەرەكان شێوازی یاریكردنی تۆش گۆڕاوە؟
بۆسكێتس: من هەمیشە هەمان رۆڵم لەناو یاریگادا هەبووە و هەیە، بەڵام بەگۆڕینی راهێنەرەكان تاڕادەیەك شێوازی یاریكردنیشم گۆڕانی بەسەردا دێت.
*كام یاریزان لەهەموو زیاتر كاریگەریی هەبووە بۆ سەركەوتنەكانی بەرشەلۆنە؟
بۆسكێتس: هەر یاریزانێك درێسی بەرشەلۆنە بپۆشێت بەشێوەیەك لە شێوەكان رۆڵی هەبووە لە سەركەوتنەكانی یانەكەدا، بەهۆی ئەو فەلسەفەیەی یانەكە یاریی پێدەكات، هەموو یاریزانەكان رۆڵی خۆیان لەناو یاریگادا دەگێڕن.
*پێتوایە بەرشەلۆنەی یۆهان كرۆیف لە بەرشەلۆنەی پیپ جیاوازە و ئێستایش بەرشەلۆنەیەكی دیكە هەیە؟
بۆسكێتس: لەو بڕوایەدام بەرشەلۆنە گۆڕانكاریی زۆری بەسەردا هاتووە لەدوای كرۆیف و هەروەها لە دوای گواردیۆلا، بەڵام تاكو ئێستایش باشترین یانەیە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە یاریزانەكان ئاستیان جێگیرە و لەسەر هەمان فەلسەفەی یانەكە یاریی دەكەن.
*راهێنەرانی بەرشەلۆنە بۆچون و روانگەیان جیاواز بووە بۆ یاریكردن؟
بۆسكێتس: هەموو راهێنەرێك لەوی دی جیاوازە، هەریەكێكیان دیدوبۆچوون و ئاڕاستەی كاركردنی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی كە جێگیرە یاریزانەكانن، هەمیشە وەها یاریدەكەن كە ببنە پاڵەوان، هەستدەكەم دەگەینە حاڵەتی كەماڵ بەهۆی گۆڕینی راهێنەرانەوە، چونكە بیرۆكەی نوێ لە هەریەكێكیان وەردەگرین.
*لەگەڵ ڤالڤێردیدا چی شتێك گۆڕاوە؟
بۆسكێتس: پێشتر سەركەوتنی زۆر گەورەمان بەدەستهێناوە، بەڵام ئەم چوار ساڵەی دوایی نازناوی چامپیۆنس لیگمان نەبردووە، هەربۆیە بەرشەلۆنە پێویستی بەكەمێك گۆڕانكاریی هەبووە، لە تیكی تاكاوە بۆ تیپێكی زیندوو، پێموایە تیكی تاكا پلانێكی بەسەرچووە چونكە یانەكان پلانەكەیان لەلا ئاشكرابووە.
*بیرت لەوازهێنان لە یاریكردن كردۆتەوە.. پێتوایە رۆژێك لەرۆژان بچیتە یانەیەكی دیكەوە؟
بۆسكێتس: هێشتا بیرم لە وازهێنان نەكردۆتەوە و ناشمەوێت لە بەرشەلۆنە كۆتایی بە كاروانی وەرزشیی خۆم بێنم.. سەرسامم بە خولی ئەمەریكا..