لە 100 كەسایەتییە كاریگەرەكەی ئەمساڵدا تەنها یەك یاریزانی تۆپی پێی تێدایە

وەرزش 25/04/2019

نە میسییە و نە رۆناڵدۆ!

چاودێر: گۆڤاری "تایم"ی ئەمەریكی محەمەد سەڵاحی هێرشبەری هەڵبژاردەی میسر و یانەی لیڤەرپولی وەك یەكێك لە 100 كەسایەتییەكەی ساڵی 2019 دیاریكردووە.
گۆڤارە ئەمەریكییەكە، ستایشی ئاستی بەرزی سەڵاحی كردووە هەم لەنێو یاریگا و هەم لەدەرەوەی یاریگا، هەروەها نوسیویەتی "محەمەد سەڵاح زیاترە لە یاریزانێكی تۆپی پێ".
لەنێو لیستی 100 كەسایەتییە كاریگەرەكەی ئەمساڵدا، كەسانی سیاسی و بیرمەند و هونەرمەند و وەرزشوانی تێدایە، بەڵام محەمەد سەڵاح تاكە یاریزانی تۆپی پێیە لەنێو لیستەكەدا.
لیستەكە ناوی چەند وەرزشوانێكی تێدایە: لیبرۆن جەیمس ئەستێرەی باسكەی ئەمەریكا، تایگەر ودز ئەستێرەی ئەمەریكی یاریی گۆڵف، ئەلێكس مۆرگان یاریزانی هەڵبژاردەی ژنانی ئەمەریكا و كاستەر سیمینا راكەری ئەفریقیای باشوور.
گۆڤاری تایم لێدوانێكی محەمەد سەڵاحی بڵاوكردۆتەوە دەربارەی ژن، ئەو دەڵێت "ئێمە وەك كلتوری عەرەبی پێویستمان بەوەیە شێوازی مامەڵەكردنمان لەگەڵ ژندا بگۆڕین، پێموایە ئەمە بەدەست خۆمان نییە، بەڵكو ئەوان شایانی ئەوەن".
محەمەد سەڵاح لەئێستادا یەكێكە لە باشترین یاریزانەكانی جیهان و سەركردایەتیی یانەی لیڤەرپولی كردووە بۆ ركابەریكردنی نازناوی ئەم وەرزەی پریمەرلیگ و هەروەها گەیشتن بە نیوەی كۆتایی چامپیۆنس لیگ.