زیدان لەبەر "یەك" هۆكار دەبێتە راهێنەری چێڵسی

وەرزش 17/02/2019

چاودێر: زینەدین زیدانی فەرەنسی راهێنەری پێشووی یانەی ریاڵ مەدرید یەكێكە لە پاڵێوراوە سەرەكییەكان بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری یانەی چێڵسی، ئەمەیش لە حاڵەتێكدا كە ئیدارەی یانە لەندەنییەكە ماوریسیۆ ساری لە پۆستەكەی دوربخەنەوە. 
بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی چێڵسییەوە، دوورنییە ئیدارەی یانەكە كۆتایی بە گرێبەستەكەی ساری بهێنن، ئەگەرچی ئەمە یەكەم وەرزیەتی لەگەڵ یانەكەدا.
رۆژنامەی زەسەنی بریتانی ئاماژەی بەوەكردوە پلان و شێوازی یاریكردنی 4-3-3 دەبێتە هۆكارێك بۆ نزیككردنەوەی زیدان لە ئەركی مەشق و راهێنانی چێڵسی، بەوپێیەی یانە ئینگلیزییەكە حەزدەكەن بەوشێوازە یاری بكەن و زیدانیش سێ نازناوی چامپیۆنس لیگی بەوشێوازە بۆ ریاڵ مەدرید بردۆتەوە. بۆیە بە ئەگەرێكی زۆرەوە لەدوای دورخستنەوەی ساری، زیدان دەبێتە راهێنەری یانە شین پۆشەكەی لەندەن.