فەرماندەیەك لەسەر كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا، هۆشداری دەداتە ترەمپ

جیهان 16/02/2019

 

چاودێر-دەنگی ئەمریكا
فەرماندەی ناوەندی لەشكری ئەمەریكا هۆشداری دەدات كە داعش هێشتا جێی مەترسیـیە و دەڵێت ئەو لەگەڵ سەرۆك ترامپ هاوڕا نیـیە لە مەسەلەی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا.
جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی CNN گوتی لە ئێستادا پـێشنیار ناكات هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا بكشێنەوە، چونكە هێشتا داعش ڕێبەر و چەكدار و لایەنگر و یارمەتیدەر و سەرچاوەی هەیە، بۆیە فشاری لەشكری بەردەوام پـێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم گروپە تێرۆریستە.
وتیشی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بەبێ یارمەتی بەردەوامی ئەمەریكا لە توانیاندا نەدەبوو ڕووبەڕووی داعش ببنەوە. جەختی كردەوە كە هێشتا هەسەدە پـێویستی بە توانا و یارمەتیـیەكانی لەشكری ئەمەریكایـیە.
جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل كە لە وڵاتی عومانەوە لێدوانی بۆ CNN دەدا، وتیشی "ئەو كاتێك وەك سەرۆك ترامپ دەڵێت داعش شكستی هێناوە كە دڵنیابوو چیتر ئەو گروپە تێرۆرستیـیە جێی هەڕەشە نیـیە".
هەروەها باسی لەوەش كرد هێشتا داعش توانای هەیە پـلان بۆ هێرشی تێرۆرستی لە دژی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی دابڕێژێت.
جێی ئاماژەیە جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل چەند جارێك سەردانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات كردووە و لەگەڵ فەرماندەكانی ئەو هێزانە كۆبووەتەوە و لە نزیكەوە بارودۆخەكەی هەڵسەنگاندووە.