داعش بەهاوكاری كێ چەكی كیمیاویی دروستكرد؟

عێراق 22/01/2019


رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە سلێمان عەفاری زانای عیراقی لەكاتی داگیركردنی شاری موسڵ لەلایەن تێرۆریستانی داعشەوە لە ساڵی 2014 هاوكاری رێكخراوی تێرۆریستی داعشی كردوە بۆ درووستكردنی چەكی كیمیاویی.
بەگوێرەی رۆژنامەكە عەفاری لەكاتی داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە كارمەندی وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكانی عیراق بوە. 
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە كە ئەو زانیاریانەی لەرێگەی چاوپێكەوتنێكەوە لەگەڵ عەفاری دەستكەوتوە كە لە ئێستادا لەیەكێك لە گرتووخانەكانی هەرێمی كوردستان زیندانی كراوەو فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەركراوە لەلایەن دادگاكانی عیراقەوە.
رۆژنامەكە لەزاری عەفاریەوە بڵاویكردوەتەوە داعش داوای لێكردبوو هاوكاریان بكات بۆ دروستكردنی چەكی كیمیاویی لەسەرەتادا عەفاری پێی راگەیاندبوون كە زانیارییكی ئەو تۆی لەبارەی چەكی كیمیاویەوە نیە ، بەڵام لە دواییدا رەزامەندی دەربریوە بۆ داواكەیان و ماوەی 15 مانگ سەرپەرشتی درووستكردنی گازی خەردل ی كردبوو لەلایەن داعشەوە.
عەفاری پاساوی هاوكاری كردنی داعش بۆ ئەوە دەگێرێتەوە كە ئەوان تاكە دەسەڵات بونە لەناوچەكەدا و لەبەرامبەر وەرگرتنی پارە ئەو كاری كردوە وداعش ناچاری نەكردوە هاوكارییان بكات.
راشیگەیاندوە ئەو لە نێو گروپێكی پسپۆردا لەگەڵ تێرۆریستانی داعش كاریان كردوەو چەكی كیمیاویان بەرهەم هێناوە كە دواتر لەدژی هاوڵاتیانی مەدەنی و گرووپە چەكدارەكان و هێزەكانی ئەمریكا بەكاریان هێناوە لە شەری عیراق و سوریا.