مانچستەر سیتی گەورەترین سوودمەندی مۆندیال بووە

وەرزش 05/12/2018

چاودێر: لەنێو سەرجەم یانەكانی جیهاندا، یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی گەورەترین سوودمەندی مۆندیالی 2018ی روسیا بووە.
یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتیی "فیفا" راپۆرتێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا ئاماژەی بەبڕی ئەو پارەیە كردووە كە دراوەتە یانەكان، وەك قەرەبوویەك بۆ ئەوەی یاریزانەكانیان بەشداریی مۆندیالیان كردووە.
لەو رووەوە فیفا بڕی 190 ملیۆن یۆرۆی بەسەر 416 یانەی 63 وڵاتی جیهاندا دابەشكردووە. بەشێوەیەك هەر یاریزانێك بۆ رۆژێكی مۆندیال بڕی 7500 یۆرۆی بۆ دیاریكراوە كە دراوەتە یانەكە. 
لەنێو ئەو 416 یانەیەی جیهاندا، یانەی مانچستەر سیتی گەورەترین سوودمەند بووە بەوپێیەی بڕی چوار ملیۆن و 400 هەزار یۆرۆی وەرگرتووە.
یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانییش بە وەرگرتنی چوار ملیۆن و 200 هەزار یۆرۆ وەك قەرەبوو، دووەم یانەی سوودمەند بووە لەسەر ئاستی جیهان.
وەكچۆن یانەی تۆتنهامی ئینگلیزییش بەوپێیەی چەندین یاریزانی لە مۆندیال یاریی كردووە، لەپلەی سێیەمدایە و بڕی سێ ملیۆن و 700 هەزار یۆرۆی وەك قەرەبوو وەرگرتووە.
تۆتنهام بەجیاوازییەكی زۆر كەم لەپێش یانەی بەرشەلۆنەوە دێت، كە ئەمیان پلەی چوارەمی وەرگرتووە.