هەدەپە: پێدەچێت دەمیرتاش ئازادبكرێت

جیهان 20/10/2018


چاودێر-میدیاكان
ئایهان بیلگەن، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە پەرلەمانی توركیا دەڵێت، پێش ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە بارەی دەمیرتاش  بڕیاربدات، لەوانەیە بیر لە ئازادكردنی بكەنەوە. هەدەپە چاوەڕوانی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپایە.
لەكاتی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی تەلەڤیزیۆنیدا، ئایهان بیلگەن لەبارەی رەوشی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە رایگەیاند، چاوەڕوانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپان و لەوانەیە بڕیاری ئازادكردنی دەمیرتاش بدات.
بیلگەن ئاماژەی بەوەشكرد "چاوەڕوانی ئەوەین مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیارێكی ئەرێنی بدات. بەڵام لەوانەیە پێش بڕیارەكە، لە توركیا بیر لە ئازادكردنی بكەنەوە".
جێی باسە سەڵاحەدین دەمیرتاشی تەمەن 45 ساڵ لە مانگی 11ی ساڵی 2016ـەوە زیندانیكراوە، چەندین تۆمەتی، كە سەرەكیترینیان پشتیوانی پەكەكەیە، دراوەتەپاڵ.
دەمیرتاش لە 2014 تاوەكو 2018 هاوسەرۆكی هەدەپە بوو. لە هەڵبژاردنەكانی 2014 و 2018 بەربژێری هەدەپە بوو بۆ سەرۆككۆماری توركیا، لە هەڵبژاردنی یەكەم لە 9.77%ی دەنگەكان و لە دووەم 8.4%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا.