پێشنیارێكی "شێتانە"ی مۆرینیۆ

وەرزش 22/09/2018


ئیدارەی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی دەستیان كردووە بە بەدواداچوون بۆ پێشنیارەكەی خۆزێ مۆرینیۆی راهێنەر، كە داوایكردووە سەرلەنوێ گرێبەست لەگەڵ زلاتان ئیبراهیمۆڤیچی سویدیدا ئیمزابكەن.
هەرچەندە هێرشبەرە سویدییەكە 36 ساڵی تەمەنی تێپەڕاندووە، بەڵام مۆرینیۆی راهێنەر سوورە لەسەر گواستنەوەی لە بازاڕی زستانەدا، ئەمەیش پاش ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا سەركەوتوو نەبوون لە هێنانی هێرشبەرێكی نوێدا.
هۆكاری پێشنیارەكەی مۆرینیۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاستە بەرزەی كە ئیبرا لە خولی ئەمەریكادا پێشكەشی دەكات. ئیبرا لەدوایین 19 یاریی یانەكەیدا لە خولی ئەمەریكادا توانیویەتی 17 گۆڵ تۆماربكات.
ئیبراهیمۆڤیچ پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ مۆرینیۆ هەیە و پێشتریش هەم لە مانچستەر یونایتد و هەم لەشوێنی دیكەش پێكەوە كاریان كردووە.
هەرچەندە میدیاكانی بریتانیا پێشنیارەكەی مۆرینیۆ بە "شێتانە" ناودەبەن، بەڵام زانیارییەكان دەریدەخەن رەنگە ئەو گرێبەستە سەربگرێت بەهۆی ئەوەی ئیبراهیمۆڤیچیش رازییە بە گەڕانەوەی بۆ شەیتانە سوورەكان، وەكچۆن بەمدواییە سەردانی كەمپی مەشق و راهێنانەكانی مانچستەر یونایتدی كرد ئەوكاتەی بە گەشتێك هاتبوونە ئەو وڵاتە.