كوردستانییەتی كەركوك پشكی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا

رزگار حاجی حەمید 04/03/2022


 
بەشی پێنجەم
لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق لە (9ی ئازاری 2003) بارودۆخ و هەلومەرجێك لە عیراق و باشووری كوردستان و ناوچەكەدا هاتە ئاراوە, كۆمەڵێك هاوكێشەی سیاسی نوێ‌ سەریان هەڵدا, بەتایبەتی لەدوای داڕمانی ڕژێمی بەعس ئەمریكا خوازیاری پیادەكردنی سیستەمێكی فیدراڵی لامەركەزی بوو, كە ئەمەش خۆی لەخۆیدا پرسی كورد لە پرسێكی سیاسی نەتەوەیییەوە بە ئاراستەی پرسێكی ئیداری دەبرد, چارەنووسی كوردستانیش بەرەو پارچە پارچەبوون و دابەشبوون ئاراستە دەكرد, وەك ئەوەی لەدوای پەیمانی(سایكس- بیكۆ) ئەنجامدرا وەك خۆی بمێنێتەوە, نەخشە و بەرنامەی ئەمریكا ئەوە بوو بەشێوەیەكی زۆر خێرا كوردستان تێكەڵ بە عیراقی نوێ‌ بكات و هەرێمی كوردستان بكاتە پاشكۆی حكومەتی ناوەندی, لە كاتێدا لەدوای ڕاپەڕین و هەڵبژاردنی (ئایاری 1992)ەوە باشووری كوردستان خاوەن حكومەت و پەرلەمانی خۆی بوو, كە ئەو دەمە دەسەڵاتی بەعسیش ئامادەیی هەبوو, هەڵوێستی سەركردایەتی سیاسی كورد لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی كاردانەوەی جۆراوجۆری لێكەوتەوە, لەسەر ئاستی هەرێمی (بەشار ئەسەد) سەرۆك كۆماری سوریا لە (كانوونی یەكەمی 2004)دا بە سەردانێك گەیشتە ئەنقەرە و ڕایان گەیاند سوریا و توركیا لەسەر مەسەلەی عیراق هاوهەڵوێستن و بڕیاردان لەسەر مەسەلەی فیدراڵییەت بۆ هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە, هەر لەسەر ئەم ئاوازە ڕۆژنامەنووسی تورك (محەمەد عەلی پیراند) لە ڕۆژنامەی (حریەت)دا جەختی كردە سەر ئەم ئامانجەی توركیا و ئاماژەی بەوە كرد: دابەشبوونی عیراق و سەربەخۆیی كوردستان ئەگەرێكی پەسەند نەكراوە بەلای توركیاوە, ئەمەش لەبەرئەوەی دامەزراندنی ناوەندێكی ڕاكێشەر لە باكووری عیراق لە داهاتووی درێژخایەندا دەبێتەهۆی دابەشبوونی توركیا, هەر ئەمەش وایكردووە توركیا لەمپەر لەبەردەم سەربەخۆیی باشووری كوردستاندا درووست بكات, لەم  چوارچێوەدا (p k k) بەهێزترین بیانووە بۆ ئەم مەبەستە, بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی (كۆڵن پاوەڵ) وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەسەرەتای كانونی یەكەمی هەمان ساڵدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە دەبێ‌ عیراقییەكان خۆیان چارەسەرێك بۆ پرسی فیدراڵییەت بدۆزنەوە, هەروەها ڕایگەیاند هەر لەسەرەتاوە ڕای ئێمە وابووە كە عیراق یەكگرتووبێت, بەڵام گەلانی عیراق چۆن وڵاتی خۆیان بەڕێوەدەبەن و ڕێكدەخەن ئازادن, هاوكات جەختیكردەوە كوردەكان خوازیاری ئەوەن پارێزگاری لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بكەن و پێ‌ لەسەر جوگرافیای كوردستان دادەگرن, لەساتەوەختی قۆناغی گواستنەوە و یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا باس لە دەسەڵاتێكی یاسادانی كاتی كرا، كە ناونرا (كۆمەڵی نیشتمانی) لە(275) ئەندام پێكدێت بەپێی یاسای ژمارە (96)ی هەڵبژاردن و یاسای ژمارە (97)ی حیزب و دەستە سیاسییەكان كە دەسەڵاتی كاتی لە (7ی حوزەیرانی 2004)دا دەری كردبوو، كە ڕێژەیەك بۆ ژنان دیاری بكرێت و لە چارەكی سەرجەمی كۆمەڵەی نیشتمانی كەمتر نەبێت، هاوكات یاساكە ئەوەی بە مەرج دانابوو كە دەبێ توێژەكانی گەلی عیراق (توركمان و كلدۆ ئاشورییەكان و ئەوانیتر) بەپێی ژمارەیان نوێنەرانیان هەبێت، هاوكات بەپێی یاساكە پاڵێوراو دەبێ ئەم مەرجانەی تێدا بێت:
1-عیراقی بێت و تەمەنی لە (30) ساڵ كەمتر نەبێت.
2-ئەندامی حیزبی هەڵوەشاوە لە ئەندام فرقە بەرە و سەرەوە نەبێت، مەگەر بەپێی ڕێساكانی یاسا هەڵاوێردرا بێ.
3-گەر ئەندامێكی كارایی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە بووبێ، پێویستە بە نووسین پاكانە لەو حیزبە بكا و سوێند بخوا كە ئیتر كاری بەسەر ڕێكخراوەكانی ئەم حیزبەوە نامێنێت.
4-نابێ لە كاركەرانی دەزگا سەركوتكەرەكانی ڕژێمی پێشوو بێ یاخود دەستی هەبوو بێت لەسەركوتكردنی هاووڵاتیاندا.
4-نابێ بە شێوەیەكی ناڕەوا لەسەر حسابی نیشتمان و دارایی گشتی دەوڵەمەند بووبێ.
5-نابێت بە هیچ تاوانێكی شەرمەزاری حوكم درابێت، پێویستە ناوبانگی پاك بێت.
6-لایەنی كەم دەبێ خاوەنی بڕوانامەی ئامادەی یان هاوتاكەی بێت.
7-لەكاتی خۆپاڵاوتندا نابێ ئەندامی هێزە چەكدارەكان بێت.
پاشان لەدوای هەڵبژاردنەكان بەپێی تەوافق  لە ناو ئەندامانی هەڵبژێراودا سەرۆكێك و دوو جێگر بۆ سەرۆك هەڵدەبژێرێ و پەیڕەوی ناوخۆ دادەنێ‌، كۆمەڵەی نیشتمانی كۆمەڵێك ئەركی سەرەكی هەیە، چاودێریكردنی هەڵسوكەوتی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن و مافی بانگێشكردنی بەرپرسەكانی ڕاپەڕاندن و لێپرسراوەكانی حكومەتی هەیە, پەسەندكردن و هەمواركردنی دەستوور بە دەنگی سێ چارەكی ئەندامان دەبێت، هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران و بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ دەنگی ئامادەبووان یان تێكڕای ئەندامان نیشاندانی ڕەزامەندی لەسەر ئەو كەسانەی كە ئەنجومەنی وەزیران دایان دەمەزرێنێ، وەك گەورە ئەفسەرانی هێزی چەكدار لە پلەی عەمید بەرەو سەرەوە.
یاسای ژمارە (16ی ساڵی 2005) هەڵبژاردن سیستەمی فرە بازنەیی پەیڕەوكرا، بۆ هەر پارێزگایەك بەپێی سنووری ئیدارەی یەك بازنەی هەڵبژاردن پێكدێنێ و بەپێی ژمارەی دانیشتوان كورسی بەردەكەوێ، كە یەك كورسی بۆ (سەد هەزار) كەس، (230) كورسی دابەشكراوە بۆ كۆی پارێزگاكان لە كۆی (275) كورسی و (45) كورسی وەك قەرەبوو و كورسی نیشتمانی دیاریكرا، یاساكە كۆمەڵێك ڕێكار و مەرجی داناوە بۆ دەنگدەران و پالێوراوانی ئەنجومەنی نوێنەران ئەم مەرجانەی خوارەوەی دیاری كردووە:-
1-بە ڕەگەزنامە عیراقی بێت .
2-شایستەیی تەواو هەبێت.
3-لەو مانگەی كە هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام دەدرێت دەبێ (18)  ساڵی تەمەنی تەواو كردبێت.
4-پێویستە ناوی لە تۆماری دەنگدەراندا هەبێت.
پاڵێوراویش جگە لەم مەرجانەی بۆ دەنگدەر دانراوە دەبێ ئەم مەرجانەی تێدابێت:-
1-نابێت تەمەنی لە (30) ساڵ كەمتر بێت.
2-نابێ یاساكانی ڕیشەكێش كردنی بەعسی بیگرنەوە.
3-نابێت بە شێوەیەكی ناڕەوا و لەسەر حیسابی نیشتمان و دارایی گشتی دەوڵەمەند بوو بێت.
4-نابێت بە تاوانێكی پڕ شەرمەزاری سزا درابێ و پێویستە ناوبانگی باشی هەبێت.
5-دەبێ بڕوانامەی دواناوەندی یان بەرامبەرەكەی هەبێ.
6-نابێ لەكاتی خۆپاڵاوتندا ئەندامی هێزە چەكدارەكان بێت.
دوای ئەوەی بۆ سێیەمین جار پێشنیاری هەڵبژاردن كرا, ئەویش زیاتر شیعەكان جەختیان لە هەڵبژاردن دەكردەوە، كە دەیانزانی زۆرینەن لە دابەشكردنی پشكەكاندا بەپێی شایستە دیمۆگرافییەكان غەدریان لێكراوە، بە هەڵبژاردن دەتوانن ئەو مافانە بگەڕێننەوە زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و پۆستەكانی حكومەت بەدەستبێنن، دواتر بڕیار لەسەر دەنگدان بۆ ڕەشنووسی دەستوری هەمیشەیی درا .                       
ڕاپرسی لەسەر ڕەشنووسی دەستوری هەمیشەیی
 هەروەها بەو پێیەی  لەلایەن لیژنەیەكەوە ڕەشنووسی دەستوری هەمیشەیی ئامادەكرا, لە پاش مشتومڕ و گفتوگۆیەكی زۆر ڕۆژی  (15/10/2005)دا ڕاپرسی لەسەر دەستوری هەمیشەیی لە سەراپای وڵاتدا ئەنجامدرا, كۆی دەنگدەران لە پارێزگای كەركوك (542688) دەنگدەر بوو لەو ژمارەیە (341426) بە بەڵێ دەنگی دا بە ڕێژەی (62.91) هەروەها ژمارەی دەنگدەران بەنەخێر (201262) بوو كە ڕێژەكەی دەكاتە (37.09), لە كۆی پارێزگاكانیش (9.852.291) كەس دەنگیاندا, كە ڕێژەی بەڵێ (78.59) و دەنگی نەخێریش بە ڕێژەی (21.41) لە سەرانسەری وڵاتدا, بەپێی ڕاگەیاندنی كۆتایی (كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان) تێكڕای ڕێژەی بەشداربوو (63%) بوو لە سەرجەم پارێزگاكاندا, ئەوەی بەدی دەكرێت پارێزگا سوننەكان كەمتر بەشداریان لەم ڕاپرسییەدا كرد, ئەوانەش بەشداریان كرد بەشی زۆریان بە نەخێر دەنگیاندا, بەڵام بە پێچەوانەوە شیعەكان و كوردەكان زۆربەی هەرە زۆریان بەشداری پرۆسەكەیان كرد و بەبەڵێ‌ دەنگیاندا, لەم ڕاپرسییەدا ئەو ڕاستییەیان دووپاتكردەوە عیراق چۆن دابەشبووە هەریەكە لەو سێ پارێزگایەی تەواوی دانیشتوانەكەی كوردن بە ڕێژەی (99%) بە بەڵێ‌ بۆدەستوورەكە دەنگیاندا, هەروەها ڕێژەی دەنگدان بە بەڵێ لە(نۆ) پارێزگا شیعەكەی باشووردا لە نێوان (95 بۆ 98) لە سەدا بوو, بە پێچەوانەوە پارێزگای سەلاحەدین ئەو پارێزگایەی زۆرینەی دانیشتوانەكەی عەرەبی سوننەن بەڕێژەی (81%) دەنگیان لە دژیدا, لە پارێزگای ئەنباریش بە هەمان شێوە دانیشتوانەكەی عەرەبی سوننەن بەڕێژەی (97%) لە دژی دەستور دەنگیاندا, لەبەرئەوەی دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا بەڕێژەی (60%) لە عەرەبی سوننە پێكدەهات, بە ڕێژەی (54%) دەستوورەكەی ڕەتكردەوە, ئەم ڕێژەیە كەمتر بوو لە ڕێژەی دوو لەسەر سێ بۆ عەرەبە سوننەكان تاوەكو پێكەوە دەستوورەكە ڕەتبكەنەوە, هەربۆیە دەستوورەكە پەسەندكرا, بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە بری ئەوەی ئەم دەستوورە ببێتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكانی عیراق بۆ قوڵكردنەوەی پرۆسەی بە دیموكراسی كردنی ئەم وڵاتە, ئەوا تەواو بەپێچەوانەوە بووەتە فاكتەری توندبوون و قوڵبوونەوەی ململانێ‌ و ناكۆكی لەنێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی عیراقدا, عەرەبە سوننەكان چ لەكاتی داڕشتنەوەی دەستور و چ لە كاتی پەسەندكردنیدا, پاڵپشت بە وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی هەوڵیاندا لە ڕێگەی چەند مانۆڕێكی سیاسی و دیبلۆماسییەوە خۆیان لە هەر پابەندبوونێك بەو بەند و مادانەی دەستور بدزنەوە, كە لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە, بۆئەم مەبەستەش لەلایەك تەنیا ڕۆژێك پێش پرۆسەی ڕیفراندۆم لەسەر دەستور, بەندێكیان خستە نێو دەستورەكەوە كە ئەویش بەندی (142) بوو لە پێناو هەمواركردنەوەی دەستوردا, لەلایەكیترەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا كەوتنە ڕەتكردنەوەی دەستور و دژی دەنگیاندا, هەرچەندە بۆ كوردیش دەكرێ‌ بڵێین هەنگاوێكی باش بوو وێڕای هەموو ئەو ململانێ‌ و ناكۆكیانە كۆمەڵێك لە مافە نەتەوەییەكانی كورد سەلمێنرا, كە تیایدا هەرێمی كوردستان بە هەرێمێكی یاسایی دەناسێنێ‌ و داندەنێ‌ بە  هەرێمی كوردستاندا  و دەسەڵاتەكانی وەك هەرێمێكی فیدراڵی تیادا هاتووە, بەمشێوە جگە لە هەندێ مافی نەتەوەییتر بۆ گەلی كورد, لەلایەكیترەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە تازە ڕزگاركراوەكان كە دووچاری سیاسەتی تەعریب و پاكتاوی ڕەگەزی هاتوون, بەندێكی تایبەتی بۆ تەرخانكراوە, كە بریتییە لە مادەی (140) كە بە شێوەیەكی ڕوونتر بە میكانیزمێكی دیاریكراوتر لە مادەی (58)ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عیراقی بۆ قۆناغی گواستنەوە, جەخت لەسەر یەكلایی كردنەوەی ئەم كێشە دەكات, بە  یاساییبوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاوبەشی و یەكسانی زمان و شایستە داراییەكانی هەرێم و سێكتەری نەوت و غاز ..هتد, زۆر خاڵیتر دەكرێ بڵێن زۆربەی بەندەكانی ئەم دەستوورە لە چوارچێوەی تیۆریدا ماونەتەوە, هەمیشە حكومەتی ناوەند خۆی لە زۆرێك لە مافە دەستوورییەكان دەدزێتەوە, بۆیە عیبرەت لە جێبەجێكردنە. 
ئەنجومەنی نوێنەران پاش پرۆسەی ئازادی
 لەپاش جەختكردنەوەی حكومەتی گواستراوەی عیراقی  لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ماوەی ساڵێك, كەناونرا (الجمعیە الوگنیە الانتقالیە) ئەنجومەنی نیشتمانی گواستراوە هەروەها (پەرلەمانی كاتی و ئەنجومەنی نوێنەرانی كاتی)یشی پێدەوترا, لە ڕۆژی (30ی كانونی دووەمی 2005)دا پرۆسەكە ئەنجامدرا, بەشێوەی یەك بازنەی هەڵبژاردن, ئەو دەمە ژمارەی دانیشتوان (2714200) كەس مافی دەنگدانی هەبوو, تێیدا (307) قەوارەی سیاسی كێبەركێیان كرد, لەگەڵ (19) هاوپەیمانی كە دیارترینیان هاوپەیمانی یەكگرتووی عیراق كە حیزبە شیعە ئاینییەكانی لەخۆدەگرت هەریەكە لە وەكو مجلس ئەعلا و حیزبی دەعوە و بزووتنەوەی موقتەدا سەدر و لیستی عیراقییە كە پێكهاتبوو لە هاوپەیمانێتی نیشتمانی عیلمانی بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی و لیستی كۆنگرەی نیشتمانی عیراقی بەسەرۆكایەتی ئەحمەد چەلەبی و لیستی هاوپەیمانی كوردستان كە پێكهاتبوو لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان, لەم هەڵبژاردنەدا (6655) پاڵێوراو خۆی پاڵاوتبوو بۆ (275) كورسی پەرلەمانی, كە (5578) ناوەندی دەنگدان بۆ (18) پارێزگاكە دانرا, لە دەرەوەی عیراقیش (1,250000) كەس دەنگیاندا, دەنگی یەكەم لیستی هاوپەیمانییەتی یەكگرتووی عیراق ژمارە (169) بوو بە (4075295) دەنگ و بە ڕێژەی (48%) كۆی دەنگەكانی بەدەستهێنا كە دەیكردە (140)كورسی پەرلەمانی, لەم هەڵبژاردنەدا لیستی هاوپەیمانی كوردستان ژمارە (130) بەركەوت دەنگی دووەمی هێنا, ژمارەی دەنگەكانی (2175551) دەنگ و بە ڕێژەی (25,72 %) لە كۆی ژمارەی دەنگدەرانی بە دەستهێنا ژمارەی كورسییەكانی (75) كورسی بوو, هەروەها كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دوو كورسی بە دەستهێنا, ڕێژەی بەشداربووان گەیشتە (79,6)ە لەكۆی ڕێژەی دەنگدەران, بۆ ژنانیش سیستەمی كۆتا جێبەجێكرا كە (25%)ی نوێنەران بوو, حكومەتی ڕاگوزەر پێكهێنرا و بەدەنگی پەرلەمان (ئیبراهیم جەعفەری) بووە سەرۆكی حكومەت, بەهەمان شێوە دەنگ لەسەر ئەنجومەنی سەرۆكایەتی درا و مام جەلال بە سەرۆك و ( غازی یاوەر و عادل عەبولمەهدی) جێگری بوون, ئەمەش بۆ كورد زۆر گرنگ بوو لە مێژووی عیراقدا بۆ یەكەمین جارە كوردێك دەبێتە سەرۆك كۆمار, دواتریش بڕیار لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق درا كە پێكدێت لە (275) كورسی پەرلەمانی و بۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستانیش  (111) كورسی چەسپێنرا, هاوكات هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت و بۆ هەرپارێزگایەك (41) ئەندام دانرا جگە لە پارێزگای بەغداد (51) ئەندامی بۆ دانرا, ئەویش پەیوەندی بە زۆری ژمارەی دانیشتوانەوە هەبوو.   
دواتریش خولی یەكەمی هەڵبژاردنی نوێنەرانی عیراق بەسەرپەرشتی (كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان) لە ڕۆژی (15ی كانونی یەكەمی 2005)دا لە سەرتاسەری عیراقدا پرۆسەكە ئەنجامدرا، بەمەبەستی دامەزراندنی حكومەتێكی نیشتمانی بۆ ماوەی چوار ساڵ, كە (6655) پاڵێوراو كێبڕكێیان كرد بۆ (275) كورسی, بەپێی یاساكە ماوەی هەر خولێك بۆ (4) ساڵ دیاریكرا، (307) قەوارەی سیاسی و (19) هاوپەیمانی، لەلایەن (كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان)ەوە ئەنجامی كۆتایی ڕاگەیاندرا, لیستی براوەی بەشداربوو لەم خولەدا بەم شێوە بوو: هاوپەیمانی یەكگرتووی عیراق (الائتلاف العراق الموحد) توانی (128) نوێنەر سەربخات,  هاوكات لیستی هاوپەیمانی كوردستان ژمارە (730)ەی بەركەوت كە پێكهاتبوو لە پارتی و یەكێتی (53) كورسی بەدەست هێنا و دەنگی دووەم بوو, ژمارەی دەنگەكانیان (2642172) بوو, هەروەها لیستی یەكگرتووی كوردستان توانیان ببنە خاوەنی (157688) دەنگ و كە دەكاتە (5) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران, هاوكات لیستی بەرەی سازاندنی عیراق (جبهە التوافق العراقیە) دەنگی سێیەم بوو (44) نوێنەری بۆخۆی مسۆگەر   كرد, شاری كەركوك بەپێی ژمارەی دانیشتوان ( 9) نوێنەری بەركەوت هاوپەیمانی كوردستان (5) كورسی بەدەست هێنا، لێرەدا دەردەكەوێت كە كورد لە یەكەم خولدا بەڕێژەی نیوە زیاتر بەشدار بووە لە كۆی نوێنەرانی لیواكە.
 لە هەڵبژاردنی ( كانونی دووەمی2005)ی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا پارێزگای كەركوك (41) كورسی بۆ دانرا, هاوشێوەی پارێزگاكانیتر جگە لە پارێزگای بەغداد (51) ئەندامی بۆ دیاریكرا, ئەویش لەبەرئەوەی ئەو دەمە ژمارەی دەنگدەرانی (3,700000) دەنگدەر بوو,   لیستی ژمارە (367) دانراوە بۆ لیستی برایەتی كەركوك بە سەركردایەتی كوردەكان كە (عەرەب, كریستیان, توركمان) بەشێك لەو نەتەوانەی لە خۆگرتبوو, لە ئەنجامدا (26) كورسیان بەدەستهێنا و كە ڕێژەی سەدی دەكاتە (63,41) هەروەها كۆی لیستەكانیتر بەهەموویانەوە (15) كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكەیان بەدەستهێنا كە ڕێژەكەی دەكاتە (36,59) لەكۆی دەنگدەرانی پارێزگاكە, ئەم سەركەوتنەی لیستی برایەتی كەركوك لە بەشێكیدا بۆ ڕێگەپێدانی دەركراوەكان دەگەڕێتەوە بۆئەوەی لە كەركوكدا دەنگ بدەن ئەگەرچی هێشتا نەگەڕابوونەوە بۆشوێنی خۆیان, لە دوای ئەمە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ساڵانی (209- 2013) لە پارێزگاكانیتر ئەنجامدرا, ئیدی لەو كاتەوە هەڵبژاردن نەكرا, لەكاتێكدا دەبوو چوار ساڵ جارێك بكرایە, هەرچەندە لە پارێزگای كەركوك تەنیا یەك هەڵبژاردن كرا ئەوەی كە ئاماژەمان پێكرد, ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆئەو ئەنجامەی كوردەكان بەدەستیان هێنا, ئیدی دەسەڵاتی ناوەند هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای  لە كەركوك ڕاگرت, هەروەها لیستی برایەتی كەركوك گەلێ‌ كاری گرنگیان ئەنجامدا ڕەنگە لێرەدا دەرفەت نەبێت قسەی لەسەر بكەین بەڵام یەكێك لەكارەكانیان لادانی ناوی (التامیم) و گەڕاندنەوەی ناوەكەی خۆی بۆ كەركوك , هاوكات بەرزكردنەوەی یاداشتێك بۆ ئەنجومەنی وەزیران لە (31ی تەموزی 2008)دا پاڵپشت بە یاسای ژمارە (13ی ساڵی 2008) بۆئەوەی كەركوك بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان, كە دواتر لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕەتكرایەوە, بۆماوەیەكیش پرۆژەی هەرێمی كەركوك قسە و باسی زۆری لەسەر كرا دیسانەوە ئەم پرۆژەش نەیاری زۆری هەبوو, هەمیشە لە دژی كەركوك پیلان و دەستێوەردانی ناوخۆیی و هەرێمی ئامادەیی هەیە, هەر بۆیە كێشەكە بێ چارەسەر ماوەتەوە و تادێ‌ پرسەكە ئاڵۆز و  قوڵتردەبێتەوە و خاڵی ناكۆكییەكان زیاتر دەبێت.       
 خولی دووەمی هەڵبژاردنی نوێنەرانی عیراق (26ی مارسی2010) ئەنجامدرا, لە (6281) پاڵێوراو (1813) یان ژن بوو, كە دابەشبوو لە نێوان (12) هاوپەیمانێتی گەورە و (167) قەوارەی سیاسی  بۆ (325) كورسی پەرلەمانی كە سەرۆك كۆمار و سەرۆك ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكانی هەڵبژێرن، ئەو دەمە (310) كورسی دانرا بۆ كۆی پارێزگاكان (8) كورسی بۆ كەمینەكان و (5) كورسی بۆ مەسیحی و سائیب و شەبەك و یەزیدییەكان بۆ هەر یەكە و یەك كورسی، هاوكات (7) كورسی قەرەبوو بۆ ئەوانەی گەورەترین و زۆرترین دەنگیان بەدەست هێناوە، لیستی عیراقییە بە سەرۆكایەتی (ئەیاد عەلاوی) دەنگی یەكەم بوو (91) كورسی بەدەست هێنا, لیستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی (نوری مالیكی) لە ڕیزیەندی دووەم (89) كورسی بە دەست هێنا, هاوپەیمانی نیشتمانی عیراق پلەی سێیەم و هاوپەیمانی كوردستان دەنگی چوارەم بوو، لە كەركوك هاوپەیمانی كوردستان (6) كورسی بەدەست هێنا لە (12) كورسی، لیستی عیراقییە (6) كورسی, لە كۆی (317) كورسی بۆ كۆی پارێزگاكان و (8) كورسی بۆ كۆتایی كەمینەكان.  
خولی سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران  لە (30ی اپرڵا 2014)دا ئەنجامدرا, یەكەمین هەڵبژاردنە لە دوای ئەوەی لە (2011) سوپای ئەمریكا لە عیراق پاشەكشەی كرد, كە كێبڕكێ لە نێوان (277) حیزب و قەوارەی سیاسی  و (36) هاوپەیمانی  بۆ (328) كورسی كرا, لەم خولەدا (22) ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەبوو, بەڵام لەو ژمارەیە (12) ملیۆن بەشداری پرۆسەكەیان كرد, لەدەرەوەی وڵاتیش لە (19) وڵاتدا یەك ملیۆن هاووڵاتی عیراقی مافی دەنگدانیان هەبوو نیو ملیۆن چوونە سەر سندوقی دەنگدان, ئەو دەمە و لەكاتی پرۆسەكەدا (9045) پاڵێورا و كە ڕێژەی پیاوان (73%) و ژنانیش (27%) خۆیان كاندیدكردبوو, هەروەها لە پارێزگای كەركوك (314) پاڵێورا و كە (226) پیاو و (88) یان ژن بوو, ئەو دەمە و لەكاتی پرۆسەكەدا چەندین تەقینەوە لە (بەغداد و تكریت و دیالە و كەركوك) كە دوو ژنی یەك خێزان لە كەركوك كوژران, لە نزیك ناوەندی دەنگدان لە (دیالە) چواركەس, ئەویش لەبەرئەوەی دەنگدەران بەشداری پرۆسەكە نەكەن, ئەوەی جێی سەرنجە كارە تیرۆیستی و تەقینەوەكان لە ناوەڕاست و ناوچەی سوننەنشین ئەنجام دەدرا, دوای ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان  لە (19/5/2014) ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند، لە كەركوك كورد (8) كورسی بەدەست هێنا لە كۆی (12) كورسی پارێزگاكە, كە ئەمەش باشترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی كوردستانی بوونی كەركوك بە تایبەت بۆ ئەوانەی خۆیان لەم ڕاستییە دەشارنەوە.
 خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە (10ی ئایاری 2018)دا, هێزە ئەمنییەكان و تایبەتەكان  بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كرد, كە (943 هەزار و 639دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو, بەسەر (494) بنكەی دەنگدان و (2000 و 239) وێستگەی دەنگداندا دابەشكران, لە دەنگدانی تایبەتدا ڕێژەی بەشداربوو (78%) بوو, هاوكات ژمارەی بەشداربووانیش (709هەزار و 396) دەنگدەر بوو, هەروەها لە (12ی ئایاری 2018)دا ژمارەی دەنگدەرانی تۆماركراو (24ملیۆن و 349هەزار و357دەنگدەر بوو, لەم خولەدا (8 هەزار و 959) بنكەی دەنگدان كە (55 هەزار و 232) وێستگەی دەنگدانی لە خۆگرتووە, ژمارەی دەنگدەرانی بەشداربوو (نۆ) ملیۆن و (952هەزار و 264)دەنگدەرە ڕێژەی بەشداربوو (44,52%) بوو, لەم هەڵبژاردنەدا (6904) پاڵێوراو كێبەركێیان كرد بۆ (329)كورسی ، كە تەنیا لە بەغداد (1985) پاڵێوراو لە كەركوك (192) پاڵێوراو, پارێزگای كەركوك (12) كورسی بوو, لیستی عیراقییە شەش كورسی بەدەست هێنا و كوردیش بە هەمان شێوە شەش كورسی كە دەكاتە ڕێژەی (50%) كۆی پشكی پارێزگاكە واتە نیوەی كورسییەكان, لە كاتێكدا لەدوای (16ی ئۆكتۆبەرەوە ڕەوشی پارێزگای كەركوك لەڕووی ئیداری و ئەمنییەوە گۆڕانێكی گەورەی  بەسەردا هات و زۆرێك لە كوردەكان دیسانەوە ئاوارەبوون و شارەكەیان بەجێهێشت, تا ڕادەیەك تووشی ڕەشبینی و نائومێدی بوون لە حیبزبە كوردییەكان .  
هەڵبژاردنی پێش وەختەی ئەنجومەنی نوێنەران
هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراقدا دەرئەنجامی بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕازیی شەقام و     خۆپیشاندانەكانی(تشرینی 2019)بوو, كە زۆربەی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراقی گرتەوە, لەبەرامبەردا كاردانەوەی توندی حكومەت بووە هۆی كوژران و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆری لێكەوتەوە، كە بۆ یەكەمین جارە هێندە كوژراو و بریندار تۆمار بكرێت, هەروەها سووربوون لەسەر پێداچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی پێشوەخت و چارەسەركردنی پرسی گەندەڵی و بێكاری وخزمەتگوزاری و...هتد, لەژێر فشاردا سەرۆكی حكومەت (عادل عبدالمهدی) دەستی لەكاركێشایەوە, كە یەكێك بوو لە داواكارییە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەران, دوای مشتومڕێكی زۆر (مصگفی كاڤمی) دەنگی پێویستی بۆ كۆكرایەوە و توانی لە مانگی ئایاردا حكومەتی ڕاگوزەر پێكبهێنێت و لە ئەنجومەنی نوێنەراندا پەسەندكرا، لەسەرەتاوە بەڵێنی زۆریدا كە لە (حوزەیرانی 2021)دا هەڵبژاردنی پێش وەختە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لەژێر كۆمەڵێك لەمپەر و پاساودا نەكرا، پاشان دواجار (10ی ئۆكتۆبەری2021)ە دیاریكرا و پرۆسەی پێنجەم خولی پەرلەمان ئەنجامدرا، كە ژمارەی دانیشتوانی عیراق بە (40) ملیۆن و دووسەد هەزار كەس خەمڵێنراوە, هاوكات لە سەرانسەری عیراقدا (24299927) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بۆ یەكەمجار (988435) هەزاركەس مافی دەنگدانیان هەیە, واتە دەنگدەری نوێن, كە سیستەمی فرە بازنەیی تاك پاڵێوراوە بازنەی هەڵبژاردن لە (18) بازنەوە بۆ (83) بازنە و (8273) سندوقدا دابەشكران بەسەر پارێزگاكانی عیراقدا, ئەمەش بەمەبەستی دەرفەتدان بە كەسانی سەربەخۆ و بێلایەن و كەمكردنەوەی هەژموونی باڵا دەستی حیزبی و ڕێگەگرتن لە ساختەكاری, هاوكات (109) حیزب و (261) هاوپەیمانێتی تیادابوو لەگەڵ (3240) كاندیددا, كە لەو ژمارەیە (951)یان بەربژێری ژنان بوو, بە پێی یاسا كە بۆ هەر بازنەیەك یەك كورسی بۆ ژنان تەرخان كراوە, لەگەڵ ئەمانەشدا (789) پاڵێوراوی سەربەخۆ خۆیان كاندید كردبوو, هەروەك لە یاساكەدا هاتووە: كاندید دەتوانێ‌ تەنیا لە یەك بازنەی هەڵبژاردندا خۆی كاندید بكات, بەپێی ئەم سیستەمە دەنگەكان لەبەربژێرك بۆ بەربژێرێكیتر ناڕوات, هەروەها لەم خولەدا (1249) چاودێری نێودەوڵەتی و (147152) چاودێری ناوخۆیی وڵات چاودێری پرۆسەكەیان كرد, جیا لە ڕۆژنامەنووسی بیانی كە ڕووماڵی پرۆسەكەیان دەكرد, هەڵبژاردنەكە لە(حەوت)ی بەیانی دەستی پێكرد و لە (شەش)ی ئێوارە كۆتایی هات, هەرچەندە بڕیاربوو لە (24) كاتژمێردا ئەنجامی كۆتایی ڕابگەیەنرێت، بەڵام ئەمەش لەبەر هەندێ‌ هۆكار نەكرا، هەربۆیە بووەتەهۆی درووستكردنی گومان و دڵەڕاوكێ لەسەر كۆی پرۆسەكە, لەدوای چەندین ڕۆژ و سكاڵاكردن و خۆپیشاندان و كۆنگرەی ڕۆژنامووسی لەسەر ئەنجامە بەرایی و كۆتاییەكانی هەڵبژاردنەكە و ژماردنی دەستی زۆربەی هەرەزۆری سندووقەكان, دواجار ئەنجامی كۆتایی ڕاگەیەنرا تانووسینی ئەم بابەتە و شەش مانگە هێشتا حكومەت پێكنەهێنراوە. 
بەهەمان شێوە پارێزگای كەركوك (12) كورسی بۆدیاریكرا بەپێی ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی ( 1,726,409) كەس بوو, لە (11ی تشرینی یەكەمی 2021)دا ئەنجومەنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند و دواتریش لە (30ی تشرینی دووەمی 2021)دا ئەنجامی كۆتایی ڕاگەیەنرا, بەهەمان شێوە كورد شەش كورسی بۆخۆی مسۆگەركرد, لەم هەڵبژاردنەدا زۆرێك لە حیزبە كوردستانییەكان بە لیستی جیاواز بەشداری پرۆسەكەیان كرد و (17) پاڵێوراویان هەبوو, ئەمە لەكاتێكدا لە دوای (16ی ئۆكتۆبەر) زۆرێك لە كوردەكان ئاوارەی شارەكانی هەولێر و سلێمانی گەرمیان بوون و زۆرێك لەوانە بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان نەكرد, وەك لە خشتەی خوارەوەدا دەردەكەوێ‌ لەم (5) خولەی دوای پرۆسەی ئازادی عیراقدا, كوردەكان توانیان لە كۆی (57) كورسی (31) بەدەستبێن و كۆی نەتەوە و لیستەكانیتر بە هەموویانەوە (26) كورسیان بە دەستهێناوە كەدیسانەوە ژمارەی نوێنەرانی كورد لە نیوە زیاترە,لەبەرئەوەی لیستەكان بە هاوپەیمانێتی بەشداردەبن نەتوانرا وردەكاری لە جیاكردنەوەی نوێنەران بكرێت لە ڕووی نەتەوەییەوە, كەواتە لە ساڵانی (1925-2021) كە (21) خولی هەڵبژاردن لە عیراقدا  ئەنجامدراوە جگە هەڵبژاردنی سەردەمی بەعس كە پێنج خول بوو, كۆی نوێنەرانی هەڵبژێراوی كەركوك دەكاتە(158) نوێنەر لەو ژمارە پشكی نوێنەرانی كورد (93) نوێنەرە, لە پارێزگای كەركوك لەكۆی  لە كۆی هەڵبژاردنەكاندا لە پارێزگای كەركوك هەمیشە ژمارەی نوێنەرانی كورد هیچ جارێك لە نیوە كەمتر نەبووە, بەڵكو زۆربەی خولەكان یان نیوەی كورسییەكانی بەدەست هێناوە یا لە نیوە زیاتربووە, ئەمەش باشترین بەڵگەیە بۆسەلماندنی كوردستانییەتی كەركوك, وێڕای ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا و ڕاگواستنی دانیشتوانی كورد و هاوردەكردن و نیشتەجێكردنی عەرەب لە شارەكەدا, هاوكات گۆڕینی یەكە ئیدارییەكان بە تایبەت ئەوانەی زۆرینەیان كورد بوون و لكاندنیان بە پارێزگاكانیترەوە. گەر سەیری خشتەی خوارەوە بكەین لە خولەكانی دوای پرۆسەی ئازادی كە پێنج خولە كۆی كورسییەكانی پارێزگای كەركوك (57) نوێنەرە لەو ژمارەیە كورد (31) نوێنەری سەرخستووە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران, لەبەرئەوەی لیستەكان زۆرجار تێكەڵن و نەتەوەكانیتری لەخۆگرتووە نەمتوانی نەتەوەكانی عەرەب و كورد جیابكەمەوە و وردەكاریتری تیادا بكەم. 



                                  خشتەی ژمارە (2)        
نوێنەرانی كەركوك بەپێی نەتەوە لە خولەكانی هەڵبژاردنی دوای پرۆسەی ئازادی     
خول نوێنەران كورد ئەوانی دیكە
١ 9 5 4
٢ 12 6 6
٣ 12 8 4
٤ 12 6 6
٥ 12 6 6
كۆی گشتی 57 31 26
      سەرچاوە: كاری نووسەر پشت بەستن بە سەرچاوەكان



 سەرچاوەكان:
1- نەوزاد عەبدوڵڵا هێتوتی, دۆزی كورد لە عیراقدا, چاپخانەی خانی دهۆك, 2009 .
2-ئاریان م  حمد عەلی, دەسەڵاتی یاسادانان لە سیستەمی سیاسیی عیراقدا, گۆڤاری سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیجی, ژ 2,ساڵی هەژدەهەم, ئابی 2010 
3-ڕزگارحاجی حەمید, چیم نووسی, بەرگی یەكەم, چاپی یەكەم, چاپخانەی چوارچرا, 2020
4-تەحسین نامق, كەركوك ئاوڕێك لە ڕابردوو, دیدێك بۆئایندە, چاپ: دەزگای چاپ و پەخشی حەمدی, سلێمانی, 2009 
5- پیتەر.گالبرێت,كۆتایی عێراق چۆن نەشارەزایی ئەمریكا شەڕێكی بێ كۆتاییلە عیراق هێنایە ئارا, و/ مەروان كاكل –هێمن غەنی, چاپخانەی هاوسەر, هەولێر 2009 
6- ویكبیدیا الموسوعە الحرە, تصنیف الانتخابات فی العراق. 
https:// wikipedia.org