مەرگی مۆراڵی سیاسی

هاوڕێ توانا 09/10/2021


شکانی شکۆی سیاسەت پەیوەندی بە خودی سیاسەت خۆیەوە نیە بەڵکو کێشەی کێشەکان فۆرمێکە لەسیاسەت، واتا ئەوە سیاسەت نیە 
شکۆی شکێندراوە، بەڵکو جۆرو شێوازی سیاسەتکردنە، چونکە کاتێک سیاسەت وەک تیۆر بریتی بێت لە چاکەی گشتی و هونەری بەڕێوەبردن، ئیدارەدانی جیاوازیەکان، کەچی لەکاتی تەرجەمەکردنیدا ڕێک  دەبێتە فرتوفێڵ و هونەری لەخشتەبردن. لەوکاتەدا ئەوە سیاسەت نیە قێزەون دەنوێنێت و دەبێتە بەڵا بەسەر کۆمەڵگاوە، بەڵکو ڕێک ئەوە ئەو سیاسەتکارو، کارکتەرەو  سەرۆک و سکرتێر و کادیرانەن کە بە درووستی سیاسەتیان بە کەسابەتی کەسی خۆیان و خێزانیان مانا کردووە، هەڵبەت ئەمە تەنها بۆ کایەی سیاسی ڕاست نیە بەڵکو بۆ حیزب و ڕێکخراو و جۆڵانەوەی کۆمەڵایەتیش ڕاستە، هەر بۆ نموونە ڕاییەکی بڵاو لە کۆزەینی گشتی جێکەوتکراوە،دەڵێت (حیزب و حیزبایەتی پێشگیری تەبایی و پێشکەوتنە  یان حیزبایەتی بۆتە بەڵا بە سەر ژیان و ژیاری خەڵکەوە،) ئەم هەڵە هەڵسەنگاند و گشتاندنە ڕاهاگەرایە چەندە نادرووست و خراپە،  دوو ئەوەندەش ترسناکە.
خراپە چونکە ڕەهاگەرایە وەسف و پێناس و وەزیفەی حیزب نیە، ترسناکیشە چونکە ڕێبەرو کارکتەرە هەمەکارەکانی حیزب لە ڕێگای جێکەوت بوونی ئەم ڕایە کایەی حیزب  مۆنۆپۆڵ دەکەن و خەڵک تەوەلا دەکەن لە بەشداری سیاسی، ڕای درووست ئەوەیە حیزب  بەڵا نیە بەڵکو بەڵا ئەم فۆڕمە بەرکارەی ئێستای حیزبایەتیە،  
ئاخر حیزب وەک دەزگایەکی مۆدێرن و کەناڵی سیاسەتکردن، هێشتا خەیاڵی خێڵ و دەزگا  کلاسیکەکانی بەسەرەوەیە،  بێگومان  خراپ و   ترسناکی ئەم ستایلەی حیزب هەر لە تێخزاندنی نەریتی خێڵە، ڕامێنن کێشەی ئەمڕۆی تەورەسی سیاسی هەر لە بناوانی ئەم ترادیسیۆنە خێڵایەتیە ئاو دەخواتەوە ، گەشانەوەی حیزبی خێزانی و بنەماڵەیی تا ئێستاش تەجاوز نەکراوەو، هەر ئەمەشە بۆتە تەشویهی حیزب و تۆراندو ڕەتاندنی خەڵک لەسیاسەت و حیزبایەتی.
ڕێچارە تەنها ئەوەیە  کەوا لە پاڵ دووبارە پێناسەکردنەوەی چەمک و کایە شێوێندراوەکان، کایەیەکی ترهەیە کە کۆمەک بەو فەزا خەلاقه دەکات، ئەویش کایەی ئەخلاق و چەمکی بەرپرسیاریەتیە، تۆراندن و تەولا بوونی ئەخلاق و مۆڕاڵ لە سیاسەتکردن و  حیزب و حکومڕانی  شا هۆکارەی ئەم دۆخە بەرکارەیە،  ڕوون و ڕەوان تا ئەخلاق تێکەڵ بە کایەی سیاسی نەکرێتەوە تاوەکو بەپرسیاریەتی دۆناو دۆنی حیزب و حکومڕانی نەکرێتەوە، تا ئەم مۆدێل و ستایلە لە حیزب نەڕەتێندرێت ، ئەوا  ئێمە  هەر لەو فەزا  پەڕ لە فەوزایەدا دەمێنینەوە.