لێکەوتەو دەرهاویشتەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق

مامۆستا بورهان پێش 2 هەفتە

لە ١٠ی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا پێنجەمین خولی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دەدرێت.
پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەمساڵ لە عێراق کۆمەڵێک ھەلومەرج و لێکەوتە و دەرھاویشتەی  نوێی دەبێت.
لە ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیەدا، ئەگەری ئەوەش ھەیە شەقامی سیاسیی عێراق بە شێوەیەک لە شێوەکان دابەش ببێت، ئەگەر بێت و لەسەر بەرژەوەندییەکان نەسازێن. ئەزموون و مێژوو پێمان ئەڵێن،  کلیلی بارودۆخی عێراق لە ھەردوو باردا ، لەژێر فشاری ھێزدایە.
لەو ھاوکێشەیەدا ھەندێک لایەن دڵنیانەبن، لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان کەلەبەرژەوەندیان دەبێت، ئەوە ئەگەری تێکدانی رەوشەکەش لەگۆڕێیە و نابێت بێخەم بین.
 ئەوا دەبینیین ھەر لەئێستاوە کار بۆ زەمینەسازی و گەڕانەوەی عێراق بۆ حازینەی عەرەبی دەکرێت. 
ئەوەش خۆی لەخۆیدا سەرەتای ورووژاندنی کێشەیەکی مێژینەیە، لە مێژووی عێراقدا،  عێراقیەکان ئەزموونێکی تاڵیان لە میانی سەدەیەکدا لێ چێشتووە.
بەستنی کۆنگرەی لووتکەی بەغداش، بە پلان لەپێناو ئەو ئامانجەدا بەستراوە.
ئاشکرایە کازمی نوێنەرایەتی ئەو ھێڵ و ئاراستەیە بە پشتیوانی «بزوتنەوەیی٨ ی تشرین و خۆپیشاندەران ،جیھانی عەرەب ، ھاوپەیمانەکانیان» دەکات.
لێ ئەمریکا راستەوخۆ خۆی لە بەستنی ئەو کۆنگرەیە  وەدەرنەخست، بۆ ئەوەی ھەستی ئێران نەوروژێنێت و پەرچە کرداری توندیان نەبێت.
وەکو ئاشکراشە ئەو کۆنگرەیە و چۆنێتی بەستنی زیاتر لەژێر چاودێری و  ھەژموونی پاشا و سەرۆک و میرە عەرەبەکاندا بەڕێوەچوو ، بە مبارکەی سەرۆکی فەرەنسا.
کە لەم ساتەدا فەرنسا رۆڵی نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکاو ئێران و وڵاتانی ناوچەکە  بە پشتیوانی ئەڵمانیاو یەکێتی ئەوروپا دەگێڕێت.
بۆیە پێدەچێت ئەمریکا و ئەوروپا و رۆژئاوا بەگشتی پیلانێکی نوێیان بۆ  دارشتنەوەیی نەخشەی سیاسیی ناوچەکەو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەبێت.
 بۆیە راستەوخۆ دوایی کۆتاییھاتنی کۆنگرەی لووتکە، ھەردوو وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا داوایان لە وەزیری نوێی دەرەوەی ئێران« حوسێن عەبدولھەیان» کرد بەزووترین کات  بۆ  گفتوگۆکردن لەسەر چالاکی ئەتۆمی بگەڕێتەوە.
دیارە لەم ھەلو مەرجە ئاڵۆزەی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا، ئەمریکا ئەولەوێتی سیاسەتی دەرەوەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەگوێزێتەوە بۆ شوێنێکی تر، بۆ نموونەلەوانەیە بۆ بەرەنگار بوونەوەی چین بێت . ئەو ڕۆڵەش بە ئەوروپا دەسپێرێت.
بۆیە لێرەدا  رۆڵی ئایندەی ئێران لە عێراق زەقتر و کاریگەرتر دەبێت. 
لە غیابی ھەژموونی راستەوخۆی ئەمریکادا، ئێران ھەموو توانای دبلۆماسی،سیاسیی، بۆ پارسەنگکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و لاسەنگ کردنی  پرۆسەکە بەقازانجی خۆی بەگڕ دەخات. ھەروەھا چاودێریی پێکھێنانی حکومەتی ئایندەی عێراقیش دەکات. ھاوکات لێناگەڕێ و دەخاڵەت  لە کۆی پرۆسەکەش دەکات.
ئەو ناکۆکی و ململانێیەش رەنگدانەوەی نێگەتیڤی خۆی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دەبێت.

لەنێو شیعەکاندا بەتایبەت..
تەوەرگیری گەورە  لەنێوان لایەنەکاندا  دروست دەبێت. بەتایبەت لەسەر دابەشکردنی پۆست لە ئایندەی حکومەتی عێراقدا.
 لەسەر بنەمای  ئەو خوێندنەوە و شیکاییە لەسەر فاکتە سیاسییەکان لەعێراقدا، گریمانەی ئەوە ھەیە سونە لەسەر  ھەوای کۆنگرەی لوتکە و پشتگیریی دونیایی عەرەب و تورکیا ھاوپەیمانەکانیان ھەوڵی بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار بدەن.

ئێرانیش ھەرگیز ئەوە مەتبخە سیاسییە قبووڵ ناکات و بەھێڵی سووری دەزانێت. بەڵکو بەوەش ڕازی نابێت کە سەرۆکی حکومەتیش لەو ھێڵ و ئاراستەیە بێت، بەڵکو دەبێت لە ئێران نزیک بێت.
بۆیە ئەگەری ئەوە ھەیە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە بۆ سونە نەبێت، ئێران پێ لەسەر پشکی سەرۆک کۆمار  بۆ کورد دابگرێت.
پێشبینیەکانیش وایە کوردیش ئەگەری ئەوەی ھەیە، کورد بەیەکگوتاری سیاسیی لەدوای ھەڵبژاردنەکان لە سایەی چەترێکدا کۆبکرێنەوە،   پۆستەکان لە نێوان پارتی و یەکێتی گۆڕان دابەشبکرێت، پۆستی سەرۆک کۆمار ھەر لەپشکی یەکێتی بمێنێتەوە، بەمەرجێک ئەو کاندیدە ئێران و پارتی پێی قایلبن.