تۆڵەی بێئاگا

مامۆستا بورهان 04/07/2021



تۆڵە سەندنەوە«الانتقام» چەمکێکی «سایکۆلۆژی- سۆسیۆلۆژی »ئامێتەیە لەونێوەندەدا و پێچەوانەی لێبوردەییە «التسامح»
ئەگەر بێت و ئەو چەمکە رفتاری تاکێک بێت ئەوا دەچێتە خانەی  باری دەرونی مرۆڤەوە لەچوارچێوەی زانستی سایکۆلۆژیدا ئەژمار دەکرێت، ئەگەر  لە حاڵەت دەرباز بوو دەبێتە زاھیرە و دەچێتە تەوەری رفتارەوە، «سلوک» لە ناخی تاکێک یان گروپێک زیاتر ئەوا لەچوار چێوەی زانستی کۆمەڵایەتی دا ئەژمار دەکرێت.

لەروانگەی فەلسەفیەوە، واتا مەبەست لەو تێرمە، میکانزمی گەشەکردنی کۆمەڵایەتیە.
چۆن پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان پابەندی یاسا گشتی و تایبەتەکانە، لەناکۆکی و یەکانگیریدا ئەویش ھەمان چەشنە.
ھێگڵ ئەڵێت شەڕ کردارێکی پێشکەوتووە، لێرەدا مەبەستی  دوو ئاستە:
١- پەیوەندی نێوان گروپ و کۆمەڵەکانە.
٢- پەیوەندی خودی تاکە یان تاک و کۆمەڵە.
ئاکاریش وەک یاسا و داب و نەریتەکان دارێژراوە، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتیدا بەپێی ئاستی ئەو قۆناغە مێژوویە. ھەرچەن ئەوانە  لەبەرژەوەندی لایەک دەبێت لەسەر حیسابی بەرژەوەندی خەڵکیتر و لایەکیتر. جابۆیە ئەو بۆشایی و جیاوازییە کرۆکی گشتی شەڕەکانە،  بۆیە پەرستنی ھەندێک کەڵتوور و پیرۆزیەکان لەچوارچێوەی مەنزومەیەکی ئەخلاقی ئەژمار ناکرێت.  بۆیەدابڕان لەو داب و نەریت و مەنزومەیە پێویستە بۆ ئەوەی توشی بەدکاری و لادان  نەبین و نەکەوینە بیری زەلکاوی مێژووەوە. 
جا ھێگل لەبەرئەوەی باوڕی بە دیالێکتیک ھەبووە، رەھەند و ئاسۆی فیکری تیژ و دووربین بووە، کە   زانیویەتی کاراونی مێژوو لەسەر بنەمای ناکۆکیکان بەرەو پێش دەڕوات.

بەگوێرەی ھۆشمەندی ئەو واقیعە یان ئەو کەلتوورە یان ئەوئاستە کۆمەڵایەتی، فەرھەنگی، ئابووری، سیاسیی، یاساییە، کاری پێدەکرێت.
بۆ نموونە لە شوێنێک کە کەڵتووری شەڕنگێزی زاڵە تۆڵەسەندنەوە ئاراستەی تووندو تیژی دەگیرێتە بەر و پیادەدەکرێت.
باوەڕیان بەمەنزومەی پیرۆز ھەیە و پابەندن پێیەوەی ، بۆیە ئاکامی ئەو پەرستنە تاوان بەرھەم دێنێت  و  تاوان ئەنجام دەدرێت . بۆ نموونە شەڕی خوێناوی نێوان  ئاین و ئاینزاکان، مەزھەبەکان، کەڵتورەکان.....
لەدونیادا رودەدات و جینۆساید و ئەو جۆرە تاوانانەی لێدەکەوێتەوە.
لەشوێنێک ھەرەمەکی و فەوزا ھەژموونی ھەیە و یاسا پێشێل دەکرێت، ئەوکات پارێزگاری لە یاسا  دەبێتە تۆڵە لە سەرپێچی بەڵام ئەم تۆڵەیە شێوازێکی ئەرێنیە.
لێ ئەوکاتەی کەرق و کینە  بەدرێژایی کات کەڵەکە ئەکات لە مێشک و دەروونی مرۆڤدا  لەمیانی ھەستەکاندا دەچێتە میمۆری نەستەوە و جێگیر ئەبێت و وەک شێوازێکی سیستماتیک بەبێ پیلان و داڕشتنی نەخشە و پلان خۆی کاری خۆی دەکات بەبێ ئەوەی ھەست ھەستی پێبکات یان ئەو کارە ئاراستە کرابێت یان ئەو کارە ئامانج بێت بەڵام دەبینیین لە دەرکەوتنی ئەنجامەکان  و لەئاکام و ئەنجامدا ئەو چالاکیە تۆڵەیە بەڵام تۆڵە سەندنێکی بێئاگایانەیە،  یان تۆڵەیەکی بێ مەبەستە، بۆ نموونە خستنەوەی مناڵی زۆر لە کوردستانی تورکیا« باکوور» پەرچەکرداری ستەمکارییە بەئاگا یان بێئاگا بن. 
بەڵام لە ئەنجامی پیادەکردنی ژیان و گوزەران و کارکردن خۆی بەرجەستە دەکات و خاک و خۆڵ و تۆزی سەر رەفەی بیرەوەریەکانی خۆی دەتەکێنێ و دەکەوێتە چستو چالاکی و بەخشکەیی کاری خۆی ئەنجام دەدات.
ھەندێک لەو چالاکیانە  دەرونیە سروشتیە، ھەندێکی تری کۆمەڵایەتیە:
سروشتیە ھەندێک لەو بیرۆکە و رفتارانە لە میانی کرۆمۆسۆمەکاندا دەگوێزرێتەوە واتا وەھبیە، ھەندێکیتریان کەسبیە و وەرگیراوە لە پەروەردەی کۆمەڵایەتیەوە.
ئەم پرسو رفتارانە لە کۆمەڵگە کۆنزەرڤاتیڤەکانی رۆژ ھەڵاتیدا باوترە و لەم ناوچەیە بەربڵاوترە، بەراورد لەتەک کۆمڵگە پێشکەوتووەکانی دونیادا.
بەپێی کات و گەشەکردنی کۆمەڵگە ئەو رفتارە و چەمکانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

م بورھان