فشاری ئاو، دواین مۆدێلی جەنگی تورکیا

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد 26/05/2021


پێشتر تورکیا گلدانەوەی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقی لەخاکی خۆیدا کردبووە کارتێکی فشار بۆسەر بەرپرسە عێراقیەکان تاکو باس لە دەرکردنی سوپای تورکیا نەکەن لەخاکەکەیاندا، ئەمەش دوو سیگناڵی ڕوونی دەدا بەدەستەوە:
یەکەم: تورکیا دەترسا لەوەی لایەنە عێراقیەکان پرسی دەرکردنی سوپای تورکیایان بەجدی بێت و ئەو هەنگاوەشیان بۆ بچێتەسەر، بۆیە زووزوو ئەو کارتی ئاوەی بەکاردەهێنا.
دووەم: پەیامی گلدانەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە و وشککردنی دیجلەو فورات و زۆر ناوچەی دیکە لەعێراق، پەیامێکی تورکیایە بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق نەک هەرێمی کوردستان، بەمەش واتا تورکیا لەلایەک هیچ ترسێکی لەبەرپرسانی هەرێم نییە باسی دەرکردنیان بکەن لەخاکی باشووردا، لەلاکەی دیکەوە ئەوەیە تورکیا دەسەڵاتی هەرێم بە کەم دەزانێت و ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە لەعێراقدا خاکێک نییە هی کوردەکان بێت و ئەوان بتوانن بەرگری لێبکەن، بۆیە پەیامەکە ئاراستەی بەغدا دەکات.

بەپێی زانیاریە هەواڵیەکان بێت، گلدانەوەی ئەمجارەی ئاو لەلایەن تورکیاوە، هەمان سیناریۆکەی جارانی تورکیا نییە، بەڵکو ئێستا تورکیا سەقفی داواکانی بەرزکردۆتەوە بۆ ئەوەی وا لە دەوڵەتی عێراق بکات یان هاوکاری سەربازیان بن لەشەڕی PKKدا، یان هاوکاری لۆجستی و زەمینی و ناوچەییان بکەن لەشەڕی قەندیلدا.

ئەم مۆدێلە نوێیەی جەنگی تورکیا لەگەڵ PKK لەڕێگای فشاری ئاوەوە بۆسەر دەوڵەتی عێراق، دواین مۆدێلە؛ بەڵام مۆدێلێکی ترسناکە، چونکە لەهەردوو بارەکەدا، چ هێزی عێراقی جەنگی PKK هاوشانی جەندرمەی تورک بکات و چ داواکەی تورکیا ڕەت بکاتەوەو نەچێتە ئەو جەنگەوە، هەردوکیان پەیوەستە بەمەرگ و ژیانەوە. لەهەردوو بارەکەدا، فشارەکەی تورکیا، عێراق دەخاتەبەردەم قبوڵکردنی مەرگ، یان دەبێت سەربازەکانی بنێرێتە قەندیل و بەدەستی گەریلاو ئاپۆچییەکان بکوژرێن و تاڵاوی مەرگ بنۆشن، یان دەبێت دواجار بەشێکی هاوڵاتی عێراق لەتینوێتیدا بمرن! و بەرهەم و کشتوکاڵ و کێڵگەو باخ و .....هتدیان لەتینوێتیدا وشک ببن و لەناو بچن.

لەبنەڕەتدا، تورکیا پێداگریەکەی بۆ ئەوەنییە هێزی سەربازی عێراق کە هێزێکی ماندووی نامونەزەمە و هێشتا سپرزەیە بەدەست داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی عێراقەوە، بخزێنێتە جەنگی قەندیلەوە کە پێشتر سەدام حسێن و دەست و پێوەندەکانیشی نەیانتوانیووە بچنە قەندێل، بەڵکو ئەم فشارە بۆ ئەوەیە بوونی هێزی تورکیا لەخاکی عێراقدا، شێوەیەک لەدڵنیایی و دەستکراوەیی وەربگرێت زیاتر لەوەی کە ئێستا تورکیا لەهەرێمی کوردستاندا (باکووری عێراق) هەیەتی.

فشاری ئاو، لەلای تورکەکان بووەتە مۆدێلێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەکان "چ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی ڕەق بێت یان هێزی نەرم"، تورکیا پێشتر لەفشاری ئاوەکانیدا بەرەو ئەوروپاو کردنەوەیان بەڕووی کۆچبەراندا، براوە بوو، فشاری ئەو ئاوانە وای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد، زۆرجار لەهێرش و کردەوە نادیموکراسی و نائینسانیەکانی تورکیا چاوپۆشی بکەن و ڕێگری لێ نەکەن، بۆیە ئێستا تورکیا ئەم مۆدێلەی لەئاراستە ئەوروپیەکەوە گواستۆتەوە بۆ ئاراستەی خۆرهەڵات و عێراق، تاکو هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەم فشارە زیاد دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت وەک دروشم بۆ خۆیی و حیزبەکەی لەهەڵبژاردندا سوودی لێ ببینێت.