متمانەی بەغدا و ئەوانی دیکە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد 05/07/2021


لەسەروبەدی پرۆسەی ڕیفراندۆمی کوردستاندا، دەنگۆی ئەوە گەرمبوو کە کورد متمانەی 82 دەوڵەتی بەدەستهێناوە، بەڵام هەر چەند کاتژمێرێک دوای پرۆسەکە دەرکەوت کورد نەیتوانیووە متمانەی هیچ دەوڵەتێک بەدەست بهێنێت، بەڵکو ئەوەی هەبوو مامەڵەی بەرژەندخوازانەی هەندێک وڵاتی ئیقلیمی و جیران بووە لەگەڵ بەشێکی کەمی کوردو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لێرەوە تێدەگەین:

یەکەم: متمانە بەدەستهێنانی وڵاتان جیاوازە لەوەی کە وڵاتان بەدیدی بەرژەوەندی و ئابووری لەکورد نزیک ببوونەوە نەک پشتگیری کورد تاکو ئاستی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی.

دووەم: دەرکەوت کە سیاسەتی کوردی لاوازبووەو نەتوانراوە نەوت و سامانی سروشتی کوردستان وەک هێزی دپلۆماسی کوردی بەکاربهێنرێت لەپشتیوانی دەوڵەتی کوردی و هەڵەمان کرد.

ئێستا کاتێک باسی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لەبەغداوە دەکرێت، قسە لەسەر ئەوەیە کە وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاندووە: هێشتا متمانەی بەغدا لاوازە بەهەرێم و نەتوانراوە ئەو متمانەیە بەدەستبهێنرێت کە بەغدا پارەکەی هەرێم بنێرێت، ئەم بێ متمانەییە پێش بەغدا زیانی بەکوردستان و هەرێم و موچەخۆری کورد گەیاندووە، ئەگەر حکومەتی هەرێم لەخەمی بەدەستهێنانی مافەکانی کوردە لەبەغدا، ئەوا پێش هەموو شتێک دەبێت دەستپێشخەری بکات لەچاککردنەوەی بێمتمانەیی بەغدا، بەدەستهێنانی متمانەی بەغدا گەلێک لەسوودی کوردە بەبەراورد بەهەر مامەڵەو متمانەیەکی دیکەی دەرەکی لەگەڵ حکومەتی هەرێم.

لەلایەنی ئەمنی و بازرگانییەوە، کارێکی ئاسایی و بێ ئاریشەیە ئەگەر حکومەتی هەرێم هەر جۆرە ڕێککەوتن و نزیکبوونەوەیەکی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئیقلیمیدا هەبێت، ئاساییە حیزبەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ وڵاتانی چواردەوری هەرێمی کوردستاندا پەیوەندی گەرموکوڕیان هەبێت، بەڵام چەندە حکومەتی هەرێم دڵسۆزبێت بە نزیکبوونەوە لەهەر وڵاتێکی ئیقلیمی هێشتا ناگاتە ئاستی بەرژەوەندی هاوبەش و کاری پێکەوەیی دوورمەودا، چونکە لەکاتێکدا لەعێراق پرسی کورد چەسپیووە و بەدەستووری کراوە، هاوکات وڵاتانی دیکەی هەرێمایەتی نایانەوێت پێ لەو واقیعە بنێن و ئۆکەی لەسەر بکەن، بۆیە کورد لەباشووری کوردستان لەسەر ئاستی حیزب بێت یان حکومەت تاکو ئەو ئاستە دەرفەتی پێکەوە کارکردنی پێدەدرێت لەگەڵ وڵاتان مامەڵەی ئەمنی و بازرگانی هەبێت، هەرکات گەیشتە پرسی کورد، پەیوەندییەکان هەرچۆن بن کۆتاییان دێت.

ئەوەی بۆ کوردی باشووری کوردستان گرنگە، دەرەوەی عێراق نییە، بەڵکو ناوخۆی عێراقە و بەغدایە، ئەگەر کورد لەپرسی ڕیفراندۆمدا تائاستێکی زۆر دوورکەوتەوە لەبەغداو متمانەی بەغدای لەدەستداوە بۆ یەکێتی خاک و سەروەری و بەها باڵاکانی، ئەوا بۆ کایەی سیاسی عەیب و عار نییە کورد کارێک بکات متمانەی بەغدا بەدەست بهێنێتەوە، هەموو متمانەدانێکی دەرەکی (ئەگەریش هەبێت) بەحکومەت و حیزبەکانی باشووری کوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و پیلانگێڕییانە بۆ ناوخۆی عێراق، بەپێچەوانەی عێراقەوە کە هەر متمانەدانێک دەچێتە خزمەت گەل و نیشتمانی عێراقەوە بە خودی گەلی کوردو خاکی هەرێمیشەوە.

چەنگیز چانداری نووسەری تورک دەڵێت "هەموو وڵاتانی ئیقلیمی تاکو ئەو ئاستە لە کوردەکان دێنەپێش کە نەبێتە مایەی گەشەی کورد و وشیاری تاکی کورد"، لەڕاستیدا ئەم بۆچوونە تەواو دەقیق و دروستە، کارێکی نالۆژیکییە پێمانوابێت کورد دەتوانێت لە سنووری عێراقەوە بپەڕێتەوە بۆ سنووری دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەمتمانە وەرگرتنی وڵاتانی ئیقلیمی و پشت بەستن بەهێزو پەیوەندییەکانی باشوور لەگەڵ ئەو وڵاتە ئیقلیمیانەدا.

بەدەستهێنانەوەی متمانەی بەغدا و چاککردنەوەی پەیوەندیە لەکارکەوتووەکانی کورد لەگەڵ ناوەند، کارێکی قورس نییە، هەموو ئەو نزیکبوونەوە لەخۆڕایانەی حکومەتی هەرێم و حیزبەکانی باشووری کوردستان بۆ وڵاتانی دەکەن، نیوەی ئەوە بۆ بەغدا بکەن دەتوانن جارێکی دیکە متمانەی بەغدا بەدەستبهێننەوەو لەسەر بنەمایەکی خەمخۆرانە بۆ گەل و هاوڵاتیانی کوردستان لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەون و ئەڵقەی پەیوەندییەکان لەکوێدا بچڕابوو جارێکی دیکە بیدەنەوە دەم یەکترو گەشە بەم پەیوەندیە لەکارکەوتووانە بدەنەوە.