گوتاری پێش وەختەی هەڵبژاردنی پێش وەختە
ئیدی بەرەو سەروەختی هەڵبژاردنە، رۆژانە جووڵەی جیاواز و سیناریۆی نامۆ دەبینین لە كوردستان و عیراق، ئەم سیناریۆیانە پەیامی دەسپێكی هێز و لایەنە سیاسییەكانە بەرەو هەڵبژاردنی پێش وەختەی عیراق، هەموو حزب و لایەنێك مافی خۆیەتی چۆن مانۆڕی سیاسی و جووڵەكانی دەست پێدەكات و بەرەو كوێ ئاراستەیان دەكات، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە هاووڵاتیان چۆن دەتوانن ئەم پەیامانە وەربگرن و هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن و لەژێر رۆشنایی ئەو پەیامانەوە بڕواننە بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەكان و دەنگ بە نوێنەری خۆیان بدەن؟
لەناو ئەو گوتار و دروشمە توندانەدا كە كۆی هێزی سیاسی لە عیراق بە گشتی و لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت هەڵیانگرتووە، ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ئاراستەی شەپۆلی ناڕەزاییەكانی وەرگرتووە و دەیەوێت لەسەر ئەو شەپۆلە توڕەییەی هاووڵاتیان پێبگات و بگاتە مەرامەكانی و بەجۆرێك لە جۆرەكان لەسەر گوتارێكی توندی دیماگۆگیانە دەژی، هەندێك جاریش ئەم گوتارە لە هێزێكی ئۆپۆزیسیۆنەوە بۆ هێزێكی ناو دەسەڵات، یان لە هێزێكی راستەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ، بەرهەمهێنەری هەقیقەت نییە جگە لە دیماگۆگیەت و هەڵخەڵەتێنەر و فریودەر، كێڵگەی كۆمەڵایەتی و سیاسی هەرێم و عیراقیش خزمەتێكی باشی بە مانەوە و درێژەدانی ئەم جۆرە گوتارە كردووە و لە وێستگە و زەمەنی جیاوازەوە گواستوێتیەوە بۆ وێستگە و زەمەنی نوێ.
یەكێك لەو خاڵانەی كە هەمیشە كۆمەكی بە مانەوەی گوتاری هەڵخەڵەتێنەرانەی هێزە سیاسییەكان كردووە، هۆشیاری تاكە لە كۆمەڵگەكاندا، كۆمەڵگەی عیراق لە كاتێكدا تاكێكی هۆشیار و تێگەشتووی نییە بتوانێت بە جوانی لە گوتاری سیاسی و گوتاری هەڵخەڵەتێنەرانەی حزبەكان تێبگات، هاوكات تاكێكی دەستەمۆیشە بە بەهێزی و كاریگەرییەكانی هێزی پارە و ئەجێندای دیكە و زوو رادەستی ئەو گوتار و هوتافانە دەبێت كە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكان یان هێزەكانی ناو دەسەڵات ئاڕاستەیان دەكەن.
گوتاری دیماگۆگیانەی سیاسی هێزە سیاسییەكان لە خۆرهەڵاتدا، لەو خاڵەدا دەتوانین لە گوتاری هێز و پارتە خۆرئاواییەكان جودای بكەینەوە كە هێزە خۆرهەڵاتییەكان پێش ئەوەی گوتارەكەیان بۆ كۆی گشتی كۆمەڵگە بێت، گوتارێكە بۆ تاكە و دەیانەوێت لە رێگەی تاكەوە و بەهێزە جۆربەجۆرەكان تاكەكان كۆنترۆڵ بكەن، تاكو دەگاتە كۆی گشتی كۆمەڵگە، ئەمەش ئاسانە و تاكی خۆرهەڵاتیش خۆی پێ گرنگتر و لە پێشترە بەبەراورد بە بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵگە، بەڵام تاكی خۆرئاوایی تاكێكە نە ئاسان خۆی رادەستی گوتارە فریودەرەكانی حزب دەكات، نە خۆشی پێ گرنگترە لە كۆمەڵگە و خۆشی لە سەرووی كۆی بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵگەوە نابینێت، بۆیە تاكی عیراقی وەك تاكێكی خۆویست كە هەمیشە بیر لەخۆی دەكاتەوە و خۆی پێ گرنگترە وەك لە كۆمەڵگە، ئاسان دەكەوێتە ژێر كاریگەریی گوتاری دیماگۆگیانەی هێزە سیاسییەكانەوە و هەموو جارێك ئەم گوتارانە دەتوانێت جڵەوی ویستە راپەڕیوەكەی ناخیان بكات و بێدەنگیان بكات.
هەنووكە كە عیراق بەرەو هەڵبژاردنی پێش وەختە هەنگاو دەنێت، تاكی عیراقی و هەرێمی كوردستانیش، بەپێوەری ئەجێندایەكی روونی هێزە سیاسییەكان بۆ خزمەتگوزاری دەنگ نادەن، بەڵكو هێزی وتارەكان وا لە دەنگدەر دەكات بچنەسەر سندوقەكان و كەسێك هەڵبژێرن كە رەنگە شایانی هیچ پۆستێك نەبێت، تاكو تاكی عیراقیش بەهێزی نامەنتقی وەك پارە و مەزهەب و خزمخزمێنە و نەتەوەیی بیر لەهەڵبژاردنی كاربەدەستە عیراقییەكان بكاتەوە، عیراق بەرەو خراپتر دەڕوات و هەمیشە زۆرینە ترسی لە رەخنە و سكاڵا و گلەییەكانی كەمینە نییە و عیراق لەیەك بازنەی پڕ گەندەڵی و قەیرانەكاندا دەمێنێتەوە و هەڵبژاردنیش شتێكی دووبارەی بێسوود دەبێت.