لە کوڵەجۆوە بۆ خدر جیجە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد 04/12/2021


داعش وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بوونی نەدەما ئەگەر کۆمەکییە ناوخۆییەکانی تاکی عیراقی و خزمەتکردنێکی گەورەی هاوڵاتیانی عیراق بە داعش بەردەوام نەبووایە بۆ ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە. بەمانایەکی دیکە داعش تێکەڵەیەکە لە ویستە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ تێکدانی دۆخی ئەمنی و سیاسی عیراق، داعش بەبوونی هاوڵاتیانی عیراقەوە داعشێکی تەواوە و دەتوانێت هەر ڕۆژەی لەلایەکی ئەم خاکەوە کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدات.

تیرۆریستانی داعش بۆ ئەوەی کردەوە تیرۆریستییەکانیان بەردەوام بێت و نەناسێنرێنەوە، لەلایەک پشت دەبەستن بەو توڕەبوونە ناوخۆییەی کە هاوڵاتیانی عیراق هەیانە دژی دەسەڵات و مەزهەب دژی مەزهەب و لایەنێک دژی لایەنێکی دیکە، لەلایەکی دیکەشەوە داعش هەڵلوشین و شاردنەوەی ئەو تاوانبار و خراپەکارانەیە لە ڕێزەکانیدا کە لەدەسەڵات و هێزە ئەمنییەکانی عیراق هەڵهاتوون و ڕیزەکانی داعش بەدوا پەناگەی خۆیان دەزانن.

کاتێک داعش و (هاوشێوەکانی)، کردەوەکانیان لە کوڵەجۆی گەرمیانەوە دەگوازنەوە بۆ گوندی خدر جیجە، جوڵەیەکی زیکزاکانەیە بۆ ئەوەی چاوەکان شوێنی ڕاستەقینەی ئەم تیرۆریستانە ئاشکرانەکەن و لەسەریان نەوەستن، لەم یاریە چاوشارکێیەدا وا پیشان دەدرێت کە داعش لەدەرەوەی ژینگە و کۆمەکی هاوڵاتیانی عیراقە، بەڵام لەڕاستیدا داعش لەهەر کوێیەکی ئەم عیراقەدا بوونی هەبێت واتە ویست و پشتیوان و دۆستێکی هەیە کە هەڵگری هەمان ویست و خەونی داعشانەیە. داعش لەعیراقدا بەکۆمەکی تاکی عیراقی و ژینگە و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکەی عیراق نەمر دەبێت و زیاتریش گەورەدەبێت.

داعش و هەر تایپێکی دیکەی تیرۆر لە عیراقدا، هەرگیز لە دەرەوەی عیراق نەبوون، ڕاگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعشدا (2017) خۆشخەیاڵی بوو، دڵدانەوەی عیراقیەکان بوو، ئەگینا بەهۆی ئەو لێکچوونە زۆر و تارماییە هاوشێوانەی داعشەوە لەسەر خاکی عیراق؛ ئەستەمە داعش کۆتایی بێت، ئەوەی لەنێوان کوڵەجۆ و خدر جیجە ڕوویداوە تەواوکاری یەک کردەوە بوون، یان داعش بوون یان هەڵگری بیری داعشی بوون!، ئەم کردەوانە بکەرەکان لەنێوان دوو بەرەدا پیشان دەدات، کردەوەکانیان دەچێتە خزمەت یەکترەوە، هەردوو لای ئەم بکەرانە لەناو یەکتردا خۆیان شاردۆتەوە و پێناسەی هەر یەکێک لەم دوو بکەرە پێناسەیە بۆ ئەوی دیکەش.

لەنێوان کوڵەجۆ و خدر جیجەدا، داعش و هاوبیرەکانی پێماندەڵێن هەم هەموو خاکی عیراق لەبەردەستماندایە بۆ کردەوە تیرۆریستییەکانمان و تێکدانی دۆخی ئەمنی هەرێم و عیراق، هەم پێماندەڵێن لەم عیراقەدا بستە خاکێک نەماوە بۆ داعش و داعشئاساکان بتوانن بەئاشکرا تێدابن. داعش و داعشئاساکان لەنێوان کوڵەجۆ و خدر جیجەدا پێماندەڵێن ئەوان لەدەرەوەی پێکەوە ژیانن. ئەم دوو بکەرە تیرۆریستە هەم عیراقین و لەهەناوی کۆمەڵگەی عیراقییەوە هاتوون، هەم ویستێکی هاوبەشیان هەیە بۆ تێکدانی ئەم عیراقە.