کۆتایی پەکەکە، فارغۆنە بەتاڵەکەی دەوڵەتی تورکیا

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد 28/04/2021


لەلای دەسەڵاتدارانی توکیا و بەتایبەت سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەو بڕوایە چەسپیووە کە پەکەکە چیتر کۆتایی نییە، ئەوەیشی سوپاو ئەردۆغان بەکۆتایی تیرۆر!، یان کۆتایی پەکەکەی ناودەبەن و هەر ڕۆژەی لەژێر ناوی (چڕنووکی هەڵۆ)و (ناخونی شێر)! و (چڕنووکی هەورەبروسکە)دا هێرش دەکەنەسەر پەکەکە، تەنها دەنگی فارغۆنێکی تورکی بەتاڵە کە لەبەتاڵیدا ئەو دەنگەی لێوە دەبیستین و هیچ قورساییەکی نییە.

واقیعی ئێستای سوپای تورکیا لە شەڕی پەکەکەدا، جێگای مشتوموڕ نییە کە واقیعێکی تاڵە، چەندە تورکیا دەیەوێت ئەنجامەکانی ئەم جەنگە بگۆڕێت و بیشارێتەوە بەڵام پانتایی بەرەکانی جەنگ لەلایەک و پانتایی ڕاگەیاندن و نمایشی دەستکەوتەکانی پەکەکە لەلایەکی دیکەوە، پەردە لەڕووی ئەم واقیعە هەڵدەماڵێت و شکستەکەی ئەردۆغان و سوپاکەیمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، ئەمەش نەک بۆ ئێمە تەنانەت ئێستا لەناوخۆی تورکیادا بێڕوایی هەیە بەو هوتافانەی سوپا کە باس لە سەرکەوتنەکانی سوپا بکات. تەنانەت لەناوخۆی تورکیادا پرسیار دەکرێت لەسەر ئەوەی: ئەگەر فەشەلی سوپاو سەرۆک نەبێت چۆن دەبێت سوپایەکی گەورەی ناو ناتۆ بەدەست پەکەکە دابمێنێت و نەتوانێت هەنگاو بۆ پێشەوە بنێت؟!

ئێستا یاریەکە لەدەستی ئەردۆغان و دەسەڵاتدارە نزیکەکانیدا نەماوە، چونکە ئەگەر ئەوان بڵێن سەرکەوتنمان لەجەنگەکاندا بەدەستهێناوە، ئەوا ناتوانێت داوای چەکدانانی گەریلا بکەن، هاوکات ئەگەر بۆ بەرزکردنەوەی کێرڤی دەنگدەرو لایەنگرانی خۆیشیان تاکو لەدەسەڵات بمێننەوە، باسی هەر پرسێکی ئاشتی لەناوخۆدا لەگەڵ ئیمراڵی بکەن، ئەوا دیسان داننانە بە واقیعی پەکەکەدا کە پێچەوانەی ئەو قسە چەندانجارانەی ئەردۆغانە باس لەکۆتایی پەکەکە دەکات، ئێستا واقیع شتێکە و ئەنجامی جەنگەکانی سوپای تورکیا لەگەڵ پەکەکە شتێکیترە، ئەم یاریەش بەدەست ئەردۆغان نییە جێگۆڕکێ بەئەنجامەکانی بکات و ئەنجامەکە نەدات بەدەستەوە.

هێدی هێدی خەریکە شاراوەیی لەم جەنگە نابەرامبەرەدا نامێنێت، پێشتر هەر زیانێک ڕووبەڕووی سوپای تورکیا ببووایەتەوە، ئەردۆغان و دەسەڵاتدارانی سوپا لەچاوی میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دووریاندەخستەوەو زۆرێکی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتی و سایتانەشیان بلۆک دەکرد کە زانیاری ڕاست و دروستی لەسەر زیانەکانی سوپای تورکیا بڵاودەکردەوە، بەڵام ئێستا بڵاوکردنەوەی واقیعی بەرەکانی جەنگ لەچەندان گۆشەی جیاواز و لەچەندان میدیا و ناوەندی جیاوازەوە، کارێکی وایکردووە چیتر ئەم شاراوەییە لەجەنگی سوپای تورکیا و پەکەکەدا نەمێنێت، لەدواین جەنگی نێوان هەردوولایاندا پێش ئەوەی سوپای تورکیا زیانەکانی بشارێتەوە لەهاوڵاتیانی تورکیا، ڕاستەوخۆ پەکەکە لەڕێگای میدیاکانیانەوە هەم دەستکەوتە لۆجستییەکانیان بڵاوکردەوە هەم ژمارەی کوژراوان و بریندارانی سوپای تورکیا.

سوپاو ئەردۆغان لە شاردنەوەی ڕاستییەکانیش لەگەڵ بینەر لەجەنگی پەکەکەدا شکستیان هێناوە، لەبارەی ژمارەی کوژراوەکانی سوپاوە، ڕاگەیاندنی سوپای تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە گوایە فڕۆکەیەکیان بەچەند سەربازێکەوە و بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە کەوتۆتە خوارەوە، بەڵام پەکەکە واناڵێت و ڤیدیۆی چالاکییەکانیان لەدژی سوپاو ئەردۆغان بڵاودەکەنەوە.

ئەوەی سیحری سوپاکەی ئەردۆغان پوچەڵ دەکاتەوە لەفرە بەرەیی جەنگی سوپا لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکەدا، ئامادەیی دەست بەجێی گەریلایە لەهەمان بەرەوە، سوپای تورکیا هەمیشە لەبارێکی لاوازکردن و بچوککردنەوەی گەریلاو ژمارەی گەریلاکان و توانا ماددی و لۆجستییەکانیاندا بووە، بەڵام هەرکە سوپای تورکیا بەرەیەکی نوێ لەجەنگ لەگەڵ پەکەکە دەکەنەوە، ڕاستەوخۆ پەکەکە و گەریلا وەڵامیان هەیەو بەبەرەیەکی بەهێز وەڵامیان دەدەنەوە، ئەمەش هێمایە بۆ دامەزراوەیی و تۆکمەیی هێزەکانی پەکەکە.

دەتوانین بڵێین: دوای زیاتر لەسێ دەیەی جەنگی سوپای تورکیاو گەریلاکانی پەکەکە، تەواوی ماددەکانی جەنگی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە گۆڕاوە وەک جۆری چەک، توانای ماددی، کارکردنی میدیای هەردوولا لەسەر واقیعی جەنگەکە و .... هتد، ئێستا دەرکەوتووە کە سوپای تورکیا لەیەک جۆر جەنگدا نییە لەگەڵ پەکەکە بەڵکو لە (جەنگی ئیرادە)و (جەنگی جۆرەکانی چەک) و (جەنگی میدیا) و (جەنگی شکست و سەرکەوتن) و (جەنگی شکۆ و ناوبانگ)و (جەنگی نەتەوەیی کورد)دایە.