ھەندێک لە دیاردەکانی دوای شەڕی جیھانی یەکەم

مامۆستا بورهان 07/10/2020



لە شەڕی جیھانی یەکەمدا حەڤدە ملیۆن کەس کوژرا، بیست ملیۆن کەسیش بریندار بوو، سەرەڕای ماڵوێرانی و زەرەر و زیان و داڕمانی ژێرخانی ئابووری وڵاتانی جیھان. ئەم تاوانە گەورەی کە دژ بەمرۆڤایەتی ئەنجامدرا، تەنیا بە زیانەکانی نێو کورەی شەڕەگەوە  و ھاڕینی مرۆڤایەتییەوە نەوەستا،  بەڵکو لێکەوتەو پاشماوەی شەڕەکە چەندین رەوت و بزاڤ و رێکخراوی لەدوای خۆی پەلەکێشی نێو کۆمەڵگەی ئەوروپی کرد، وەک پەرچەکردارێک کەھەندێکیان پێویست بوون و ھەندێکی دیشیان بونە ھۆی ئەنجامدانی  تاوان و کۆستی گەورە، ھەندێک لەو رەوت و بزاڤە فیکری و فەلسەفی سیاسیانە دەخەینە ڕوو لەکۆتایی شەڕدا درووست بوون .

شۆڕشی ڕووسیا : 
یان شۆڕشی ئۆکتۆبەر یان شۆڕشی بەلشەویک یان شۆڕشی  ئۆکتۆبەری (لێنین -ترۆتسکی) ئەو زنجیرە شۆڕشە بوو، لەساڵی 1917 دژ بە قەیسەری رووسیا بەرپاکرا. 
لەدوای کۆچی دوایی لینین ساڵی 1924 ، ستالین گرەوی دەسەڵاتی گرتە دەست.
سەرەڕایی ئەوەی کۆمەڵی روسیای لەقۆناغی دەربەگایەتیەوە گۆڕی بۆ کۆمەڵی پیشەسازی و پێشکەوتوو، درێغی نەکرد لە ئەنجام دانی تاوان بەرامبەر دۆست و نەیارەکانی لە کوشتن و بڕین.

قوتابخانەی فرانکفۆرت:
 گرووپێکی فەلسەفی و فیکری، لە ساڵی(1923) لە دوای کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەم لە پەیمانگەی توێژینەوەی کۆمەڵایەتیی سەر بە زانکۆی گوێتا لە  فرانکفۆرت دروست بوو. 
وەک بزاڤێکی فیکری فەلسەفی  ڕەخنەگر  لە پاشماوەی کاریگەرییە نەرێنییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و دەروونییەکانی و...هتد، دژ بە شۆرشی ئۆکتۆبەر و (مارکسیزم و لینینزم) و هەروەها دژ بە نازیزم و پاشان دژ بە فاشیزم بوون. بنەمای فیکرییان لە مارکسیزمی زانستی و هێگلیزم و فرۆیدیزمەوە سەرچاوەی گرتبوو. قۆناغ بە قۆناغ ئاراستە فیکری ڕەخنەییەکەیان گۆڕانی بەسەردا دەهات. لە ساڵی 1٩33 لەگەڵ هاتنی هیتلەر بارەگایان گواستەوە بۆ جنێڤ و لە سەردەمی شەڕی جیهانیی دووەم بۆ ئەمریکا. ئەم بیرمەندانەش لە هەرە دیارەکانی قوتابخانەی فیکریی فرانکفۆرتن: ماکس هۆرک هایمر. هربرت مارکۆزە، یورگن ھابرماس.

فاشیزم:

فاشیزم  بزاڤێکی سیاسییە لە ئیتالیای هاوچەرخدا بە ڕێبەرایەتیی رۆژنامەنووسێک بەناوی «پینیتۆ مۆسۆلۆنی Benito Mossolini » یەوە.  
لەساڵی 1920 لەئیتالیا سەری ھەڵدا، لەدوای ئەوەی کرێکارانی ئەو وڵاتە راپەڕین و دەستیان گرت بەسەر داموودەزگا و جومگەی ئابووری وڵاتدا، مۆسۆلۆنی پەنای بۆ ھێز بردوو ئەو بزاڤەی دامرکاندەوە  و خۆی بوو بە سەرۆکی حیزبی نێونەتەوەیی فاشیزم.
موسۆلینی دەسەڵاتی لە ئیتالیای  لەنێو ساڵانی «١٩٢٢ -١٩٤٣ » گرتە دەست.پێشتر سۆشیالیست بوو. بەڵام لەو کاتەی بەشداری جەنگی جیھانی یەکەمی کرد،  موسۆلینی  ھەڵگەڕایەوە و بوو بە فاشیست.
ئایدۆلۆژیای فاشیزم بریتیە لە ھەمەگەرایی، واتە پارتێکی سیاسی دیاریکراو لە وڵات دەست بگرێت بەسەر ھەموو جومگەکانی وڵات، بەسەر ھەموو دام و دەزگاکان و میدیاکان، بەجۆریک کە فەزایەکی تایبەت یان ڕێکخراوی سەربەخۆ نابینرێت.
فاشیزم هزر و بزاڤێکی سیاسی ئابووریە،دەبێژێ وەڵات دەبێ سەرداریکی خاوەن دەسەڵاتی ڕەها فەرمانرەوایی بکات، نەک سیستەمێکی  دیموکراسی.   
مۆسۆلۆنی دەبێژێت ئیرادەی گەل سۆنگەیەک نیە بۆ دەسەڵات بەڵکو ھێز فاکتەری سەرکی دەسەڵاتە. 
توندوتیزی و جەنگ لای فاشیزم پلەو پایەیی بەرزیان هەیە، هەروەها  چاو لەخاک و وڵاتی نەتەوەکانی تر  خەسڵەتێکی تریانە.
ڕەگەزپەرستی و پیرۆزکردنی خود دیسان فەلسەفە و فیکری ئەوانە.
لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆرێک لە پاشاو سەرۆکەکانیان سەرسام و شوێنکەوتەی فاشیزم بوون نموونە سەدام و ھاوتاکانی لەناوچەکەدا.

نازیزم: 
 « سۆشیالیستی نیشتمانی ‪ Nationalsozialismus‬ » یان «پارتی نەتەوەیی سۆشیالیستی کرێکارنی ئەڵمانی» بە نازی ناسراوە، لەداوی شەڕی جیھانی یەکەم  لەساڵی 1920 لەئەڵمانیا دامەزرا. لە لایەن کۆمەڵە کەسانێک کە گروپێک یان رەوتێکی فیکری  رادیکاڵی نەتەوەپەرستی شۆڤێنی بوون، تەنیا خوێنی ئەڵمانی  پاکترین خوێنی مرۆڤ بوو بە نەزەری ئەوان ، بۆ پارستینی خوێنی ئەوان دەبێت مرۆڤەکانی تر ھەموو لەناوببرێن  بۆ ئەوەی خوێنی پیس تێکەڵ بە سۆلانی « نەژادی» ئەوان نەبێت.......
دژ بە بەھا باڵاکانی مرۆڤ و  مرۆڤایەتی بوون ، دوژمنی دیموکراسیەت ،کۆمەنیستەکان، جووەکان،گەجەرەکان  تاد  .... بوون.
لەسەر ئەو بنەما فیکریە لە ئەڵمانیا حیزبێکیان دامەزراند، لەپاش ساڵێك« ھیتلەر »بوو بە سەرۆکی ئەو حیزبە.
لەساڵی 1933 بەشێوەیەکی دیموکراسی لەھەڵبژارنەکاندا  سەرکەوتن و جەڵەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست.
بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی بە شێوازی دیموکراسی سەرکەوتن،  پاشان بوون بە گەورەترین دیکتاتۆری سەر زەوەی چیتر دەستبەرداری کورسی دەسەڵات نەبوون.
دەوڵەتی زەعیم و مەمملەکەتی سێیەمی دامەزراند و  رۆژ بەرۆژ و ساڵ بەساڵ ئاگری شەڕێکی خوێناوی خۆش دەکرد تا جەنگی دووەمی جیھانی بەرپاکردوو و مەنجەنیقی ھۆڵۆکۆستی بۆ جووەکان داگیرساند و کۆمەنیستەکانی قڕکرد. گەورەترین شەڕی لەمێژوودا بەرپاکرد، کە بوو ھۆی کۆشتاری 55 ملیۆن مرۆڤ  لەشەڕگەدا و ملیۆنەھاش بریدارو پەڕاگەندە بوون.