داعش... پوکانەوە و گەشانەوە

هاوڕێ توانا 07/12/2019



ساڵێک لەمەو بەر دواین پێگەی داعش کەباغۆز بو ڕزگار کراو کۆتای  جۆگرافیای خەلافەت ڕاگەیاندرا ،  ساڵ وەرنەسوڕا 
کۆتایش بە ژیانی خەلیفە هێنرا  پرسیار ئەوە ئایە کۆتای خەلافەت و خەلیفە کۆتایی داعشە ؟

وڵام بەو پرسیارە ئەوە هیچ فیعلێک بێ پێشینەو فیکر نیە، تیرۆر بەرلەوەی ئەکتێک بێت تیۆرێکە بەدەیان تیۆرسین لە پشتیوە وەستاون قاعیدەی ئەنتەرناسیۆنال بۆکۆحڕام لە نێیجریا و ، شەبابی سۆماڵی و نوسڕە لە شام و  ئێستاش داعش و گروپە پەرتەکانی تەکفیر ئەولادی شەرعی ئەو دیدگایەن کە دنیا دابەشی دوو ڕەنگ و دنیابینیە دەکەن ئەویش دنیای دارلکفر و دارلئیسلام و حەڕام و حەلاڵ فریشتە و شەیتان ئیدی ئەم دیدگایە بۆ دین و دنیا  دژە بەجیاوازی ،  فووتە و مەتری ئەوان بۆ ژیان و ئازادی تا ئەو شوێنەیە کە ئەوان کێشاویانە ! بۆیە شەڕی تیرۆر بەرلەوەی شەڕی  فیعل بێت ،شەڕی فیکرە بەرلەوەی  لە تیرۆر بدرێت دەبێت لە تیۆر بدرێت ئیدی ڕەوتی ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردووش ئەو ڕاستینەی زەق کردەوە، کەوا موکین نیە ڕوو بەڕووبونەوەی عەسکەری و حەلی ئەمنی گەرای توندڕەوی  بەرەو پوکانەوە ببات بەڵکو  ئەگەر لە شوێنێک بپوکێتەوە ئەوا لەچەندین جێگا دەگەشێتەوە،  چونکی تیۆری توندئاژۆیی کەوا داینەمۆی ئەکتی تیرۆرە هێشتا بەدەست لێنەدراوی ماوەتەوە.
دەبێت ئەوەش بگوترێت کەوا داعش و گروپە جیهادیستەکان چەندە  زادەی ئەو توراسە تیۆری و فیکریەن هێندەش زادەی ئەو فەزا پڕ لەستەم و ناعەدالەتیەی ناوچەکەن هەر لە غیابی دەوڵەت و دیمۆکراسی  و  باری نالەباری  ئابوری و بێکاری و بوونی هەژاری تا فیتنەی مەزهەب ،هەمووی وێکڕا ئەو ژینگە
دەخولقێنن کە داعش و هاوشێوەکانی بەرهەم بێنن هەر بۆیە گەشانەوەی داعش بەندە بە پوکانەوەی  ئەم ژینگەیە کە داعش تیایدا گەشە دەکات.


هاوڕێ توانا