نزیكەی 10 ملیۆن سووری پێویستیان بە هاوكاری هەیە

جیهان 09/05/2022


چاودێر:

نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی 9.3 ملیۆن منداڵی سووری پێویستیان بە هاوكاری مرۆیی هەیە، ئەمە ژمارەیەكی پێوانەییە لەو كاتەوەی شەڕی نێوخۆی سووریا لە 2011 دەستیپێكردووە.

بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان 6.5 ملیۆن منداڵی سووریا لەنێوخۆی وڵات و 2.8 ملیۆن منداڵی سووری لە دەرەوە پێویستیان بەهاریكاری هەیە.

كاربەدەستێكی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی: بنەماڵەكان رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەوە لە دابینكردنی پێویستییەكانیان.

ئەم كاربەدەستەی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی: نرخی پێویستییە سەرەكییەكان لە خۆراك زۆر بەرزبوونەوە، بەتایبەت لە ژێر كاریگەری جەنگی ئۆكرانیا.

یونیسێف رایگەیاند پێویستی بە 20 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەكانی گەیاندنی هاوكاری، ئەمە هۆكاری مانەوەی ملیۆنێك منداڵی سوورییە لە باكوری خۆرئاوای ئەم دەوڵەتە لە ژیاندا، لە ناوچەی بن دەستی گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن.

یونیسێف گوتی تەنگەژەی سووریا تەواو نەبووە، سێزدە هەزار منداڵ كوژراون و برینداربوون لە 2011وە، 213 یان تەنها لە 3 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بوون.