ڕێوشوێنەکانی ڕابردوو بۆ ئاشتی نێوان موسڵمان و جوو

جیهان 10/02/2024


ڕێوشوێنەکانی ڕابردوو
بۆ ئاشتی نێوان موسڵمان و جوو

پێدەچێت چارەسەرێک بۆ ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین وەک هەمیشە دوور بێت، بەڵام بە گوتەی مارتن گێڵبرت، پێوەندییەکانی ڕابردووی نێوان موسڵمانان و جووەکان زۆرجار هاوئاهەنگ بووە و دەکرێت جارێکی دیکەش هاوئاهەنگ بێت.

مارتن گێڵبرت
و: سۆران جەلیل

وا دیارە دوژمنایەتی نێوان جوو و موسڵمانەکان واقیعێکی ڕاستەقینە بێت لە سەدەی بیست و یەکەمدا: دوژمنایەتییەک کە کاریگەری لەسەر ژیانی جوو و موسڵمانان هەیە لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەتی لەسەر ململانێی نێوان عەرەب-ئیسرائیل، ئێستە لە دەیەی شەشەمیدایە. ئەم دوژمنایەتییە کەی دەستی پێ کرد؟ چۆن بەردەوام بوو؟ بۆچی مایەوە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستە سەیری دیوەکەی تری دراوەکە بکەین، بۆ چیرۆکێک کە ڕەنگە ئەمڕۆ وەک بیرخستنەوەیەکی ئەرێنی بۆ ئەوەی چی لە پێشە، خزمەت بە هەردوولا بکات.

بێگومان دوژمنایەتی بەشێک بووە لە گێڕانەوەی مێژوویی درێژخایەنی پێوەندییەکانی عەرەب و جوو. لەناو ئەو سروود و دروشمانەی لەناو ئەو کەشتیانەی تورکیا بوون کە هاوکارییان بۆ کەرتی غەززە دەگواستەوە و لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە ڕێگرییان لێ کراوە، دروشمی یەکگرتوویی موسڵمانان ئەمە بوو: "جووەکان: خەیبەرتان لەبیر بێت. سوپای محەممەد دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تێکتان بشکێنێت."

ئەم دروشمە لە هەموو دەیەکانی سەردەمی مۆدێرن دەنگی داوەتەوە. لە ٧ی ئۆگەستی ٢٠٠٣، کاتێک (علي عمرازي بن حجي نورهاشم)، یەکێک لە داڕێژەرانی "تەقینەوەکەی بالی"، بۆ سزادان چووە ناو هۆڵی دادگای ئەندەنوسیاوە، دوای ئەوەی بە کوشتنی زیاتر لە ٢٠٠ کەس - کە هیچیان جوو نەبوون - تاوانبار کرا، هەمان دروشمی یەکگرتوویی لەبەردەم میدیاکانی جیهاندا دووبارە کردەوە.

دروشمێک ئاماژەیە بۆ ڕووداوێک کە لە ساڵی ٦٢٨ی زایینی ڕووی داوە، کاتێک وەک پێشەوای باوەڕی نوێی ئیسلام، پەیامبەر محەممەد یەکێک لە یەکەمین سەرکەوتنە سەربازییەکانی بەدەست هێنا، دژی هۆزێکی جوو کە لە خەمرکێکی خەیبەر لە نیمچە دوورگەی عەرەبی دەژیان. ڕاپۆرتی سەرچاوە عەرەبییە نوێیەکان باس لەوە دەکەن، لە شەڕەکەدا لە نێوان ٦٠٠ بۆ ٩٠٠ جوو کوژراون. ئەم سەرکەوتنەی موسڵمانان، پەرەسەندنی جیاکاری و باجدان بۆ غەیرە موسڵمانان، هەروەها بەزۆرەملێ ئیسلامبوونیشی بەدوای خۆیدا هێنا.

دوو مانگ دوای دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی (علي عمرازي بن حجي نورهاشم)، مەهاتیر محەممەد، سەرۆک وەزیرانی مالیزیا - لە ساڵی ١٩٨٦دا "ڕۆژی دژە جوو"ی دەست پێ کردبوو - لە دەیەمین کۆنفرانسی لووتکەی ئیسلامی، لە شاری پوتراجایا لە مالیزیا بەڕێوە دەچوو، گوتی: "ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن موسڵمان ناتوانرێت لە لایەن چەند ملیۆن جووەوە تێک بشکێنرێن. دەبێت ڕێگەیەک هەبێت... بەدڵنیایییەوە ٢٣ ساڵەکە، ململانێیەکانی پەیامبەر دەتوانێت ڕێنوێنیمان بکات لەسەر ئەوەی چی لە تواناماندا هەیە بیکەین."

لە ماوەی سێ ساڵدا دوای ئەم داخوازییە، دەنگدەرانی عەرەبی فەلەستینی زۆرینە دەنگیان بە حەماس داوە، بزووتنەوەی مەقاوەمەی ئیسلامی (لە سەددا ٤٤ لە بەرانبەر لە سەددا ٤١ دەنگیان بە فەتح، نزیکترین ڕکابەری حەماس، داوە). پەیڕەوی حەماس کە لە ساڵی ١٩٨٨ ڕاگەیەندرا، چاوەڕوانی جێبەجێکردنی "بەڵێنی خوا - وعد الله" دەکات، هەرچەندە ماوەیەکی زۆریشی پێ بچێت:

عن أبي هريرة، أنه رسول‌الله (ﷺ) قال: «لَا تَقُومُ السَّاعَةُ حَتَّى يُقَاتِلَ الْمُسْلِمُونَ الْيَهُودَ، فَيَقْتُلُهُمُ الْمُسْلِمُونَ حَتَّى يَخْتَبِئَ الْيَهُودِيُّ مِنْ وَرَاءِ الْحَجَرِ وَالشَّجَرِ، فَيَقُولُ الْحَجَرُ أَوِ الشَّجَرُ: يَا مُسْلِمُ يَا عَبْدَ اللهِ هَذَا يَهُودِيٌّ خَلْفِي، فَتَعَالَ فَاقْتُلْهُ.»

پەیامبەر فەرموویەتی: "قیامەت هەڵناسێت تاکوو موسڵمانان لەگەڵ جووەکان دەجەنگن، ئەوجا موسڵمانەکان دەیانکوژن، تا وای لێ دێ جوو لەپشت دار و بەرد خۆیان حەشار دەدەن، ئینجا دارەکە یان بەردەکە دەڵێ: ئەی موسڵمان ئەی بەندەی خوای ئەم جووە لە پشتمەوەیە، وەرە بیکوژە."

لە دوای داگیرکردنی یەهوودا[١] لە لایەن بابلییەکانەوە ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر، جووەکان پەڕاگەندە بوون، یەکەمجار لە میزۆپۆتامیا و پێرشیا (عێراق و ئێران)، پاشان دوای دەستبەسەرداگرتنی یەهوودا لە لایەن ڕۆمەکانەوە، لە سەرانسەری عەرەبستان و باکووری ئەفریقا لە میسرەوە تا مەغریب: هەموو ئەو خاکانەی کە لەگەڵ داگیرکردنەکانی محەممەدوە کەوتنە ژێر دەسەڵاتی موسڵمانان. لە سەدەی دوازدەیەمدا، ٦٠٠ ساڵ دوای کۆچی دوایی محەممەد، مووسا بن مەیموون، فەیلەسوفی جوو (١١٣٥-١٢٠٤)، دوای پێنج سەدە لە دەسەڵاتی موسڵمانان، باسی دۆخی جووەکانی کردووە: "هیچ نەتەوەیەک زیاتر لەمە زیانی بە ئیسرائیل نەگەیاندووە." ئەو زیاتر ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت: "هیچ کەسێک هاوتایان نەبووە لە سووکایەتیکردن و زەلیلکردنمان. کەس نەیتوانیوە هێندەی ئەوان [موسڵمانان] کەممان بکاتەوە."

تێڕامان لە ڕابردوو

بەڵام لایەنێکی تری ئەم چیرۆکە سووکایەتیپێکردن و زەلیلکردنە. لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا بێرنارد لویس، لە پێشەنگترین مێژوونووسانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو ژیانی خەریکی لێکۆڵینەوە بوو لە جوو و ئیسلام و خۆشی جوو بوو، هەڵسەنگاندنی لەسەر ١٤ سەدەی ژیانی جووەکان لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامدا لە سەردەمی محەممەدەوە کردووە. بەو ئەنجامە گەیشتووە کە دۆخی جووەکان کە لەژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەوایانی ئیسلامدا ژیاون "هەرگیز لە خراپترین حاڵەتدا وەک جیهانی مەسیحییەت خراپ نەبووە"، تەنانەت ئەگەر هەرگیز "لە باشترین حاڵەتدا هێندەی مەسیحییەت باش نەبووبێت". لویس لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "لە مێژووی ئیسلامدا هیچ شتێک نییە هاوتەریب بێت لەگەڵ دەرکردن و دادگاکانی پشکنینی بیروباوەڕی ئیسپانیا[٢]، جووقڕانی ڕووسیا (پۆگرۆم)[٣] یان هۆلۆکۆستی نازییەکان."

لە سەردەمی محەممەد لە سەدەی حەوتەمەوە و داگیرکردنە سەربازییە خێراکانی ئیسلام، ملکەچبوونی جووەکانی بۆ فەرمانڕەوایی موسڵمان لە سەرانسەری زەوییەکی گەورەدا، لە کەنارەکانی ئەتڵەسی مەغریبەوە تا چیاکانی ئەفغانستان، بەدوای خۆیدا هێنا. جووەکان بە هۆی ئەوەی غەیرە موسڵمان بوون، لەگەڵ هەموو مەسیحییەکان و کەمینە ئایینییەکانی دیکە لەژێر دەسەڵاتی موسڵماناندا، پێگەی زیممەیان (أهل الذمة)[٤] هەبوو، کە بە واتای وشەیی بە "ئەهلی پەیماننامە" یان "ئەهلی کتێب" دێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕەگوڕیشەی هاوبەشی ئایینە ئیبراهیمییەکان. ئەهلی زیممە پێگەیەکی کەمتریان هەبوو، لە کاتێکدا وەک کەمینەیەک بۆ پەرستنی باوەڕەکانی خۆیان پارێزگارییانی لێ دەکرد، بەڵام لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕووبەڕووی چەندان سنووردارکردنی بێزارکەر و سووکایەتییانی دەکردەوە، لەناویاندا هەندێکجار جزیەی سزادەرانە، یان باجی سەرانە.

بەهەرحاڵ، مێژوو نیشانی دەدات، لە هەموو سەدەیەک و لە هەموو خاکێک لەژێر دەسەڵاتی موسڵماناندا سەرەڕای ساتەکانی ئازار و عەزیەتکردن، دەتوانرێت ڕێساکانی زیممە سووک بکرێت، جزیە لەگەڵ جووەکاندا بۆ بڕێکی ڕواڵەتی کەم بووەوە و بەم شێوەیە بوو بە بەشێکی دانەبڕاو و ڕێزلێگیراو لە کۆمەڵگەی موسڵمانان. ئەم بەزەیییە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. لە ساڵی ٦٣٨ی زایینی، لە سەردەمی خەلیفەی دووەمدا، عومەر بن خەتتاب، هاوەڵ و خەزووری دووەمی محەممەد، (ڕ. ٦٣٤-٤٤)، سوپای ئیسلام چەند شارێکی داگیر کرد کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی مەسیحییەکاندا بوون، جووەکان بە ئاشکرا هاوکاری موسڵمانانیان دەکرد، بەو هیوایەی لە ئازار و ئەزیەتی مەسیحییەکان ڕزگاریان بێت. سەربازە جووەکان وەک خۆبەخش لە ڕیزی موسڵمانان شەڕیان دەکرد، جووەکان وەک ڕێنوێن مامەڵەیان دەکرد و خۆراک و پێداویستییان بۆ سوپای موسڵمانان دابین دەکرد.

ئورشەلیمی نوێ

کاتێک عومەر لە ساڵی ٦٣٨ی زایینیدا چووە ئورشەلیم جووەکان داوای مۆڵەتیان لێ کرد بۆ ئەوەی ٢٠٠ خێزانی جوو لەم شارەدا بژین. لەبەرئەوەی پاتریارکی مەسیحی بەتوندی دژی ئەم پێشنیازە بوو، عومەر ژمارەیانی کردە ٧٠ خێزان. عومەر ناوچەی تایبەت بە جووەکان خۆیان لە ئورشەلیم بەخشی بەم خێزانە جووانە، ئەو گەڕەکە دەکەوێتە ئەو شوێنە کۆنەی شارەکە کە ئێستە جووەکانی تێدا نیشتەجێن. ڕێگەیان پێدرا کۆلێجێکی ئایینی و کەنیسەیەک لەوێ دروست بکەن، تاکوو نزیک بن لە تەپەی پەرستگە و نوێژەکانیان بکەن، ئەو شوێنە سەردەمانێک شوێنی پەرستگەی سلێمان بووە.

بەپێی سەرچاوەی جووەکان کە لە بەغداوە دەست کەوتوون، باس لەوە دەکەن کاتێک عومەر بابلی داگیر کرد پشتڕاستی کردەوە کە سەرۆکی کۆمەڵگەی جووەکانی ئەوێ - بە (رأس الجالوت)[٥] ناسرابوو و لە سەردەمی بوستنای بن حەنینا - لەژێر دەسەڵاتی موسڵماناندا وەکوو (رأس الجالوت) ماوەتەوە، دەسەڵاتی بەسەر جووەکانی هەرێمەکە (عێراقی ئەمڕۆ)دا هەبوو.

دوای شەست ساڵ، خەلیفەیەکی تر بە ناوی (عبد الملیک)، بنەماڵە جووەکانی وەک پارێزەری تەپەی پەرستگە دانا - لای موسڵمانان بە حەرەمی شەریف (المسجد الأقصى) ناسراوە - و ئەرکی پاراستنی پاکوخاوێنی تەپەکە و دروستکردنی بلور و داگیرساندنی چراکانی پێ بەخشین. هەروەها بڕیاری دا ئەم جووە تایبەتانە لە پێدانی جزیە بەخشراو بن. جووەکانی دیکەش پۆستی دەسەڵاتیان لە حکوومەتەکەی مالیکدا بەدەست هێنا.

پزیشک و بازرگان و پیشەگەرانی جوو بە خۆشگوزەرانی دەژیان و لەژێر دەسەڵاتی موسڵماناندا بە شێوەیەکی بەرهەمدارانە کاریان دەکرد. لە ئەفغانستان، لە سەدەی ١١ و ١٢دا، کۆمەڵگەی جووەکان بە هەمان شێوە گەشەیان کرد؛ سوڵتان مەحموود (٩٩٨-١٠٣٠) جوویەکی بە ناوی ئیسحاق ڕاسپارد بۆ بەڕێوەبردنی کانەکانی قوڕقوشم و توانەوەی کانزاکان. یەکێک لە سەرکەوتووترین جووەکان لە خاکی موسڵمانان لە سەدەی دوازدەمدا، ئەبو مونەجە سلێمان ئیبن شایە بوو، بوو بە بەرپرسێکی حکوومەت لە میسر. وەک کارگێڕی چەند ناوچەیەک، بەناوبانگە بەو کەناڵە ئاودێرییەی لە ماوەی شەش ساڵدا دروستی کرد، ئاوی گەیاندە زەوییەکی کشتوکاڵی وشک. ئەوەندە سەرکەوتوو بوو نازناوی عەرەبی سان دەولەی (نەجیبزادەی دەوڵەت)ی پێ بەخشرا.

زۆر بیرمەند، زانا و شاعیری گەورەی جوو لە خاکی موسڵمانەکاندا دەژیان. مووسا بن مەیموون، گەورەترین زانای جوو بوو لە سەدەکانی ناوەڕاستدا. لە ساڵی ١١٦٤ی زایینیدا، دوای ئەوەی لەدەست ئازار و ئەزیەتی موسڵمانان لە شاری فاس هەڵات، لە میسر لەژێر دەسەڵاتی فاتیمییە شیعە لێبوردەکان نیشتەجێ بوو، لەوێ بوو بە پزیشکی دەربار. لە نووسینەکانیدا سەبارەت بە خۆراک و ڕجیم، پشتیوانی لە "ژەمە خۆشە هاوبەش"ەکان دەکات وەک ڕێگەیەک بۆ زاڵبوون بەسەر دڵەڕاوکێ و گرژی و "هەروەها بەدگومانی لە نێوان گرووپە ئیتنیکییەکاندا".

مووسا بن مەیموون، نزیک لە دەسەڵات لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا، بە زمانی عەرەبی قسەی دەکرد و دەینووسی و ئاشنای فیکر و کولتووری عەرەبی بوو. لە قاهیرە، کە یەکێکە لە ناوەندە فیکرییە گەورەکانی جیهانی عەرەبی، چووە ناو ژینگەیەکەوە هاندەری فێربوون و داهێنەری ئەو بوو. هەروەها وەک سەرۆکی حاخامەکانی کۆمەڵگەی جووەکانی ئەوێ کاری کردووە. وەک پزیشکێک ناوبانگەکەی ئەوەندە زۆر بوو، سەڵاحەددین کاتێک بوو بە سوڵتانی میسر، وەک پزیشکی دەربار دەستنیشانی کرد.

لەناو نووسینە پزیشکییەکانی مووسا بن مەیمووندا، (Fi ‘l-Jima’a) (لەبارەی جووتبوونی سێکسی)یەوە، نامیلکەیەک لەبارەی سێکس و خۆراکە وروژێنەرە سێکسییەکانەوە کە بەتوندی لەسه ڕ ڕجیم چڕ بووەتەوە، لقێکی پزیشکی کە ئەو تێیدا پێشەنگ بوو. ئەم نامیلکەیە لە لایەن سوڵتان عومەر، کوڕەزای سەڵاحەددینەوە ڕاسپێردرا بوو بینووسێت. نامیلکەکە بۆ خوێنەری غەیرە جوو بووە و بە زمانی عەرەبی بڵاو کراوەتەوە.

ڕەشنووسی ئەو ڕاگەیاندنەی کە مەیموونی بە سەرۆکی یەهوود ناساندووە، ماوە، "سەرۆکی جووەکان"، لە لایەن دەسەڵاتدارانی موسڵمانەوە وەک نوێنەری فەرمی کۆمەڵگەی جووەکان لە قاهیرە ناسێندرا.

سەڵاحەددین، جەنگاوەری گەورەی موسڵمان، کورد و بەڵای خاچپەرستانی مەسیحی، دوای پێنج مانگ گەمارۆدان، لە ساڵی ١١٨٧دا ئورشەلیمی داگیر کرد. سەڵاحەددین جووەکانی هان دا بگەڕێنەوە بۆ شار. هەندێکیان لە دوورەوە لە باشووری یەمەنەوە و هەندێکی دیکەشیان لە باکووری ئەفریقاوە هاتبوون. هەروەها لە نێوان ساڵانی ١٢٠٩ تا ١٢١١، جووەکان لە ئینگلتەرا، باکووری فەرەنسا و پرۆڤانس (لە باشووری ڕۆژهەڵاتی فەرەنسا)ەوە گەیشتنە ئورشەلیم. بەگشتی نزیکەی ٣٠٠ حاخام لە لایەن فەرمانڕەوا موسڵمانەکانی شارەکەوە پێشوازییان لێ کرا.

زۆر نموونەی دیکەی بەشداریکردنی بونیادنەر لە نێوان کولتوورەکاندا هەیە. حیساباتی داهات و خەرجی خانوویەکی گەورە لە قاهیرە، کە جوو و موسڵمانەکان لە ساڵی ١٢٣٤دا تێیدا ژیاون و بە هاوبەشی خاوەنداریەتییان کردووە، تا ئێستەش ماوە. بێگومان ڕێکخستنی دیکەی لەو جۆرە هەبوون. زۆرێک لە جووەکان وەک مووسا بن مەیموون، پۆستی باشیان بەدەست هێناوە وەک پزیشک لە دەرباری موسڵمانان، نزیکەی لەژێر دەسەڵاتی هەموو خەلافەتەکاندا، جگە لە کۆنەپەرستترین خەلافەتەکان، زۆرجار کاریگەرییەکی بەرچاویان هەبوو. ئەو پزیشکە جووانەی لەمێژە پزیشکی بۆیان پسپۆڕییەکی نەریتی بووە، لەناو موسڵمانەکاندا بایەخێکی زۆریان پێ دەدرا. زمانناس، نووسەر و شاعیرانی جووش هەروا بوون.

جاکۆب دی ئەنکۆنا (Jacob d'Ancona)، گەشتیاری جووی ئیتاڵیایی، لە شاری بەسرە، ساڵی ١٢٧٠دا نووسیویەتی: "لەناو جووەکاندا تەنیا بازرگان نییە، بەڵکوو بەرگدووریش هەیە، کرێکارانی دار، پێستە و ئاسن، دروستکەرانی پێڵاو و زین، هەروەها زۆرێک لە دەرمانساز و پزیشکان، لە کارامەیی گەورە و زانیاری جووەکان لە ساڕێژکردنی مرۆوە بیگرە تا تێگەیشتن لە سروشتی مرۆ، لەم شارەدا هەن."

لە سەدەی ١٤ەوە، تورکە عوسمانییەکان ئیمپراتۆریەتێکی فرەوانی موسڵمانانیان دروست کرد، کە تێیدا جووەکان بەشێکی قەبووڵکراو و پێکهێنەری پێکهاتەی کۆمەڵگە بوون. بازرگانانی جوو دووکاندارە سەرەکییەکانی بەغدا بوون. لە تونس و جەزائیر، جووەکان وەکوو ڕێڕەوێک بۆ بازرگانی عوسمانییەکان لەگەڵ وڵاتانی مەسیحی لە سەرانسەری دەریای ناوەڕاستدا خزمەتیان کردووە.

لەناو ئەو جووانەی کە لە ئەورووپای مەسیحییەوە هاتبوونە شاری ئیدیرنەی عوسمانی (لە ڕۆژئاوای تورکیا)، حاخام ئیسحاق تزارفاتی (Isaac Tzarfati)، بوو. لە سەدەی ١٤دا وەک سەرۆکی حاخامەکانی قەڵەمڕەوی عوسمانی دەستنیشان کرا. لە نامەیەکدا [سەبارەت بە تورکیای عوسمانی] بۆ جووەکانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، هەنگاریا و ئەورووپای نووسیوە تا "ئاگادارتان بکەمەوە ئەم وڵاتە چەندە دڵساز و خۆشە."

لێرە ئارامی و بەختەوەریم دۆزییەوە؛ تورکیا دەتوانێت بۆ ئێوەش ببێتە وڵاتی ئاشتی… لێرە جوو ناچار نییە کڵاوێکی زەرد وەک نیشانەی شەرمەزاری لە سەر بکات، وەک ئەوەی لە ئەڵمانیا هەیە، تەنانەت سەروەت و سامانی زۆریش نەفرەتێکە بۆ جوویەک، چونکە بەو هۆیەوە ئیرەیی لەناو مەسیحییەکان دەوروژێنێت… براکانم هەستن، خۆتان هەڵکەن، هێز بدەنە خۆتان و وەرن بۆ لای ئێمە. لێرە لە دوژمنەکانت ڕزگارت دەبێت، لێرە ئارامی دەدۆزیتەوە...

خۆبەڕێوەبەری

لە یەکەم ڕۆژەکانی داگیرکردنی كۆنستانتینوپول (ئیستەنبووڵ) لە ساڵی ١٤٥٣، سوڵتان محەممەد فاتیح، هانی جووەکانی دەدا لە شارەکەدا نیشتەجێ بن و خۆیان لە کۆمەڵگەی ئایینی خۆیاندا بەڕێوە ببەن. موڵکەکان بەخۆڕایی پێشکەش بە جووە تازەهاتووەکان دەکرا، بە لێخۆشبوونی بەرچاو لە باجەکانیان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و مۆڵەتی دروستکردنی کەنیسەکان - بەم شێوەیە قەدەغەکردنی لەمێژینەی موسڵمانان بۆ دروستکردنی هەر شوێنێکی نوێ بۆ پەرستن پشتگوێ دەخرێت. تا ساڵی ١٤٧٨، (١٦٤٧) ماڵی جوو لە قوستەنتینییە هەبوون - ١٠ هەزار کەس - لە سەددا ١٠ی کۆی دانیشتووانیان پێک دەهێنا.

جووەەکان وەک هاوەڵی چەکدار لەگەڵ سەربازە موسڵمانەکان بەردەوام بوون لە شەڕکردن دژی مەسیحییەکان. لە ساڵی ١٤٣١، بەشێکی دانەبڕاوبوون لە سوپای سوڵتان ئەبو عەبدوڵڵا محەممەدی نۆیەمی غەرناتە لە شەڕی هیگوروئلا (Higueruela)، کە بەداخەوە بۆ جوو و موسڵمانان، هێزەکانی محەممەدی نۆیەم لە لایەن سوپای شا خوان دووەمی کاستیلەوە شکستیان پێ هێنرا.

بە هۆی دەرکردنی جووەکان لە ئیسپانیای مەسیحی لە ساڵی ١٤٩٢ بەلایەنی کەمەوە ١٣٠ هەزار کەس ڕوویان لە خاکی موسڵمانان کرد. جۆزێف هامۆن، لە ئیسپانیاوە هەڵاتبوو، بوو بە پزیشکی دەربار بۆ دوو سوڵتانی عوسمانی بە ناوەکانی بایەزیدی دووەم و سەلیمی یەکەم. مووسای کوڕی وەک پزیشکی دەربار شوێنی گرتەوە و چاودێری تەندروستی سوڵتان سولەیمانی قانوونی دەکرد (ڕ. ١٥٢٠-٦٦)، لە هەڵمەتە سەربازییەکەی بۆ سەر ئێران لەگەڵیدا بووە. مووسا هامۆن چەندان کتێبی لەسەر پزیشکی نووسیوە، لەوانە کتێبێکی گرینگ لەسەر پزیشکی ددان، لە کتێبخانەی زانکۆی ئیستەنبووڵدا پارێزراوە.

لە سەردەمی سوڵتان سولەیمانی قانوونیدا، جووەکان پۆستی گرینگیان لە دەرباردا بەدەست هێناوە. بەڵگەنامەیەک لە ئەرشیفی کۆشکی تۆپقاپی، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٢٧، باس لەوە دەکات کە لەناو زیوچییەکان، ئیبراهیمی جوو، پسپۆڕ بووە لە دروستکردنی ئەنگوستیلە لە زیو و بەردی بەنرخ بۆ سوڵتان.

کاتێک عەبباسی یەکەم بوو بە شای ئێران لە ساڵی ١٥٨٨، جووەکان سەرەتا زۆر ڕێزیان لێ دەگیرا. لە کاتی هەڵمەتە سەربازییەکەیدا دژی جۆرجییەکان لە قەوقاز، سەربازە جووەکان لە سوپاکەی شا عەبباسدا شەڕیان دەکرد. وەک سوپاسگوزاری بۆ هاوکارییەکانیان، ڕێگەی پێ دان کۆمەڵگەیەکی نوێی جوو بە ناوی فەرەح ئاباد لە کەنارەکانی دەریای خەزەر بونیاد بنێن. کاتێک عەبباس پایتەختەکەی لە قەزوینەوە گواستەوە بۆ ئەسفەهان، زۆرێک لە جووەکان بۆ نیشتەجێبوون ڕوویان لەو شارە کرد.

لە سەدەکانی دواتریش ئەو جووانەی لە سەرزەمینی موسڵماناندا دەژیان ڕازی بوون لە ژیانیان، لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی کۆنەپەرستی و هێرش و تەنانەت کۆمەڵکوژیش دەبوونەوە. هیچ وڵاتێکی موسڵمان لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەبێ هەستی دژە جوو نەبووە، یان خاڵی نەبووە لە سەردەمی سازان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە.

جووەکان لە میسر و عێراق گەشەیان کرد، بەتایبەتی لە ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠دا، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی زایۆنیزم و بەڵێنی بەریتانیا بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی جوو لە فەلەستین، گەشەسەندنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی - کە لە لایەن بەریتانیاشەوە هاندرابوو - دەستی کرد بە پاڵپشتیکردنی دۆزی فەلەستین و داوای کۆتاییهێنان بە کۆچی جووەکانی بۆ فەلەستین کرد. لە هەمان کاتدا، فەندەمێنتالیزمی ئیسلامی، بە ئیلهام وەرگرتن لە ئیخوان موسلیمینی میسر، ئیدانەی کۆچی جووەکانی بۆ فەلەستین کرد، تەنانەت بۆ ئەو ناوچانەی کە جووەکان دەیان ساڵ بوو کشتوکاڵیان تێدا دەکرد. دەستیان کرد بە لێدوان لەسەر جووەکانی نیشتەجێی وڵاتە موسڵمانەکان - کەمیان زایۆنیست بوون - و وەک بێ وەفا و بێگانە دانران.

ئیسرائیل و فەلەستین

لەگەڵ چڕبوونەوەی هەستی دژە زایۆنیزمی لە ساڵانی ١٩٣٠دا، بە هۆی پڕوپاگەندەی ڕادیۆی نازی و فاشیست و نێردراوانی ئەڵمانیاوە، ئەو جووانەی لە وڵاتە عەرەبییەکان دەژیان، بە درێژایی ١٤٠٠ ساڵی دەسەڵاتی موسڵمانان وەک نیشتمانیان بوو، تا دەهات زیاتر هەستیان بە نائارامی دەکرد.

لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨، زیاتر لە نیو ملیۆن جوو هەڵاتن یان لەو خاکانە دەرکران کە ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ دراوسێ موسڵمانەکانیان تێیدا ژیا بوون.

ئەمڕۆ، ئەو پێکهاتە گەورەیەی جووەکان کە سەدەیەک لەمەوبەر لە زیاتر لە ١٥ وڵاتی موسڵماندا هەبوون، نەماون. کاتێک سەربازانی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٠٣دا، لە سەرەتای جەنگی دووەمی کەنداو، چوونە ناو بەندەری بەسرەی عێراق، تەنیا یەک جوو لەوێ مابوو، ئەویش سەلیمە مۆشە نیسین تەمەن ٨٠ ساڵ بوو. ئەو لە لایەن ئەفسەرێکی هێزی دەریایی سکۆتلەندییەوە دۆزرایەوە. لە ساڵی ٢٠٠٣، تەنیا چەند جوویەک لە عێراقدا مابوون؛ لە ساڵی ١٩٤٨ زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس بوون. لە ساڵی ٢٠٠٥ بی‌بی‌سی بڵاوی کردەوە تەنیا یەک جوو لە ئەفغانستان ماوە. ناوی زێبولۆن سیمنتۆڤ بوو، دوایەمین جووی کۆمەڵگەی جووەکانی کۆن بوو کە ژمارەیان هەزاران کەس بوو. تەنیا مەغریب پاشایییە، شا محەممەدی شەشەم، وەک سوڵتانەکانی عوسمانی لە سەدەکانی پێشوودا مامەڵەی کردووە و ئومێدبەخشی ٢٠٠٠ جووی نیشتەجێی وڵاتەکەیەتی؛ ٨٠ ساڵ لەمەوبەر ژمارەیان زیاتر لە چارەکە ملیۆنێک بوو. ئایا ئەو ٥٠ هەزار جووەی کە تا ئێستەش لە خاکی موسڵماناندا دەژین، بە ٢٥ هەزار کەسی ئێرانیشەوە، دەتوانن ژیانێکی هێمن و دڵنیاکەری جووانە بەدەست بهێنن کە لە ڕابردوودا لە زۆر ڕووەوە لێیان زەوت کرابوو؟ پێشینەی باش و خراپ هەن.

مێژووی ئەو جووانەی کە لە خاکی عەرەب و موسڵماناندا ژیاون، مێژوویەکی هەمەچەشن و جێ سەرنجە. کاتەکانی ئازار و مەترسی بە یەکەوە لەگەڵ کاتەکانی دەستکەوت و ڕازیبوون گۆڕاوە. جووەکان ڕێزیان لێ گیراوە، ستایش کراون و لاسایی کراونەتەوە؛ هەروەها ئازار دراون، ماڵ و حاڵیان تاڵان کراوە و لێیان کوژراوە، بەڵام ئەوان مانەوە و لە زەمانی پێوەندییە باشەکاندا پێشوازییان لە دراوسێ موسڵمانەکانیان دەکرد. بۆ ماوەی ١٤٠٠ ساڵ، جووەکان بە شێوازە جیاوازەکانیان بەشدارییەکی گەورەیان لە خۆشگوزەرانی و پێکەوەبەستراوی ئوممەت - لە سەرانسەری کۆمەڵگەی جیهانی موسڵماناندا، کردووە. ئەوان هیچ نیازی تێکدان و ئارەزووی گۆڕینی موسڵمانان بۆ ئایینی جوو، یان بە هەر شێوەیەک هیچ مەبەستێکیان بۆ ڕووخاندنی ئایینی ئیسلام نەبووە.

ئایندەیەک لە ڕابردووەوە

کۆچکردن و بڵاوبوونەوەی جووەکان لە خاکە عەرەبی و موسڵمانەکان لە دوای ساڵی ١٩٤٨، دابڕانێکی قەرەبوونەکراو بوو لە چیرۆکی ١٤٠٠ ساڵەی خۆڕاگری سەرنجڕاکێش، دەستکەوتی بەرچاو و شانازییەکی ڕەوا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، دوایین لێکۆڵینەوەم لەسەر دانیشتووانی جوو لە خاکی موسڵماناندا "بۆ ١٤ ملیۆن جوو و ١٤٠٠ ملیۆن موسڵمان لە جیهاندا تەرخان کرد، بەو هیوایەی کە ڕەنگە لە سەدەی بیست و یەکدا لێبوردەیی یەکتر نوێ بکەنەوە، یەکترقەبووڵکردن و هاوبەشییەک کە چەندان قۆناغی لە مێژووی ئەواندا دیاری کردووە". ئەمەش دەتوانێت ئامانجی هەموو جوو و موسڵمانان و دۆستەکانیان بێت لە هەردوو دیوی ئەو دابەشبوونەی ئێستە هەیە، کە خوازیاری بەدیهاتنی پێوەندییەکی ئاشتییانە، بەرهەمدار و قایلکەرن لە نۆ دەیەیەکەی دیکەی سەدەی بیست و یەکەمدا. هیوادارم کارەکانم بە جۆرێک لە جۆرەکان هاندەر بن بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە مێژوو و لەگەڵیدا داهاتوویەک کە تەنیا لاسایی باشترینەکانی ڕابردوو بکاتەوە؛ زۆر لەو نموونانەمان لەبەردەستدایە.

هەموو مانگێک، سەرەڕای بەردەوامی ململانێ، نیشانەی نوێی هیوا دەبینین. بۆ نموونە لە مانگی جوونی ساڵی ٢٠١٠دا، داڵتۆن مەکگینتی، سەرۆک وەزیرانی ئۆنتاریۆ، لەناو ئەو کەسانەدا بوو کە سەردانی پەیمانگەی ئاراڤا بۆ لێکۆڵینەوەی ژینگەیی کرد، دەکەوێتە دۆڵی ئاراڤای ئیسرائیل، شوێنێک کە خوێندکارانی موسڵمان و جوو - لە ئیسرائیل، کەناری ڕۆژئاوای فەلەستین و ئوردن - پێکەوە لەسەر پرسە ئاڵۆزەکانی ژینگە کار دەکەن، ئەو ڕێگەچارانەی زۆر بەلایانەوە گرینگن، خۆشگوزەرانی و ئارامی داهاتووی ناوچەکەیە. پڕۆژەی هاوبەشی هاوشێوە لە بواری پەروەردە، زانست، پزیشکی و هونەردا زۆرن. هەریەکەیان چرای ڕووناکی و دەشێ ڕێنوێنیکەری پەیامهێنەری هاوئاهەنگی بن.

-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە مارتن گێڵبرت نووسیویەتی و بە ناونیشانی (Past Precedents for Muslim and Jewish Peace)، ٨ی ئۆگەستی ٢٠١٠، لە سایتی هیستۆری توودەی بڵاو کراوەتەوە.

•• مارتن گێڵبرت (Martin Gilbert)، ژیاننامەنووسی وینستن چەرچڵ و مێژوونووسی سەدەی بیست و جوو بوو. ئەندامی لێکۆڵینەوەی چڵکۆت (Chilcot inquiry) بووە سەبارەت بە ڕۆڵی بەریتانیا لە شەڕی عێراق. دوایین کتێبی لە ماڵی ئیسماعیل: مێژووی جووەکان لە خاکی موسڵمانان (٢٠١٠) بوو. گێڵبرت، لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٣٦ لەدایک بووە و لە ٣ی فێبریوەری ٢٠١٥ کۆچی دوایی کردووە.

[١] یەهوودا (Judea)، یەهوودا ناوچەیەکی شاخاویییە لە لەڤانت. ئەم ناوە عیبرییە و لە کۆنەوە بەکار هاتووە. یەهوودا کوڕی یاقوب بوو، دواتر ناوی "ئیسرائیل"ی لێنرا و کوڕەکانی بەکۆمەڵ سەرۆکایەتی دوادزە هۆزی ئیسرائیل بوون. نەوەکانی یەهوودا لەناو ئیسرائیلییەکان هۆزی یەهوودایان پێک هێنا.

[٢] دادگاکانی پشکنینی بیروباوەڕی ئیسپانیا (Spanish Inquisition)، دادگایەک بوو لە ساڵی ١٤٨٠ لە لایەن فەرمانڕەوای کاسۆلیکی فێرناندۆی دووەم، پاشای ئەراگۆن و ئیزابێلی یەکەم، شاژنی کاستیل دامەزراوە. مەبەست لێی پاراستنی کلێسەی کاسۆلیکی و جێگرتنەوەی دادگاکانی پشکنینی بیروباوەڕی سەدەی ناوەڕاست بوو کە لە لایەن پاپاکانەوە بەڕێوە دەبران. لە نێوان ساڵانی ١٤٩٢ بۆ ١٥٠١ جوو و موسڵمانان فەرمانیان پێکرا یان ئایینی مەسیحی هەڵبژێرن یان ئیسپانیا بەجێ بهێڵن. تۆماس دی تۆرکمادا (Tomás de Torquemada)، یەکەم پشکێنەری گەورەی دادگاکانی پشکنینی بیروباوەڕی ئیسپانیا بوو، لە سەردەمی ئەودا ئازار و ئەزیەتێکی زۆری جووەکان درا.

[٣] پۆگرۆم (Pogrom)، پۆگرۆم کۆمەڵکوژی جووەکان لە ڕووسیا و ڕوژهەڵاتی ئەورووپا. ئەم زاراوەیە لە زمانی ڕووسییەوە هاتە ناو زمانی ئینگلیزی بۆ وەسفکردنی هێرشەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەم بۆ سەر جووەکان لە ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا بەکار هێنراوە. پۆگرۆمە گرینگەکان لە ئیمپراتۆری ڕووسیادا بریتی بوون لە پۆگرۆمەکانی ئۆدێسا و وارشۆ (١٨٨١)، پۆگرۆمی کیشینڤ (١٩٠٣)، پۆگرۆمی کیێڤ (١٩٠٥) و پۆگرۆمی بیالیستۆک (١٩٠٦). دوای داڕمانی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیاش لە ساڵی ١٩١٧، چەندان پۆگرۆم لە نێوان ململانێی دەسەڵات لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات ڕوویان دا، لەوانە پۆگرۆمی لۆو (١٩١٨) و پۆگرۆمی کیێڤ (١٩١٩). لە مێژووی نوێ عێراقدا رووداوێکی هاوشێوەی لەم جۆرە هەیە، ئەو توندوتیژییانەی لە ١ و ٢ی جوونی ١٩٤١، دژی جووەکان ڕوویان دا و بە "فەرهوود" ناسراوە. بە هۆی ڕووخانی حکوومەتەکەی ڕەشید عالی گەیلانی، کە لایەنگری ئەڵمانیای دەکرد، وا بڵاو بووەیەوە گوایە جووەکان بۆ لەناوبردنی حکوومەتەکەی ڕەشید عالی یارمەتی بەریتانییەکانیان داوە. زیاتر لە ١٨٠ جوو کوژران و ١٠٠٠ کەسیش بریندار بوون. نزیکەی ٩٠٠ ماڵی جووش تاڵان کران. ئەم ڕووداوە بە سەرەتای کۆتاییهێنان بە جوو لە عێراق دادەنرێت.

[٤] ئەهلی زیممە (أهل الذمة)، زاراوەیەکە بۆ ئەو غەیرە موسڵمانانەی لە دەوڵەتێکی ئیسلامیدا دەژین و دەبێت پارێزگارییان لێ بکرێت. وشەکە بە واتای "کەسی پارێزراو" دێت. لە ڕووی مێژوویییەوە، پێگەی زیممە لە سەرەتادا بۆ ئەهلی کتێب؛ جوو، مەسیحی و سائیبییەکان بەکار هێنرا. دواتر ئەم پێگەیە بۆ زەردەشتی، سیخ، هیندۆس و بوداییەکانیش جێبەجێ کرا. جووەکان و مەسیحییەکان پێویست بوو جزیە بدەن لە کاتێکدا ئەوانی تر بەپێی حوکمە جیاوازەکانی چوار مەزهەبەکە، ڕەنگە داوایان لێ بکرێت ئیسلام قەبووڵ بکەن، جزیە بدەن، دەربەدەر بن، یان بکوژرێن.

[٥] رأس الجالوت (Exilarch)، سەرۆکی ئاوارەکان، لە بابل دوای مردنی پاشا زیکۆنیا و لەناوبردنی پەرستگای دووەم و بەدیلگرتنی جووەکان، ئەو کەسەی سەرۆکایەتی ئەو خەڵکە جووەی دەکرد، پێی دەگوترا (رأس الجالوت).

ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:

Martin Gilbert, ‘Past Precedents for Muslim and Jewish Peace’, History Today, 8 August 2010