ئیلۆن مەسک دەیتوانی بە ٤٤ بلیۆن دۆلار کۆتایی بە هەژاری بهێنێت لە جیهاندا، بەڵام بۆچی نەیکرد؟

جیهان 01/05/2022

نەزەند بەگیخانی

 

بە ٤٤ بلیۆن دۆلار، مەسک دەیتوانی کۆتایی بە قەیرانی هەژاری لەسەر گۆی زەوی بهێنێ، بەڵام ئەمە بۆ ئەو گرنگ نییە. بۆچی؟


ئەم ویکێندە کاتێ کۆمپیوتەرەکەم کردەوە، نیازم وابوو لە دەرەوەی کاری رۆژانەم بە وتارێکدا بچمەوە کە دەبوایە پێشتر تەواوم کردبا و بۆ ئەکادیمیای پرۆتێستانتی ئەڵمانیام ناردبا بۆ بڵاوکردنەوە. لەم بەیانییەدا بەهیچ شێوەیەک بیرم لەوە نەکردبووەوە کە دەربارەی تویتەر و بلیاردێر ئێلۆن مەسک چەند وتارێک بخوێنمەوە ! بەڵام وتارێکم لە زانکۆوە بۆ هاتبوو دەربارەی هەواڵی کڕینی پلاتفۆرمی تویتەر لە لایەن ئێلۆن مەسکەوە. کلیکم کرد و وتارەکە بردمی بۆ چەند وتارێکی دیکە- ئەمەش سروشتی سۆشیەل میدیایە لەم سەردەمەدا کە بە هەموو لایەکدا پەلکێشمان دەکات و ئەگەر زۆر بەهێزنەبین و فۆکەسمان چڕ نەبێت، ئەوە دەکەوینە ناو بازنەیەکی بۆش و بێهودە و بە بێ مەبەستێکی ژیرانە دەخولێینەوە.
مەسک، دەوڵەمەندترین پیاوی دونیایە و ئارەزوومەندە هەموو فەزا و پلاتفۆرمەکانی سۆشیەل میدیا داگیر بکات، مرۆڤ بنێرێتە سەر ئەستێرەی مارس و ژێر زەمینی شارەکانیش بکاتە تونێلی شەمەندەفەڕ و بە دوگمەیەک بەو ئاراستەیان دا ببات کە خۆی دەیەوێت، تەواوی گۆی زەوی، ئاسمان و زەمین و دەریا و ئۆقیانووسەکان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.
هەواڵی کڕینی تویتەر لە لایەن ئەم سەرمایەدارە کە هەندێ کەس وەک هەرزەکارێکی سەرەڕۆ و رەها وەسفی دەکەن بۆ زۆر بیرمەند و ئەکادیمیست بۆتە پرسیار و مایەی نیگەرانی.
مەسک بەوە ناسراوە کە دژی تویتەر بووە؛ بە رای ئەو تویتەر ئازادی رادەربڕینی بەرتەسک کردۆتەوە و بەمەش زەرەری لە دیموکراسی داوە. ئایا ئەمە راستە؟ لەسەر ئەمە قسەی زۆر کراوە: تویتەر ئەکاونتی دۆنالد ترەمپی داخست، ئەو گوتار و تویتانەی دەسڕیەوە کە رقئامێز بوون و دەبوونە مایەی دووبەرەکی و توندوتیژی، هۆشداری دەدا دەربارەی ناوەڕۆکی مەترسیدار، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی رابردوو و دادگاییکردنەکانی و دوای گفتوگۆ سیاسەتێکی میانڕەوی داڕشت. بەمەش تا راددەیەک پلاتفۆرمەکەی پاک کردبووەوە لە ژەهری رق و دووبەرەکی و توندڕەویی سیاسی و ئاینی. ئەمە بە رای هەندێ کەس شتێکی باش بوو کە وەک کولتوری حەکیمانەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی تویتەر وەسفی دەکەن، بە پێچەوانەی فەیسبووک کە کۆدی رێکخستن و بەڕێوەبردنی زۆر لاوازترە و دەستکەوت و سەرمایە ئامانجی سەرەکیی و کۆتایی زوکەبێرک-ە.
بە رای زۆر راڤەکار، مەسک حەزی لە جەمسەرگیری و رەهاییە، حەزی لە دابەشکردنی بیرورایە بەسەر دوو لایەنی دژبەیەک تا ئاستی رەهایی و داکۆکیکردنی بێ مەرج لەم بیرورایانە. ئەمەش بۆتە مایەی نیگەرانیی بیرمەند و راڤەکارانی ئینتەرنێت و گومانی ئەوە دەکەن، کە مەسک بەم سیاستە کۆلۆنیزەی فەزای مەجازی بکات و بەو ئاراستەیەدا بیبات کە حەزی تاکڕەویی و رەهای هەرزەکارانەی خۆی بەرجەستە بکات. ئەمەش، بە رای راڤەکاران، بۆ تێرکردنی حەزی ئەوە لەوەی کە سەرنجی هەموو دونیا بۆ خۆی رابکێشێت و ببێتە سەنتەری گەردوون، چونکە ئەو دەیەوێ تەنها خۆی لە مەیدانەکەدا هەبێت، هەموو ئەوانیتر لەناو ببات، لەگەڵ کەس هاوکاری ناکات ، باوەڕی بە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان نییە، خۆی بە پاڵەوانی هەموو فەزاکان لەسەر زەمین و ئاسمان و ژێر زەمین دەزانێ. دیارە بە پارەش ئەمەی بۆچۆتە سەر و خۆیشی وا ناساندووە کە بە شێوەیەکی رەها ئازادی و دیموکراسی دەپارێزێ.
هەندێ لە راڤەکاران بەراوردی دەکەن بە کۆلۆنیالیستەکان کە لە داگیرکردنی وڵاتانی دیکە هەموو سەرچاوە کولتوری و ئابووری و مێژووییەکانیان دەبرد و خۆشیان وەک رزگارکەر لە قەڵەم دەدا. ئێستا زووە بزانین بە کڕینی تویتەر لە لایەن ئێلۆن مەسکەوە لەمە زیاتر چی بەسەر دونیادا دێت، بەڵام بە خوێندنەوەی مێژووی ئەو پیاوە هەرزەمێشکە کە ئازادی رادەبڕین وەک چەکی دیموکراسی بۆ خۆی و دەسەڵاتی خۆی بەکاردەهێنێ- لە گەرمەی هەندێ رووداوی هەستیاری وەک ناڕەزاییەکانی خۆپیشاندەرانی کەنەدا بەو دواییە لە دژی حکومەتەکەیان، بە پەیامەکانی ئاگری رق و دووبەرەکی خۆش دەکرد بە ئامانجی روخاندنی حکومەتی کەنەدا بە بێ ئەوەی لە ئاڵۆزی دۆخەکە تێبگات و ئەلتەرنەتیڤ بخاتە روو- ئەمە مایەی نیگەرانی و تێڕامانە.
سۆشیەل میدیا فولکەیەک نییە بۆ هاتوچو و سوڕی بیروڕا و زانیاری، بەڵکو وەک مەیدانی جەنگی گلادییەتەرەکانی سەردەمی رۆما وایە کە لایەنەکان تێک بەردەدات و جەماوەریی سادە و ساکاریش بە هەیها و هەڵلا سەرمەست دەکات.