ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا، دەستپێكی جەنگێكی هەرێمی

ڕاپۆرت 18/04/2022

چاودێر:

شەوی رابردوو سووپای توركیا ئۆپەراسیۆنە وشكانی و ئاسمانییە چاوەڕوانكراوەكەی دەستپێكرد بۆ سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لە سنووری بادینان لە پارێزگای دهۆك، شرۆڤەكاران ئەم هێرشە بە دەستپێكی جەنگێكی هەرێمی دەزانن كە دوورنییە درێژكراوەی جەنگەكەی ئۆكرانیا و رووسیا بێت.

وەزیری بەرگری توركیا خولوسی ئاكار لە راگەیەندراوێكدا دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەی بەبەشداری هێزی تایبەت و زەوینی و ئاسمانی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە سنووری پارێزگای دهۆك راگەیاند.

ئاكار گوتی: ئەم ئۆپەراسیۆنە نەهێشتنی مەترسی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییە و بەردەوامیش دەبێت.

لای خۆیەوە نێوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە باڵی سەربازی پەكەكە لە زنجیرە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد سووپای توركیا لە هەوڵەكانی دابەزاندنی هێز شكستی هێناوە و لێیاندراوە.

هەپەگە گوتی: لە شەوی رابردووەوە 28 سەربازی توركیا لە شەڕەكاندا كوژراون.

بەپێی زانیارییەكان لە مەتینا، زاپ، ئاڤاشین، باسیان و چەند ناوچەیەكی دیكە شەڕ بەردەوامە.

هاوكاتی هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر باشووری كوردستان، سووپای توركیا بە چڕی چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستانی لە پارێزگای حەسەكە بۆردوومانكرد.

چەند رۆژی رابردوو سولەیمان سویلۆ وەزیری نێوخۆی توركیا لە لێدوانێكدا گوتی: عێراق و سووریا لە بن دەستی ئەمریكایی ئۆروپاییەكان دەردەهێنین.

بەشێك لە شرۆڤەكاران ئاماژە بەوە دەكەن، ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئەمجارەی سووپای توركیا جگە لە بە ئامانجكردنی پەكەكە، ئامانجێكی دیكەی سەرەكیشی هەیە، ئەویش خودی هەرێمی كوردستانە بەتایبەت چڕبوونەوەی ململانێكانی ئێران و توركیا وەك دوو زلهێزی هەرێمی لەسەر غازی هەرێمی كوردستان، بۆیە توركیا خوازیار لەم قۆناغەدا ئەگەر نەشتوانێت دەست بەسەر غازو نەوتی هەرێمدا  بگرێت، ئەوا لەم ئامانجە نزیك دەبێتەوە.

بە گوتەی ئەو شرۆڤەكارانە، سووربوونی ئەنقەرە لەسەر هاوردەی غازی كوردستان و رەتكردنەوەی توندی بەغداو تاران بە پشتیوانی مۆسكۆ و ململانێكانی یەكێتی و پارتیش لەسەر ئەم پرسە، رەوشی هەرێمی كوردستانی بەرەو جەنگێكی هەرێمی پەلكێش دەكات كە درێژكراوەی جەنگی رووسیا لەگەڵ ئۆكرانیا و خۆرئاوا دەبێت، كە دورنیە بە كارەسات بۆ هەرێمەكە بشكێتەوە.