بەغدا چۆن توركیا بە لوبنان دەگۆڕێتەوە؟

ڕاپۆرت 26/07/2022


چاودێر:

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان كۆبوونەوەیەكی نائاسایی رێكدەخات بۆ گفتووگۆ لەبارەی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر ناوچەی گەشتیاری زاخۆ لەباشووری كوردستان.

رۆژی 20ی ئەم مانگە سووپای توركیا لە هێرشێكدا بۆ سەر گوندی پەرخی گەشتیاری لە زاخۆ زیاد لە 30 گەشتیاری عەرەبی كوشت و برینداركرد.

لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەم هێرشەی توركیا گفتووگۆ دەكات.

بەر لە كۆبونەوەكەدا ئەنجومەنی ئاسایش دوێنێ شەو لە راگەیەندراوێكدا گوتی: سەركۆنەی هێرشەكەی بۆ سەر پارێزگای دهۆك دەكەین و پشتیوانی سەربەخۆی و سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عیراق دەكەین.

راشیگەیاند لە لێكۆڵینەوەكانی هێرشەكەدا پشتیوانی لە دەسەڵاتدارانی عیراق دەكەن و داواش لە هەموو وڵاتانی ئەندام دەكەن هاوكاری حكومەتی عیراق بكەن بۆ پاڵپشتی لە لێكۆڵینەوەكان.

هەر ئەمڕۆ ئەحمەد سەحاف گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی هەوڵەكانی ئەنجومەنی ئاسایش گوتی: بۆ یەكەمجار ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر هێرشەكانی توركیا راگەیاندراوی بڵاوكردەوە و راگەیەندراوی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان كە تێیدا سەركۆنەی هێرشەكەی سەر دهۆك دەكات، یەكەم جارە راگەیاندراوی لەو جۆرە لە چوارچێوەی ئەو پێشێلكارییانەی لەسەر سەروەری خاكی عێراق ئەنجامی دەدرێت دەربكرێت”.

ئەحمەد سەحاف گوتی : ناوەڕۆكی راگەیاندراوەكە، پشتیوانی هەڵوێستی عێراق دەكات، لە چوارچێوەیەكی نوێدا مامەڵە لەگەڵ پێشێلكاری بۆ سەر سەروەری عێراق دەكات.

 ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی ئاسایش هەنگاوێكە توركیای ترساندووە، رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆكی توركیا گوتی هێرشەكە پەكەكە ئەنجامی داوە، دەبێت عێراقییەكان دژی توركیا نەوەستنەوە، ئەو هێرشە بۆ تێكدانی پێوەندی نێوان ئەنقەرە و بەغدایە.

هەرچەندە بەغدا بەڵگەی سەلمێنەری هەیە، ماڵپەڕی مێدڵ ئێست ئای بەریتانیش ئەمڕۆ بڵاویكردەوە كە هێرشەكەی زاخۆ بەجۆرە تۆپێك لەنێو خاكی توركیا كراوە كە تەنیا توركیا ئەو تۆپەی هەیە و خۆی دروستیكردووە.

 لای خۆیەوەی رۆژنامەی نهاری لوبنانی لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكردووە بەغدا دەتوانێت هەنگاوێكی زۆر گەورەی دژی توركیا بهاوێژێت، ئەویش گۆڕینی ئاراستەی ئەو ملیۆن گەشتیارەی وڵاتی عێراقە لە توركیاوە بۆ لوبنان، بە گورزێكی گەورە لە توركیا دەدات و لوبنانیش وەك وڵاتێكی گەشتیاری جوان و سەرنجراكێش هیچی كەمتر نییە لە توركیا.