پارتی دەیەوێت گۆڕان بخاتە بەرەی خۆیەوە دەربارەی هەڵبژاردن

ڕاپۆرت 06/04/2022

چاودێر:

كۆبونەوەی نێوان تیمی پارتی و گۆڕان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد.

سەرچاوەیەكی ئاگادار گوتی: كۆبوونەوەكەی نێوان پارتی و گۆڕان بۆ تاووتوێكردنی چارەنووسی ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووریە كە ماوەیەكە نیگەرانە و داوای جێگرەوەی كردووە.

سەرچاوەكە راشیگەیاند، هاوكات تاووتوێی پێوەندی دوو لایەنەی گۆڕان و رێككەوتنەكەی نێوانیشیان دەكرێ لەسەر پێكهێنانی حكوومەت كە گۆڕان نیگەرانی هەیە لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە بە تەواوەتی، لەگەڵ تاوتوێكردنی تووندبوونی میدیای گۆڕان بەرامبەر پارتی و حكومەت و خودی سەرۆك وەزیران كە چەند رۆژی رابردوو حكومەت  و وەزارەتی دارایی رونكردنەوەیان لە راپۆرتێكی مێدیای گۆڕان بڵاوكردەوە كە لەسەر دواكەوتنی مووچە، تێیدا دواكەوتنی مووچە خرابووەئەستۆی سەرۆك وەزیران مەسروو بارزانی، بەڵام راپۆرتەكە سڕایەوە لەژێر گوشاری پارتیدا.

بەپێی زانیارییەكان چاودێر پارتی نیگەرانە چوونكە چووەتە بەرەی یەكێتی و ئۆپۆزسیۆن بۆ داواكردنی هەمواری یاسایی  هەڵبژاردنەكان، بۆیە پارتی هەوڵ دەدات گۆڕان زیاتر نزیكبكاتەوە و لەبەرەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی دووربخاتەوە بەپێدانی هێندێك پۆستی دیكە.