گۆڤارێکی ئەمریکی بەرزبونەوەی دانیشتوانی عێراق و جیهان ئاشکرادەکات

ڕاپۆرت 04/04/2022


ئا/ رەمەزان شێخانی
گۆڤاری كیورڵدی ئەمریكی پێشبینی كردوە ژمارەی دانیشتوانی عیراق لە ساڵی 2050 بۆ سەروو 70 ملیۆن كەس زیاد بكات ودەبێتە پلەی 36هەمین لە ریزی وڵاتانی جیهان و پلەی چوارەم لە ریزی وڵاتانی عەرەبیدا لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە.
گۆڤارەكە لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردوەتەوە لە ئێستادا كۆی ژمارەی دانیشتوانی جیهان گەیشتوەتە 7ملیار و 800 ملیۆن كەس و وڵاتی چین بە پلەی یەكەم دێت لە رووی زۆری ژمارەی دانیشتوانەوە كە بریتیە لە یەك ملیار و 448 ملیۆن كەس.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد لە ئێستادا 14 وڵات ژمارەی دانیشتوانی زیاترن لە 100 ملیۆن كەس و 91 وڵاتیش ژمارەی دانیشتوانی سەرووی 10 ملیۆن كەسە و بە تەنها چین و هیند 36% ی كۆی دانیشتوانی جیهان پێكدەهێنن.
ئاشكراشی كردوە عیراق لە ساڵی 2022 ژمارەی دانیشتوانی گەیشتوەتە 42ملیۆن و 164 هەزار كەس و لە پاش وڵاتانی میسر و سودان و جەزائیر دێت و پیشبینیشی كردوە لە ساڵی 2030 كۆی ژمارەی دانیشتوانی عیراق بگاتە 50 ملیۆن و 193 هەزار كەس وتێكڕای گەشەی ساڵانەی عیراق دەگاتە 1ملیۆن و 23هەزار كەس.
 لە ئێستادا چین گەورەترین وڵاتە لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە كە دەگاتە 1ملیار و 448 ملیۆن كەس ، وڵاتی هیندستان بە پلەی دووەم دێت و كۆی ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە بریتیە 1ملیار و 406 ملیۆن كەس و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە پلەی سێهەم دێت و ژمارەی دانیشتوانی لەم ساڵدا گەیشتوەتە 334 ملیۆن و 805 هەزار كەس و لە پاش ئەو وڵاتانەش ئیندنویزیا دێت كە بریتیە لە 279 ملیۆن و 134 هەزار كەس
 راشیگەیاندوە وڵاتی ڤاتیكان كەمترین ژمارەی دانیشتوانی هەیە لە جیهاندا كە دەگاتە 795 كەس.لە پێش ئەوەوە وڵاتی توكیلا دێت كە ژمارەی دانیشتوانی بریتیە لە 1378كەس.