بێكاری لەتوركیا گەشتە ئاستێكی مەترسیدار

جیهان 18/01/2022

فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا راپۆرتی هەفتانەی ئابووریی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەی راستەقینەی بێکاران لە تورکیا، هەشت ملیۆن و 79 هەزار کەسە. بەڵام دەزگای ئاماری تورکیا دەڵێت 3.7 ملیۆن کەس لەو وڵاتەدا بێکارن.
 
لە راپۆرتەکەی جەهەپەدا هاتووە، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تورکیا، مانگی رابردوو 39 هەزار کەسی دیکە لە لیستی بێکاری تۆمارکراون و کۆی گشتیی ژمارەی بێکاری لە تورکیا 3.7 ملیۆن کەسە، بەڵام ژمارەی راستەقینەی بێکاری لە تورکیا هەشت ملیۆن و 79 هەزار کەسی تێپەڕاندووە. 
 
هەروەها هاتووە، رێژەی بێکاری لە تورکیا 22.1٪ە، یەک ملیۆن و 153 هەزار گەنج بەدوای بچووکترین هەلیکاردا دەگەڕێن. هەروەها رێژەی راستەقینەی بێکاری لەنێو گەنجاندا 32٪ە. 
 
هەر بەپێی راپۆرتەکە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2021دا 148 هەزار و 642 کەس ناویان تۆمارکردووە بۆ وەرگرتنی دەرماڵەی بێکاری، بەڵام تەنیا 69 هەزار و 854 کەس لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە دەرماڵەی بێکارییان پێدراوە. کۆی گشتیی ئەو کەسانەی دەرماڵەی بێکاری وەردەگرن، گەیشتووەتە 439 هەزار و 239 کەس. 
 
لەبارەی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دراوی بیانی، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە ماوەی تەنیا سێ مانگدا 2.7 ملیار دۆلار کورتهێنان لە بودجەی گشتییدا روویداوە. لە 10 مانگی ساڵی رابردوودا بڕی کورتهێنان گەیشتە 10.8 ملیار دۆلار. ئەمە جگە لەوەی ئاستی هەڵاوسان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە 20 ساڵی رابردوودا. 
 
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، لەماوەی تەنیا سێ هەفتەدا، بڕی 15.8 ملیار دۆلار یەدەگی دراوی بیانی بانکی ناوەندیی تورکیا کەمیکردووە.