ململانێی سێ باڵەكەی یەكگرتووی ئیسلامی قوڵ دەبێتەوە

ڕاپۆرت 17/01/2022

چاودێر:

 ململانێی بادینی، سلێمانی و هەڵەبجەیی، هەولێرییەكانی نێو یەكگرتووی ئیسلامی زیاتر دەبێت، لەو چوارچێوەیەدا ململانێیەكان لەسەر پۆستی سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق گەیشتنە لوتكە.

بەپێی زانیارییەكانی چاودێر، دوای چەند رۆژ مشتومڕ و گفتووگۆ لەسەر دانانی سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، دواجار بە بڕیاری سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پۆستەكە بۆ جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری یەكگرتوو لە سنووری پارێزگای دهۆك لە دەڤەری بادینان یەكلابووەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانە، جەمال كۆچەر پەرلەمانتار و نوێنەر لە پارێزگای دهۆك و مووسەننا ئەمین پەرلەمانتار و نوێنەر لە پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە كێبڕكێیان بوو بۆ بردنەوەی كوورسی سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتوو.

هەریەكە لە كۆچەر و ئەمین خۆیان بە شایستە دەزانی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بە لەبەرچاوگرتنی رابردوویان لە بەغدا و رۆڵ و پێگەی تایبەتی خۆیان لەنێو حیزب و جەماوەری یەكگرتوودا، بەڵام دواجار جەمال كۆچەر كێبڕكێكەی لە مووسەننا ئەمین بردەوە.

  سەرچاوەیەكی ئاگادار لەبارەی ململانێكانی نێو یەكگرتوو بۆ چاودێر گوتی: ململانێكان لەنێو یەكگرتوودا لەسەر چەند ئاستێكن، پێشتر لەنێوان بادینی و سۆرانییەكان بوو، ئێستا باڵی هەولێرییەكانیش پەیدابوون، بەتایبەت دوای رێوشوێنەكانی سەركردایەتی لە دژیان. 

سەرچاوەكە، گوتی: باڵی هەولێرییەكان بەهۆی ئەوەی نەیانتوانی هیچ كاندیدێك سەربخەن بۆ پەرلەمان لە هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەردا و دواتر لەلایەن سەركردایەتییەوە رێوشوێنیان لەدژ گیرایە بەر و بەشێكیان سزا دران، بۆیە لاواز بوون و پەراوێز خراون، ئەوانیش نیگەرانن لە هەردوو باڵی بادینانییەكان و سلێمانی و هەڵەبجەییەكان.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ساڵی 1994 دا دامەزراوە و هەرچەند لە زۆرینەی ماوەكاندا خۆی بە ئۆپۆزسیۆن دەزانێت، بەڵام لە چەند كابینەیەكی حكوومەتی هەرێمدا بەشداریكردووە و بەردەوامیش لە پارتی دیموكراتی كوردستان نزیكبووە.

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە سنووری بادینان و هەڵەبجە جەماوەری تایبەتی خۆی هەیە بە پلەی یەكەم و دواتریش لە سلێمانی و هەولێر.