بەموشەكی گراد هێرش كرایە سەر بنكەیەكی سەربازی توركیا

جیهان 15/01/2022

شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق رایگەیاند، بە سێ موشەکی جۆری گراد ١٢٢ هێرشکراوەتە سەر بنکەی سەربازی زێلکانی تورکیا لە قەزای بەعشیقەی پارێزگای نەینەوا.
هاوکات، باس لەوەکراوە کە هێرشەکەی سەر بنکەی زێلکانی هیچ قوربانییەکی لێ نەکەوتووەتەوە.
بنکەی سەربازی زێلکانی سوپای تورکیا لەماوەی رابردوودا چەندین جار هێرشی کراوەتە سەر و کۆتا جار لە رۆژی دووی ئەم مانگە بووە کە بەسێ موشەک هێرشکرایە سەری.
تورکیا نزیکەی ٤٠ بنکەی سەربازی لە سنوری پارێزگای دهۆکدا هەیە و لە دوای ساڵی ٢٠١٥ـەوە؛ بە بیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەکە بنکەی سەربازی خۆی لە ناحیەی باشیک دانا.
لە ئێستادا تورکیا چەند بنکەیەکی سەربازییان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و لە ماوەی رابردووشدا چەند جارێک بە موشەک هێرشکراوەتەوە سەر بنکە سەربازییەکانیان.