لە هەرێمی كوردستاندا 10 ملیاردێر و 800 ملیۆنێر هەن

ڕاپۆرت 05/01/2022


چاودێر:

مەلا یاسین مەحموود گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: لە هەرێمی كوردستاندا 10 ملیاردێر و 800 ملیۆنێر هەن.

ئەم لێدوانە لە حاڵێكدایە لە هەرێمی كوردستاندا كە دانیشتووانەكەی دەوروبەری پێنج ملیۆن كەسە، تا دێت رێژەی هەژاری و بێكاری لەنێو هاووڵاتیاندا زیاد دەكات، بەهۆیەوە شەپۆلی كۆچ بۆ دەرەوەی وڵات دەستیپێكردووە و تادێت ناڕەزایەتی هاووڵاتیانیش روو لە زیادبوون دەكات.

لە هەرێمی كوردستاندا لە ماوەی 31 ساڵی رابردوودا تا دێت ژیانی هاووڵاتیان بەرەو دواوە پاشەكشە دەكات، ئاستی خزمەتگوزارییەكان بەرەو دواوە دەڕۆن، لەگەڵ ئەوانەشدا تا دێت ژمارەی زۆرتری ملیاردێر و ملیۆنێر زیادتر دەبن.

ئەم ملیاردێر و ملیۆنێرانە لە رێگای حیزب و حكوومەتەوە دەستیان بەسەر تەواوی كایەكانی ئابووری و بازرگانیی و بازاڕدا گرتووە، بەوەش نەوەستان ئێستا تەواوی جومگەكانی حكوومڕانیش دەست بەسەردا دەگرن، هەر رۆژە و كاروباری فەرمانگە و شوێنێك دەگرنەئەستۆ، نزیكە لەم ماوەی داهاتووەدا تەواوی وەزارەتی كارەباش بدرێتە كۆمپانیاكان بە ناوی كەرتی تایبەت.

كاروباری دیكەی ئاو و كارەبا و هاتووچۆ و شارەوانی‌و زۆر بواری دیكە دراونە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت. 

كۆمپانیاكان كە ملیاردێر و ملیۆنێرەكان خاوەنیان ئێستا لە حیزب و حكوومەت دەستڕۆیشتووترن و كاریگەرییان بە كۆی كایەی ئابووری و سیاسی هەرێمی كوردستاندا كردووە.

بۆیە شارەزایانی ئابووری و سیاسی هۆشداری دەدەن بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان چی دیكە گۆڕەپان بۆ كۆمپانیا و ملیاردێر و ملیۆنێرەكان چۆڵنەكات، چونكە كاریگەری خراپی بە دواوە دەبێت.

بەپێی ئامارەكان ژمارەی ملیاردێر و ملیۆنێرەكانی هەرێمی كوردستان زۆرترە لە زۆر وڵات كە هاووڵاتییەكانیان ژیانیان زۆر لە سەرووی هەرێمی كوردستانەوەیە.