توركیا لە كوشتنی سەركردەیەكی پەكەكە لە شارباژێڕ شكستی هێنا

ڕاپۆرت 29/12/2021

 

یەرەكە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە
چاودێر:
 
 ناوەندی ڕاگەیاندنی یەرەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە شاخی  ئاسۆس لە شارباژێڕ لە باشووری كوردستان و دەوروبەری بۆمب باران كراوە.

یەرەكە باڵی سەربازی پژاك لەبارەی بۆردوومانەكەی شەوی رابردووی شاخی ئاسۆس لە گوندی گەڵاڵێی شارباژێڕ گوتی: فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا لە كاتژمێر ١٦:٢٠ بۆ ١٧:٢٠ لە رۆژی ٢٨ی كانوونی یەكەمدا ٤ جار ناوچەكەیان بۆردومان كردووە.

یەرەكە راشیگەیاندووە، بەهۆی بۆردوومانەكەوە هیچ زیانێك بە هێزەكانیان نەكەیشتووە.

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیێك لە نێو گوندی گەڵاڵەوە بۆ چاودێر گوتی: بۆردوومانەكە سەر لەئێوارە بووە لە كوێستەكانی كوێرەكانی لە پشتی گوندی گەڵاڵە لە بناری شاخی ئاسۆس و هیچ زیانێك بە گوندنشینان نەگەیشتووە، كەمێك لە گوندەكەوە دووربووە.

ئەو سەرچاوەیە، گوتیشی: بۆردوومانەكە وەك جارەكانی دیكە ترس و دڵەڕاوكێی لەنێو گوندنشیناندا درووستكردووە.

 بەپێی هێندێك سەرچاوەی تایبەت ئامانجی فڕۆكە شەڕكەرەكانی توركیا كوشتنی سەركردەیەكی پەكەكە لە سنووری ناوچەی شینكایەتی لە شارباژێڕ، بەڵام ئامانجەكەیان نەپێكاوە و سەركردەكەی پەكەكە رزگاری بووە.

سووپای توركیا لە ساڵی 2017وە دەستی بە بۆردوومانكردنی چەند ناوچەیەكی شارباژێڕ كردووە، بەتایبەت ناوچەی شینكایەتی و لەو ماوەیەدا گوندەكانی گەڵاڵە، سەفرە، قامیش و كونەماسی بۆردوومانكراون.

لەئەو بۆردوومانانەدا ژمارەیەك بەرپرس و شەڕڤانی یەرەكە و پەكەكە كوژراون و ژمارەیەك هاووڵاتیش بریندار بوون و زیانی ماڵی زۆریان پێگەیشتووە، زیانی زۆریش بەر رەز و باخ و ژینگەی سنوورەكە كەوتووە.

یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵاتی كوردستان یەرەكە باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پژاك لە ناوچەی شارباژێڕ نیشتەجێن و بنكە و بارەگایان هەیە، بۆیە زوو زوو ناوچەكە دەكەوێتە بەرهێرشی فڕۆكە شەڕكەرەكان.

تا ئێستا لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی نە لایەنی حكومی نە لایەنی حیزبی لەسەر ئەم هێرش و بۆردوومانانە هەڵوێستیان رانەگەیاندووە روونكردنەوەشیان لەسەر  بوونی بنكەی شەڕڤانان لەو ناوچەیە نەداوە كە نزیكە لەنێوەندی شاری سلێمانییەوە.