زانیاری نوێ لەبارەی مووچەی مانگی 12. پاشەكەوت دەكرێت؟

ئابوری 16/12/2021

چاودێر : تایبەت
هێشتا دابەش كردنی مووچەی مانگی 11ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كۆتایی نەهاتووە، لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی پاشەكەوت كردنی مووچەی مانگی 12 بڵاوبۆتەوە.
بەپێی بەدواداچوونێكی تایبەتی (چاودێر)، چەند رۆژێكە دەنگۆی پاشەكەوت كردنی مووچەی مانگی 12 لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆتەوە و مووچەخۆرانی نیگەران كردووە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە25ی مانگی رابردوەوە، تاوەكو ئەمڕۆ 16ی كانوونی یەكەمی 2021، دەستی بەدابەش كردنی مووچەی مانگی 11 كردووە، هێشتا وەزارەتەكانی (كارەبا و خوێندنی باڵا و شارەوانی) و ژمارەیەك دەستە و سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم و خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، مووچەیان وەرنەگرتووە.

بەئەگەرێكی زۆرەوە 23ی ئەم مانگە، كە دەكاتە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو دابەش كردنی مووچە كۆتایی پێدێت.
لەبەدواداچوونەكەی (چاودێر) دەركەوتووە، بەشێك لەپەیجە سێبەر و تۆڕە كۆمەڵایەتیيەكان بەمەبەست بابەتی پاشەكەوت كردنی مووچەیان وروژاندۆتەوە و حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی، هێشتا بەرەسمی هیچ زانیاريی و راگەیاندراوێكیان لەوبارەیەوە بڵاو نەكردۆتەوە و بێدەنگیان هەڵبژاردووە.
مووچەخۆرانی هەرێم پێیانوایە، "سستی لەدابەش كردنی مووچەی مانگی 11 رەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت، كە حكومەتی هەرێم بیەوێت بەوان بڵێت ئەگەر 200 ملیار دینارەكەی بەغداد نەبێت، خۆتان بۆ ئەگەری دووبارە پاشەكەوت كردن ئامادە بكەنەوە، لەكاتێكدا مووچەی تەواو لەمانگی 7ی ئەمساڵەوە دراوەتە مووچەخۆران و فەرمانبەران".
بەپێی بەدواداچوونەكە، بەشێك لەپەیجە سێبەرەكانی نزیك لەحزبێكی دیاریكراوی هەرێمی كوردستان، دوو شەو لەمەوپێش بابەتی پشووی یەك هەفتەیان لەهەرێم بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینی 2022 بڵاوكردەوە، ئەمەش هێندەی تر ئەگەر پاشەكەوت كردنی مووچەی خستە ئاستێكی ترەوە، چونكە 25ی مانگ دەبێت مووچەی مانگی 12ی 2021 دابەش بكرێت و ئەگەر 2ی مانگی 1ی 2022 دەوامی فەرمانگەكان لەهەرێم دەستپێبكاتەوە، ئەوا مووچەی مانگی 12 ئەگەر پاشەكەوت نەكرێت، لە25ی ئەو مانگەدا دەدرێت و ئەگەریش پاشەكەوت بكرێت، مووچەی مانگی 1 دەستپێدەكات.
بەپێی بەدواداچوونەكە، یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی پشت راگرتنی 200 ملیار دینارەكە، كە مووچەی تەواوی لەهەرێم پێدابینكراوە، پێكنەهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراقە و مەترسی ئەوەش هەیە، دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت، كاریگەری لەسەر نەناردنی پارەكە هەبێت، هەرچەندە بەرپرسانی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی حزب و حكومەت بەردەوام جەخت لەوەدەكەنەوە كە ئەو پارەیە تا پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و پەسەند كردنی بودجەی 2022 بەردوامی دەبێت، بەڵام هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێم بۆچوون و لێكدانەوەی پێچەوانەی ئەو لێدوانانەیان هەیە.