كەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەكاتەوە؟

ئابوری 09/12/2021

چاودێر 
ماوەی زیاتر لەپێنج ساڵە بەهۆی قەیرانی داراییەوە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان راگیراوە و هەوڵەكانیش بۆ دەستپێكردنەوە و تەرخانكردنی پارە لەپڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٢ هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە.
سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، رایگەیاند، هێشتا بەشێوەیەكی رەسمی هیچ بڕیارێك نییە بۆ دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و ئەو پرسەش پەیوەندی بە داهاتەوە هەیە.
سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد: دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و پێدانی بەرزە مووچە لەپڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ ئاماژەی پێكرا بوو، چارەسەری بۆ دیاریكرا بوو، بەڵام بەهۆی پەسەند نەكردنی بودجە و نەگەڕانەوە نەتوانرا كاری جدی بكرێت بۆ دەستپێكردنی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران.
هاوكات بەپێی زانیارییەكان، هەوڵەكان بەئاڕاستەی تەرخانكردنی پارە لەپڕۆژە یاسای بودجەی 2022ی حكومەتی هەرێم دەستیپێكردووە و تاوەكو بتوانرێت ئەو پرسە چارەسەری یاسایی بۆ بدۆزرێتەوە.
لەساڵی 2016وە بەهۆی قەیرانی دارایی حكومەتی هەرێم لەو كاتەدا پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی راگرتووە و فەرمانبەران دوو پلە بەرزكردنەوەیان راگیراوە و ئەوەش لەدواڕۆژدا و لەكاتی خانەنشین بوونیاندا، كێشەیان بۆ دروستدەكات.