ئەگەر ئەم نیشانانەت هەیە سەردانی پزیشکی پسۆڕ بکە و چاودێری شەکرەکەت بکە ...

تەندروستی 09/12/2021



شەکرە یەکێکە لە نەخۆشیە درێژخایەنەکان کە لە جیهاندا بەشێوەیەکی گشتی نەخۆشیەکی باوە ، لە باری ئاساییدا جەستە لە خۆراکەوە گلوکۆز وەردەگرێت و لە زیندەچالاکیەکانی ڕۆژانەدا بەکاری دەهێنێتەوە بەڵام کاتێک کەسێک تووشی نەخۆشی شەکرە دەبێت ئەوا جەستە توانای بەکارهێنانی گلوکۆزی کەم دەبێتەوە ئەویش بەهۆی باش کارنەکردنی هۆڕمۆنی ( ئینسۆلین ) کە لە خانەکانی بێتا دروست دەکرێت لە پەنکریاس ، بەشێوەیەکی گشتی نەخۆشی شەکرە چەند جۆرێکی هەیە کە ئەمانەن :
1. جۆری یەکەمی شەکرە : ئەم جۆرەی شەکرە پێی دەوترێت ( Insulin Dependent Diabetes Mellitus ) واتە لەم جۆرەدا پێویستە کەسەکە ئینسۆلین وەربگرێت چونکە خانەکانی بێتا لە پەنکریاس یان بڕێکی زۆر کەم لە ئینسۆلین دروست دەکەن یان هەر دروستی ناکەن ئەم جۆرە بەزۆری لە کەسانی گەنجدا ڕوودەدات کە لەخوار تەمەنی سی ساڵەوەن. 
2. جۆری دووەمی شەکرە : ئەم جۆرەی شەکرە پێی دەوترێت ( Non-Insulin Dependent Diabetes Mellitus ) واتە لەم جۆرەدا کەسەکە پێویست ناکات ئینسۆلین وەربگرێت چونکە خانەکانی بێتا لە پەنکریاس ئینسۆلینی پێوسیت دروست دەکەن بەڵام لەش بەرهەڵستی دەکات لە بەکارهێنانی ئینسۆلینی دروستبوو. 
3. شەکرەی کاتی سکپڕی : ئەم جۆرەی شەکرە پێشی دەوترێت ( Gestational Diabetes ) کە ئەم ئافرەتانە دەگرێتەوە کە لەدوای هەفتەی بیست و پێنجی سکپڕیەکەیان ڕێژەی گلوکۆزیان بەرزدەبێتەوە لە خوێندا ئەم جۆرەی شەکرە کاتیە واتە دوای تەواوبوونی دووگیانی ڕێژەی گلوکۆز ئاسایی دەبێتەوە بەڵام هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو ئافرەتانەی لەماوەی سکپڕی تووشی ئەم جۆرەی شەکرە دەبن ئەوا خۆیان و منداڵەکانیان دواتر ئەگەری تووشبوونیان بە شەکرەی جۆری دوو زیاترە بۆیە بۆ دڵنیای باشترە دوای دوو مانگ لە منداڵبوون شیکاری بۆ دایکەکە ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیابوونەوە. ئەم سێ جۆرەی سەرەوەی شەکرە سێ جۆری سەرەکین بەڵام لە هەندێک سەرچاوە ئاماژە بە جۆری چوارەمیش دراوە کە پێی دەوترێت ( Prediabetes ) واتە ئەو کەسانەی کە ڕێژەی شەکریان کەمێک لە ڕێژەی ئاسایی خۆی زیاترە بەڵام ناگاتە ڕێژەی تووشبوون بە شەکرە بەڵام مەترسی تووشبوونیشی لێ دەکرێت و دەبێت هۆشداری بدەینە کەسەکە کە وریای شێوازی ژیانی بێت و وەرزش بکات . ئەگەر وترا کەسێک نەخۆشی شەکرەی هەیە مەرج نیە تەنها ڕێژەی گلوکۆز زۆر بێت لە خوێندا بەڵکو هەندێک کات ڕێژەی گلوکۆز لە خوێندا کەمە بۆیە پێویستە لە هەردوو باردا نیشانەکان بزانین :
- نیشانەکانی زۆری گلوکۆز لە خوێندا ( Hyperglycaemia ) :+ تینوێتی بەردەوام. + زۆر میزکردن. + خواردنی خۆراکی زۆر لە هەمان کاتدا دابەزینی کێش ( لە جۆری یەکەمی شەکرە ). + زوو ماندووبوون. + لێڵ بوونی بینین. + درەنگ چاک بوونەوەی برین و هەوکردنی برین. + لاوازبوونی هەست. 
- نیشانەکانی کەمی گلوکۆز لە خوێندا ( Hypoglycaemia ) :+ برسێتی زۆر.+ ئارەق کردنەوە. + ئازاری سەر. + لەدەستدانی تەرکیز. + لەرزین. + بێتاقەتی. + تێکچوونی بینین. + بوورانەوە. ڕێژەی ئاسایی شەکر لە خوێندا :- پێش نان خواردن : لە ( 100mg/dl ) کەمتر.  - دوای نان خواردن : لە ( 200mg/dl ) کەمتر. ئەگەر نیشانەکانی سەرەوەت تێدا دەرکەوت و فەحسی شەکرت کرد لە خوێندا لە ڕێژەی ئاسایی بەرزتر بوون پێویستە بچیتە لای دکتۆر و دەرمانی پێویستت بۆ بنووسێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەکرەکەت. باوترین هۆکارەکان کە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە زیاتر دەکات ئەمانەن :> قەڵەوی. > هۆکاری بۆ ماوەیی واتە کەسێک لە خێزانێکیدا نەخۆشی شەکرەی هەبووبێت. > بەرزە فشاری خوێن ( Hypertension ). > کەمی بڕی کۆلستڕۆڵی سوودبەخش ( HDL ). > سکپڕی. > وەرزش نەکردن و جووڵەی کەم. 

وەرگێڕان : ژیار حسێن / پەرستاری زانکۆ