چی لەبارەی ئازاری سایەتیك (sciatica ) دەزانیت ؟

تەندروستی 09/11/2021


 چاودێر:
 سایەتیك  شا دەمارێكە  لەبەشی خوارەوەی پشتەوە دێت و بەرەو دەمارەكانی قاچ دەڕوات، هەر زیانێك بەر ئەم دەمارە بكەوێـت  توشی ئازاری  سایەتیك دەبێـت، یەكێك لەنیشانەكانی ئەم نەخۆشییە هەست كردن بە سوتانەوە و سربوون لە قاچەكاندا  یان بێهێزی و ئازار لەسمت و قاچەكاند، پزیشكێكی  پسپۆڕیش دەڵێت" باشترین چارەسەر   بۆ ئازاری سایەتیك بەرێگادا ڕۆشتنە بۆماوەی نیو كاتژمێر.

د. هەڤین كمال شاە محمد ، ئەندامی پرۆفیشناڵی ئەكادیمیایی ئەمریكی بۆ ئازار شكاندن، لەبارەی نەخۆشی سایەتیك، دەڵێت" دەماری سایەتیك (sciatic nerve) شا دەمارێكە كە لە بەشی خوارەوەی پشتەوە دێت و بەرەو قاچەكان دەڕوات ،هەر كاتێك فشارێك لەسەر ئەم دەمارە دروست دەبێت بەهۆی ئینزلاقی دیسكی نێوان بڕبڕەكانی پشتەوە یاخود ئێسكی زیادە یاخود كرژبوونی ماسولكەی پایریفۆرم یان پسۆس( psoas..) توشی ئازارەكانی سایەتیكا دەبیت "
 نیشانەكانی : 
١- هەست كردن بە سوتانەوە و سربوون لە قاچەكاندا .
٢- بێهێزی و ئازار لەسمت و قاچەكاندا .
٣- هەندێك جار هەستێكی وەكو دەرزی ئاژەنین دروست دەبێت لە پێ كاندا.
٤- هەندێك جار وەكو تەزوویەكی كارەبا یاخود ئازارێكی وەك چەقۆ بە قاچ دا دەڕوات .
ئەو پزیشكە لەبارەی دەستنیشانكردنی ئەم نەخۆشیەوە، ئاماژەبەوەدەكات،دەبێت چەند پشكنینێكی بۆ بكرێت لەوانەش:
١- پشكنینی سەریری بۆ نەخۆشەكەو پرسینی نیشانەكانی نەخۆشیەكە ..
٢- ئێكس رەی (x ray) یاخود ئەشیعەی ڕەش و سپی ..
٣- ستی سكان (CT) ..
٤- ئەشیعەی تەنووری (MRI).
چارەسەركردن 
١- هەندێ جار بەهۆی گرژی ماسولكەكانەوە ئەم ئازارە دروست دەبێت و دوای ماوەیەك نامێنێت ..بینراوە ٨٠٪ ئەوانەی ئازاری ئەم دەمارەیان هەیە دوای دوو سێ هەفتە بەرەو چاك بوون دەچن .
٢- مانەوە لە جێگادا بۆ ئەم ئازارە ئەگەری لاوازكردنی ماسولكەكان زیاد ئەكات، بەڵام وەستان بە پێوەش یان دانیشتنی زۆر ئازارەكە زیاد دەكات ،لەبەرئەوە باشترە لەجوڵەدا بیت وەكو نیو سەعات بە پێ ڕێكردن .
٣- وەرزش : ئەگەر ئازارەكە زۆر نەبوو شتێكی باشە ئەو وەرزشانە بكەیت كە دەمارەكە ڕائەكێشێت یاخود ماسولكەكانی بەشی خوارەوەی پشت ڕائەكێشێت و گرژبوونی ماسولكەكان كەم ئەكاتەوە .
٤- پاكی گەرم یان سارد یاخود جەوەنە : هەمیشە بەسودە بۆ كەم كردنەوەی ئازار،ساردی تەنیا لە كاتی پێكانێكی كتوپڕ لەماوەی ٧٢ سەعات دا، دوای ئەم ماوەیە گەرمی بەكار دەهێنرێت بۆ ماوەی ١٥-٢٠ دەقیقە هەموو جارێك، بەڵام ئاگادار بیت كە پێستت نەسوتێنیت باشترە جەوەنەكە گە خاولیەكەوە بپێچیت ..
٥- بەكارهێنانی ئازار شكێنەكان وەكو (NSAI) یاخود ماسولكە خاوكەرەوەكان, ئەو دەرمانانەی بۆ گەشكە بەكاردەهێنرێن وەكو ( گاباپێنتین -- پریگابالین )،هەندێك لە دەرمانە هێوركەرەوەكان ..
٥- چارەسەری سروشتی یاخود چارەسەری فیزیایی ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە كەم كردنەوەی ئازاری سایەتیكا .
٦- دەرزی ئاژەنین و یۆگاو میدیتەیشن لەوانەیە ڕێگە چارەیەكی باش بن بۆ كەم كردنەوەی ئازارەكە .
٧- شێلان و مەساج كردن بە ڕێگەیەكی زانستی پرۆفیشناڵ سوودی زۆرە .
٨- كۆنترۆڵكردنی ستریس : لەبەرئەوەی ئازار دوو لایەنی هەیە لایەنێك جەستەیی و لایەنێك دەروونی ، لەبەرئەوە كەم كردنەوەی ستریس و بیركردنەوەی نەگەتیڤانە كاریگەرییەكی زۆری هەیە لەسەر كەم كردنەوەی ئازار.
٩- بەكار هێنانی( دەرزی ئیپیدوراڵ ) بۆ كۆنترۆڵ كردنی ئازار كە ئەمیش دەرزییەكە لەژێر ئامێری (C- arm)دا یاخود لەژێر ئامێری سۆنەردا بۆ ڕەگی دەمارەكان و خاڵی ئازارەكان لەپشتدا دەكرێت،هەندێ دەرمان دەكرێتە دەوری دەمارەكە بۆ كەم كردنەوەی هەوكردن و فشاری دەوری دەمارەكە .
١٠- نەشتەرگەری : لە ٩٠٪ حاڵەتی سایەتیكا پێویستی بە نەشتەرگەری نیە ، بەڵام هەندێ جار پزیشكی پسپۆر بە پێویستی دەزانێت كە نەشتەرگەری بكات لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا : 
-- لەدەست دانی كونترۆڵكردنی میزكردن و پیسایی كردن .
--كەوتنی قاچ (سقوگ قدم ) ، وپوكانەوەی ماسولكەكان .
--كاتێك ئازارەكە هێندە زۆرە بەهیچ جۆرێك كۆنترۆڵ ناكرێت .
چ كاتێك زۆر پێویستە ئاگاداری پزیشكەكەت بكەیتەوە  لەو بارەیەوە د. هەڤین كەمال   دەڵێت" سایەتیكا حاڵەتێكی بێزار كەرو ئازار بەخشە بەڵام ترسناك نیە ، بەڵام هەندێ جار هەیە پێویستە پزیشكەكەت ئاگادار كەیتەوە لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا : 
- بوونی تا ( بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ).
- بوونی خوێن لە میزدا .
- كۆنترۆڵ نەكردنی میز و پیسایی .
- ئازاری زۆر بەهێز كە لەشەودا بێدارت كات.