سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق ماڵی شیعی بە كوێ دەگەیەنێت؟

ڕاپۆرت 21/10/2021

چاودێر ــ گۆران قادر

بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هیچ لایەن و هاوپەیمانیەتیەك زۆرینەی بەدەستنەهێناوە، بەشێوەیەك بتوانێت بەتەنها حكومەت پێكبهێنێت و پێویستی بە هاوپەیمانێتی لایەنەكانی دیكە نەبێت،بۆیە زۆر پرسیار لەسەر هاوپەیمانێتیەكانی داهاتوو دەكرێت، هەروەها ناوی چەندین كەسایەتیش بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران دەهێنرێت، كە گرنگترینیان مستەفا كازمی و نوری مالیكین.

بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن، ڕەوتی سەدر 73 كورسی بەدەستهێناوە، هەروەها پارتی " پێشكەوتن" بەسەرۆكایەتی محمد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان 37 كورسی بەدەستهێناوە، هەروەها باڵی سیاسی حەشدی شەعبی كە خۆی لە هاوپەیمانێتی " فتح" دەبینێتەوە، لە 48 كورسیەوە بۆ 17 كورسی كەمی كردووە، دەوڵەتی یاساش بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی 34 كورسی بەدەستهێناوە.

لە نێوان ئەم هێزانە و پێكهێنانی هاوپەیمانێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت، وا دیارە موقتەدا سەدر هاوپەیمانیەتیەك لە نێوان هێزە شیعیەكان پێكدەهێنێت، كە لە %80ی هەموو هێزە شیعیەكان دەگرێتەوە، لەوەشە سەركەوتوو بێت لەوەی لێكتێگەیشتنێك لە نێوان خۆی و هاوپەیمانێتی" قوی الدولە" بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی بهێنێتە دی، هەروەها بۆ هادی عامریش سەرۆكی هاوپەیمانێتی فەتحیش هەمان كار بكات، هەروەها پێش هەڵبژاردنیش لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە و لێكتێگەیشتنی هەبووە، بەڵام زۆر زەحمەتە بتوانێت لەگەڵ عەسائیب و حزبوڵڵا ڕێك بكەوێت، كە هەردووكیان لە ئێران و نوری مالیكیەوە نزیكن.

سیناریۆكان چۆن دەبن؟
حارس حەسەن لە سەنتەری " كارینگی" بۆ توێژینەوە باس لە دوو سیناریۆ دەكات:

سیناریۆی یەكەم خۆی لە زیندوو كردنەوەی " هاوپەیمانێتی شیعی" دەبینێتەوە، ئەویش ئەو كات دێتە دی، كە سەدر ڕازی بكرێت بە سیغەیەكی دیكە لەسەر دابەش كردنی دەسەڵاتەكان لەگەڵ لایەنە شیعیەكانی دیكە ڕێك بكەوێت،هەروەها  لەگەڵ كیانە شیعیەكان هاوپەیمانێتیەك لە نێوان پەرلەمان بۆ پێكهێنانی حكومەت دروست بكات، لە نێو ئەو هاوپەیمانیەتیەدا فەتحیش بوونی هەبێت.

سیناریۆی دووەم بریتی دەبێت لە " هاوپەیمانێتی زۆرینە"، لە ئەگەری سەركەوتنی ئەم سیناریۆیە، ئەوە موقتەدا سەدر ناكەوێتە ژێر گوشاری هێزە شیعیەكانی دیكە، ڕاستەوخۆ لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و محمد حەلبوسی سەرۆكی پارتی پێشكەوتن و چەند پارتێكی دیكەی بچووك هاوپەیمانێتی پێكدەهێنێت ،ئەم سیناریۆیە بەهێزترینیانە و لە ئەگەری سەركەوتنیشی ئەوا حكومەت بە ئاسانی پێكدەهێنرێت.

هۆكاری بەهێزی هاتنەدی ئەم سیناریۆیە،ئەوەیە كە سەدر ئەمجارە بەهێزەوە گەڕاوەتەوە، بۆیە بەهیچ گوشارێكی ماڵی شیعی ڕازی نابێت،لەوەش زیاتر هاوپەیمانێتی لەگەڵ هێزە سونیەكان و پارتی دیموكراتی كوردستان و پەرلەمانتارە سەربەخۆكان، لەوەیە بۆ سەدر ئاسانتر بێت،ئەم لایەنانە كەمترین فشاری بخەنە سەر،هەروەها جگە لەوەرگرتنی پۆستەكانی شایستە بەخۆیان داواكارییەكی ئەوتۆیان نەبێت.

لەگەڵ ئاسانی ئەم سیناریۆیە، موقتەدا سەدر هەروا بە ئاسانی ناتوانێت دەستبەرداری هێزە شیعیەكانی دیكە ببێت و لەگەڵ كورد و سونە ڕێك بكەوێت،بۆیە بۆ ئەوەی توشی لەمپەری قورس نەبێتەوە هەم لە كاتی پێكهێنانی حكومەت و دوای حكومەتیش پێویستە بە جۆرێك لە جۆرەكان لەگەڵ  هێزە شیعیەكان ڕێك بكەوێت،هەروەها بۆ ئەوەی  شەڕی چەكداری ڕوونەدات،سەدر ناچارە گوێ لە ماڵی شیعی بگرێت.

كێ دەبێتە سەرۆك وەزیران؟
هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ئێستا، زۆرترین چانسی هەیە بۆ جاری دووەم ببێتەوە بەسەرۆك وەزیران،ئەمەش كاتێك دێتە دی كە سەدر هاوپەیمانێتی لەگەڵ كورد و سونەدا بكات.

هێزە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران، هەموو هەوڵێك دەخەنە گەڕ، كە كازمی دوور بخەنەوە، بەڵام بەهۆی دابەزینی كورسیەكانیان ئەم كارە بۆیان زەحمەت بووە، هەروەها لە ڕابردووشدا جوڵە چەكدارییەكانیان سنوردار كراوە،بۆیە هەوڵەكانیان نزیكە لەوەی شكست بهێنێت و نەتوانن كازمی دووربخەنەوە.

لەگەڵ ئەمەشدا، هێشتا بەتەواوی یەكلایی نەبۆتەوە كە كازمی دەبێتەوە بە سەرۆك وەزیران، چونكە هێشتا ئەنجامی تانەكان نەگەڕاونەتەوە، هەروەها لایەنەكانیش لەسەری ڕێك نەكەوتوون.

لە بەرامبەردا، عەلی بەدیر، چاودێری سیاسی، پێی وایە كە نوری مالیكی، چانسی لە مستەفا كازمی زیاترە، چونكە خاوەنی دووەمین هێزی پەرلەمانیە، بەڵام ئەم بۆچوونە كاتێك دێتە دی، كە سەدر نەتوانێت هاوپەیمانێتیەكی زۆرینە پێكبهێنێت ،ئەو كات نوری مالیكی سەركەوتوو دەبێت.

 كێشەی سەدر ئەوەیە كە ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندی لایەنە شیعیەكان، هاوپەیمانێتی پێكبهێنێت،بەڵام بۆ نوری مالیكی دروستكردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ كورد و سونە پێویستی بەم ڕەزامەندییە نیە.

كەواتە سەركەوتنی مستەفا كازمی یان نوری مالیكی پەیوەستە بە سەركەوتنی موقتەدا سەدر، پاشان نوری مالیكی.