نەوت و بەنزین وەزیری سامانە سروشتییەكان دەباتە بەغدا

ئابوری 14/10/2021

چاودێر
وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ چارەسەركردنی كێشەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەنزین شەممەی داهاتوو دەچێتە بەغدا و  دەیانەوێت لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، پلانێكی ستراتیژی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دابنێن.
كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم، رایگەیاند: رۆژی شەممەی داهاتوو، 16ی تشرینی یەكەم، دەچمە بەغدا و لەگەڵ ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق كۆدەبمەوە و دەمانەوێت پلانێكی ستراتیژی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دابنێین.
وتیشی " بەنزینی ئێرانی، دوو گرفتی سەرەكی هەیە، یەكەمیان خراپی كوالێتییەكەی و دووەمیشیان هەركاتێك ئێران بیەوێ، ناینێرێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەی بەنزین و دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاونیشتمانیاندا ".
بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و نەوت لەكاتێكدایە پێشتر عەلی حەمە ساڵەح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان، ئاشكرایكرد، لە70%ی بەنزینی كوردستان لەئێرانەوە دێت، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تایبەتەی ئێران هەیەتی ناردنی بەنزین، نەوتی سپی و گازوایل راگرتووە.
لەئێستادا نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ، گەیشتۆتە 850 دینار و موحەسەنيش 950 دینار.