بوومەلەرزەی هەڵبژاردن، سەری گۆڕان دەخوات؟

ڕاپۆرت 12/10/2021


چاودێر
پاشئەوەی لەهەڵبژاردنی نیشتیمانیی عێراقدا بزووتنەوەی گۆڕان شکستیهێنا و هیچ کوردسییەکی نەبردەوە، ئێستا دۆخی گردەکە تێکچووە، هەریەکەو دەیەوێت بەرپرسیارێتی شکستەکە لەسەر شانی خۆی لابەرێت، بۆیە ڕایەکیش هەیە کە ئاشبەتاڵ بەبزووتنەوەکە بکەن.

لەئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی نیشتیمانیی عێراق دەرکەوت بزووتنەوەى گۆران هیچ کورسییەکی بۆخۆی نەبردووە، چونکە دەنگدەران سزای بزووتنەوەی گۆڕانیاندا، بەهۆی ئەوەی بزووتنەوەکە پێچەوانەى دروشمەکانی پێشتریەوە کاری دەکرد.

لەپاش ئەو ئەنجامە گفتوگۆیەکی توند لەگردەکە دروستبووە و هەر ئەمڕۆش لەکۆبوونەوەیەکی نائاساییدا جڤاتی گشتی کۆبووەوە، کە دواتر ڕاسپاردەی خۆیان پێشکەش بە جڤاتی نیشتیمانیی دەکەن.

لەئێستادا چەند ڕایەک لەنێو بزووتنەوەکە هەیە، کە یەکێکیان هەڵوەشانەوەی تەواوی بزووتنەوەکە و ئاشبەتاڵکردنە لەگردەکە، بەجۆرێک هەریەک لەئەندامەکانیان سەرپشک بکرێن، لەوەی بچنە نێو چ حزبێکی دیکەوە.

یەکێکی دیکە لەڕایەکان کشانەوەی بزووتنەوەى گۆڕانە لەحکومەتی هەرێم و حکومەتە خۆجێییەکان، لەوبارەیەشەوە مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم دەڵێت: هەر کاتێک بزوتنەوەى گۆڕان بڕیاربدات، ئامادەین لە حکومەت بکشێینەوە.

ڕایەکی دیکە ئەوەیە، تەواوی خانەى ڕاپەڕاندن و جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتیمانیی دەستلەکاربکێشنەوە و دەستەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێکبهێنرێت.

هەموو ئەو بۆچوونانە بوونەتە باسی گەرمی نێو گردەکە، تەنانەت بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی (چاودێر) گرژی لەنێو گردەکە دروستبووە لەسەر ئەو شکستە گەورەیەی تووشیان بووە و هەوڵەکە بۆئەوەیە دارەکە لەسەری عومەر سەید عەلی، ڕێکخەری ئێستای بزووتنەوەکە بشکێنن.

هەر بەپێی زانیارییەکان، کوڕانی نەوشیروان مستەفا نایانەوێت بەرپرسیارێتی ئەم شکستە بخەنە سەر خۆیان، بەهۆی ئەوەی هیچ پلەیەکی حزبییان نییە، بەڵام لەنێو بزووتنەوەکەدا بەهۆی ئەوەی کوڕی نەوشیروان مستەفان حسابی تەواویان بۆ دەکرێت و بەشێکی شکستەکە لەئەستۆی ئەوانە.

ئیسماعیل گەڵاڵی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان ڕای وایە: باشترین ڕێزو وەفا بۆ کاک نەوشیروان لەدوای وەفاتی، ئەبوایە  جیاکردنەوەی ئەو بوایە لەبزوتنەوەی گۆڕان، لەئێستاشدا باشترین ڕێز و حورمەت بۆ کاک نەوشیروان و بۆ هەموو ئەوانەی قوربانییان داو ماند و هیلاک بوون بۆ هەموو گۆڕانخوازان،  هەڵوەشانەوە و چارەسەرکردنی بزوتنەوەی گۆڕانە.

بزووتنەوەی گۆڕان لەساڵێ ٢٠٠٩ لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە دامەزرا، بەڵام پاش کۆچی دوایی ئەو، عومەر سەید عەلی کرا بەڕێکخەر و کوڕانی نەوشیروان مستەفاش گەڕانەوە بۆ گردەکە و تۆپخانەکەی گردەکەیان گۆڕی بەگوڵخانە و گوڵیان لەدەسەڵات دەگرت و ئومێدی چاکسازییان لەنێو هاوڵاتییاندا کوشت و پێچەوانەى هەموو بەڵێنەکانی پێشوویانەوە کاریانکرد، بەهۆی ئەمەوە لەم هەڵبژاردنە نوێیەدا تووشی شکست بوون وهیچ کورسییەکیان بۆ پەرلەمانی عێراق نەهێنا.