ئێران هەناردەكردنی بەنزین بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی رادەگرێت

ئابوری 07/10/2021

چاودێر
وەزارەتی نەوتی ئێران، داوای راگرتنی ناردنی بەنزین و گاز و بەرهەمە نەوتییەكان بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی كردووە و بەئەگەرێكی زۆرەوە، كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لەهەرێمی كوردستان هەیە.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی نەوتی كۆماری ئیسلامی ئێران، كە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمە نەوتییەكانی وڵاتەكەی كردووە، داوای لێكردووە لەماوەیەكی نزیكدا، هەناردەكردنی بەنزین و گاز و بەرهەمە نەوتیەكانی دیكە، بۆ دەرەوەی وڵات رابگیرێت.
چاوەڕێدەكرێت دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بڕیارەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و كاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە رۆژانە لەدەروازە سنوورییە نێودەوڵەتیەكانەوە، زیاتر لە85% بەنزینی بازِارەكانی هەرێم، لەئێرانەوە هاوردە دەكرێت.
راگرتنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان، ئەگەری درووستبوونی قەیرانی درێژخایەنی بەنزینی هەیە و نرخی بەنزینیش لەوەی ئێستا زیاتر بەرزدەبێتەوە كە یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ 800 دینار و موحەسەن 925 و سۆپەر 975 دینارە.