ژن ومێردێك لەسلێمانی بەنیو ملیۆن دۆلارەوە هەڵاتن

جیهان 16/09/2021

لە سلێمانی ژن و مێردێک بۆ کردنەوەی کۆمپانیایەکی ئامێرە کارەباییەکان پارە لە خەڵک وەردەگرن و دوای ماوەیەک دیارنامێنن، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: ماوەی چەند رۆژێکە ئەو ژن و مێردە شارەکەیان جێهێشتووە و هیچ سۆراخێکیان نییە. 
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی سلێمانی رای گەیاند، "ئەو ژن و مێردە دوای ئەوەی کۆمپانیایەکی کڕین و فرۆشتنی ئامێرە کارەباییەکان دادەمەزرێنن، بەمەبەستی پێدانی قازانجی باش پارە لە کۆمەڵێک خەڵک وەردەگرن و دواتر رادەکەن."
 
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات کە نازانن کۆمپانیاکە تووشی ئیفلاس بووە یاخود ئەو کارە فێڵکردن بووە لە خەڵک. دەڵێت "چەند رۆژێکە ئەو ژن و مێردە سلێمانی یان جێهێشتووە و چوونەتە دەرەوەی وڵات، بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 456 فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە."
 
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، خەڵکەکە بە رەزامەندی خۆیان پارەیان پێداون و ویستویانە قازانجێکی باش وەربگرن. دەشڵێت "بە پێی ئەو سکاڵایانەی کە تۆمارکراون زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلاریان بردووە."